دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 16/07/2024

سەرۆک و کاندیدەکانى سەرۆکایەتى ئەمریکا لەنێوان تیرۆرکردن و دەربازبونیاندا

هەرێم نیوز

پاراستنى سەرۆکەکانى ئەمریکا لەسەرەتاى دروستبونى ئەو وڵاتەوە نەبووە، وەک سەرچاوەکان باسی دەکەن دەرگاکانى کۆشکى سپی بەڕووى خەڵکداکراوە بووە، دەگوترێت تەنها پۆلیسێک و کارمەندێکى پرسگە لەنێوان سەرۆکى وڵات و شەقامەکەدا هەبووە، تا ئەو کاتەى کە مەترسى لەسەر ژیانى سەرک دروستبوو، ئیدى نەک هەر پاسەوانى بۆخۆی دانرا بەڵکو ماڵ و مناڵەکانیشیان کەوتنە ژێر چاودێرێکردنى پاسەوانە تایبەتەکان و ئازادییەکانیان کۆنترۆڵکران و بۆشایی کەوتە نێوان سەرۆک و بنەماڵەکانیان لەگەڵ خەڵکدا بەگوێرەى سەرچاوەکان دۆناڵد ترامپ کە لە چەند رۆژى رابوردوودا تەقەى لێکرا و لە هەوڵێکى کوشتن دەربازی بوو، کۆتا سەرۆک نابێت کە ژیانى کەوتبێتە مەترسییەوە ، بەگوێرەى سەرچاوەکان لە ئەمریکا چوار سەرۆک بەهۆى تیرۆرکردنەوە گیانیان لەدەستداوە..

سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، ئەبراهام لینکۆڵن و هاوسەرەکەی ماری تۆد لینکۆڵن، لە ١٤ی نیسانی ١٨٦٥دا، لە میانی بەشداریکردنیان لە نمایشێکی تایبەتی یاری کۆمیدی بەناوی "ئامۆزای ئەمریکیمان" لە واشنتۆن، ڕووبەڕووی تیرۆرکردن بوونەوە.لینکۆڵن دوای یەک ڕۆژ لە هێرشەکە گیانی لەدەستدا و، بووە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کە کوژرابێت. دووەمین سەرۆکی ئەمریکا کە بووە قوربانی تیرۆر بوویەوە لە دووی تەمووزی ساڵی ١٨٨١دا جەیمس گارفێڵد بوو.

جەیمس گارفیڵد کە ماوەی شەش مانگ بوو لە پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکادا بوو، ڕووبەڕووی هێرشی چەکداریی بووەوە. سێیەمین ڕووداوی تیرۆرکردنی سەرۆک لە ئەمریکا لە شەشی ئەیلوولی ساڵی ١٩٠١دا کرایە سەر ٢٥هەمین سەرۆکی وڵاتەکە کە ویلیام مکینلی بوو. ویلیام مکینلی دوای پێشکەشکردنی گوتارێک لە نیویۆرک، لە کاتی تەوقەکردن لەگەڵ خەڵکەکە، تەقەی لێکرا. کۆتا ڕووداوی تیرۆری سەرۆکی ئەمریکا کە کوژرانی سەرۆکەکەی لێکەوتەوە لە مانگی تشرینی دووهەمی ساڵی ١٩٦٣دا بوو کە تیایدا جۆن ئێف کەنەدی کوژرا.

جۆن ئێف کەنەدی و هاوسەرەکەی جاکلین کەنەدی بەیەکەوە لە میانی سەردانییکردنیان بۆ داڵاس ڕووبەڕووی هێرشی چەکداریی بوونەوە و کەنەدی لە دوای ماوەیەکی کەم لە گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. جگە لەو چوار سەرۆکەى کە کوژراون ژمارەیەکى دیش هێرشیانردراوەتەوە و ئەو ڕزگاریان بووە لەوانەش: تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت کە یەکێکە لە سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا، لە میانی بەڕێوەچوونی کەمپینی خولی دووەمی سەرۆکایەتییدا کرایە ئامانج.

ڕۆزڤێڵت لە میانی کەمپینی هەڵبژاردندا کە بۆ جاری دووهەم کاندید بوو، لە ١٤ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩١٢دا لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە میلواکی ڕووبەڕووی هێرش بووەوە و، گوللە بەر سنگی کەوت و بە برینداری ڕزگاری بوو. لە ڕۆژی پێنجی ئەیلوولی ١٩٧٥دا، ٣٨هەمین سەرۆکی ئەمریکا، جیراڵد فۆرد ڕووبەڕووی هەوڵی کوشتن بووەوە، لە یەکەم هەوڵی کوشتندا، بەهۆی کار نەکردنی چەکی بکوژەکە ڕزگاری بوو، لە ٢٢ی ئەیلوول هەمان ساڵیشدا لە سان فرانسیسکۆ لە هەوڵی دووهەمی کوشتن ڕزگاری بوو. لە ئاداری ساڵی ١٩٨١دا، ٤٠هەمین سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆناڵد ڕیگان دوای پێشکەشکردنی گوتارەکەی لە ڕێوڕەسمێکدا لە واشنتۆن و ڕۆیشتنی بەرەو کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارییدا بریندار بوو.

لە ساڵی ٢٠٠٥دا، ٤٣هەمین سەرۆکی ئەمریکا، جۆرج دەبلیو بۆش لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێکدا لە تبلیسی پایتەخت لەگەڵ سەرکۆماری جۆرجیا میخائیل ساکاشڤیلی، بۆمبێکی دەستکردی ئاراستە کرا، بەڵام بەهۆی نەتەقینەوەی بۆمبەکە بۆش ڕزگاری بوو. جگە لەمانەش کاندیدانی سەرۆکی ئەمریکا بوونەتە ئامانجی هێرشەکان، ناو بە ناو توندوتیژی چەکداریی ڕووبەروویان دەبێتەوە، لە پاڵ سەرۆکەکاندا کاندیدانی سەرۆکیش دەکرێنە ئامانج.

وەزیری دادی پێشووتری ئەمریکا و کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆک، ڕۆبێرت ئێف کەنەدی، بەهۆی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی کالیفۆرنیادا لە ساڵی ١٩٦٨دا، دوای چەند خولەکێک لە پێشکەشکردنی گوتاری سەرکەوتن لە لۆس ئانجلس ڕووبەڕووی هێرشی چەکداری بووەوە و کوژرا، دەبێت بگوترێت ڕۆبێرت ئێف کەنەدی، برای سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا جۆن ئێف کەنەدی بوو کە پێش پێنج ساڵ لەو ڕووداوە کوژرابوو. لە ساڵی ١٩٧٢شدا، حاکمی پێشووتری ئالاباما و کاندیدی پۆستی سەرۆکی ئەمریکا، جۆرج واڵاس، ڕووبەڕووی هێرشی چەکداریی بووەوە، واڵاس لە میانی کەمپینێکی هەڵبژاردندا لە ماریلاند، ڕووبەڕووی ئەو هێرشە چەکدارییە بووەوە کە بەهۆیەوە ئیفلیج بوو.

کۆتا هێرشیش ئەوەبوو کرایە سەر دۆناڵد ترامپ لە رۆژى 14ـى تەمووزی ئەمساڵ روبەڕووى هێرشى چەکداریی بویەوەو بەو هۆیەوە گوێچکەى راستى بریندارکرا، بەڵام هێرشبەرەکە کوژراو دوو کەسى دیکەش بریندار بوون، هەرچەندە تا ئیستاش لێکۆڵینەوەکان بەتەواوەتى کۆتایی نەهاتووە، بەڵام هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەى ئەم بابەتە مەترسییەکى لەمێژینەیەو و بەردەوامیش یەکێک بووە لەو کێشانەى روبەڕووەى سەرۆک و کاندیدەکانى سەرۆکایەتى بووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP