دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 29/06/2024

سبەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی چواردەیەمین خولی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بەڕێوەدەچێت

هەرێم نیوز

دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی تەممووزی 2024، بانگەشەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی چواردەهەمین خولی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران کۆتایی هات و ناوەندی هەڵبژاردنەکانی وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەش ڕایگەیاند، مەسعود پزیشکیان بە ژمارە 22 و سەعید جەلیلی بە ژمارە 44 سبەی کێبڕکێی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکە دەکەن.

ناوەندی هەڵبژاردنەکانی ئێران ڕایگەیاند، بەگوێرەی ماددەی 117ی دەستوور و یاسای هەڵبژاردنەکان ژمارە 2764 لە 26ی تەممووزی 1985، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار بەڕێوەدەچێت و لەم گەڕەدا تاکە پێوەری سەرکەوتن، بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگی هەڵبژاردنەکە دەبێت.

ناوەندەکە بڵاویکردووەتەوە، سبەی هەینی، لە دایکبووانی 6ی تەممووزی 2006 و هەموو ئەوانەی لە 18 ساڵەوە بەرەوژوورن دەتوانن بەشداری دەنگدان بکەن بەو مەرجەی هەڵگری ناسنامەی ئێران بن.

پرۆسەی دەنگدانی سبەی کاتژمێر هەشتی بەیانیی دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان دەکرێتەوە و تاوەکوو شەشی ئێوارە کێبڕکێ لە نێوان مەسعوود پزیشکیان کاندیدی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازەکان و سەعید جەلیلی کاندیدی بناژۆخوازەکان دەبێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، موحسین ئیسلامی، وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران رۆژی شەممە 29-6-2024 رایگەیاند، لە کۆی 24 ملیۆن و 535 هەزار و 185 دەنگی راستی جیاکراوە، مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخوازەکان 10 ملیۆن و 415 هەزار و 991 دەنگی بەدەستهێناوە؛ سەعید جەلیلی، سکرتێری پێشووتری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران 9 ملیۆن و 473 هەزار و 298 دەنگی بردووەتەوە؛ محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران 3 ملیۆن و 383 هەزار و 340 دەنگی بەدەستهێناوە و مستەفا پوورمحەممەدی، وەزیری داد و ناوخۆی پێشتری ئێرانیش 206 هەزار و 397 دەنگی بەدەستهێناوە.

بەپێی لێکدانەوەی کۆی ئەو دەنگانەی چوار بەربژێرەکان بەدەستیان هێناوە، دەردەکەوێت کە یەک ملیۆن و 56 هەزار و 159 دەنگیش پووچەڵ بوون.
بەگوێرەی مادەی 117ی دەستووری ئێران، لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا پێویستە بەربژێر (50+1%)ی دەنگەکان بەدەستبێنێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆککۆمار.

ڕێژەی بەشداری 40% کە حکومەت بانگەشەی بۆ دەکات، تەنانەت بە پشتبەستن بە ئاماری "فەرمی" کە لە ماوەی ڕابردوودا ڕاگەیەندراوە، نیشان دەدات کە ڕەوتی کەمبوونەوەی بەشداریی گشتیی ئێرانییەکان لە هەڵبژاردنە حکومییەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەردەوامە.

بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2020 کە لە سەردەمی حکومەتی حەسەن ڕۆحانیدا بەڕێوەچوو، بە ڕێژەی 42% ڕاگەیەندرا. دوای ئەوە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2021 کە هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شار و گوندەکاندا بەڕێوەچوو، بەگوێرەی بانگەشەی حکومەت، 48% بەشداری تێدا کرابوو. هەروەها ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی مانگی دووی ئەمساڵ بۆ ئەنجومەنی ئیسلامی و مەجلیسی پسپۆڕانی سەرکردایەتی بە ڕێژەی 41% ڕاگەیەندرا.

بەپێی ماددەی 12ی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران، سەرۆک بە بەدەستهێنانی زۆرینەی ڕەهای دەنگەکان هەڵدەبژێردرێت. زۆرینەی ڕەهای دەنگەکان بەو مانایەیە کە کەسی هەڵبژێردراو زیاتر لە 50%ی کۆی دەنگەکانی بەدەستهێنابێت، بەڵام ئەگەر هیچ کام لە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی زۆرینەی ڕەهای کۆی دەنگەکانی بەدەست نەهێنن، ئەوا هەڵبژاردنەکە دەگوازرێتەوە بۆ قۆناغی دووەم و ئەو دوو کاندیدە کە زۆرترین دەنگیان هەیە لە قۆناغی یەکەمدا، بەشداری هەڵبژاردنی قۆناغی دووەم دەکەن.

لە 45 ساڵەی مێژووی دروست بوونی کۆماری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمە سێیەم هەڵبژاردنی پێشوەختەیە دەکرێت، یەکەم هەڵبژاردنی پێشوەختە دوای دەرکردنی ئەبولحەسەنی بەنی سەدر بوو دوای ئەوەی لە پەرلەمانی ئێران لە 21ی حوزەیرانی 1981، بانگهێشتکراو پاش لێپرسینەوە لە سەرۆککۆماری دوورخرایەوە، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1980 بە کۆکردنەوەی 75% دەنگی خەڵکی ئێران بەیەکەم سەرۆککۆماری ئێران هەڵبژێردرابوو.

دووەم هەڵبژاردنی پێشوەختەش دوای تەقینەوەکەی نێو نووسینگەی محەممەد ڕەجایی دووەم سەرۆکی کۆماری ئێران بوو لە ئابی 1981 کە بەهۆیەوە تیرۆرکرا. ڕەجایی لە هەڵبژاردنی 21ی تەممووزی 1981، بە کۆکردنەوەی دەنگی زۆرینە %90 بە دووەم سەرۆککۆماری ئێران هەڵبژێردرا.

سێیەم هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆککۆماری ئێران بەهۆی گیان سپاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆمارە کە ڕۆژی 15ی ئایاری 2024 لە ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی لە سنووری پارێزگای تەورێز لەگەڵ هەشت لە سەرنشینانی دیکەی نێو هێلیکۆپتەرەکە گیانیان سپارد.

مەسعود پزیشکیان کێیە؟

مەسعود پزیشكیان له‌ ساڵی 1954 له‌ مهاباد له‌ دایكبوه‌ و ساڵی 2001 بۆ 2005 له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی محه‌مه‌د خاته‌می وه‌زیری ته‌ندروستی بوه‌، چوار خولیش ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شورای ئیسلامی بوه‌، له‌ هه‌ر چوار خوله‌كه‌دا نوێنه‌ری ته‌وزێز بوه‌، گه‌ڕێكیش جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران بوه‌.

هەروەها،  لە ساڵی 2013 و لە دوایین ڕۆژی تۆمارکردنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران، بە ئامادەبوون لە وەزارەتی ناوخۆ ناوی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکان تۆمار کرد، بەڵام شایستەیی ناوبراو پشتڕاست نەکرایەوە.

پێشتریش لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق (1980-1988)، پزیشکیان لە بەرەی پێشەوەی جەنگ بووە، لەوێ بەرپرسی ناردنی تیمی پزیشکی بووە و وەک شەڕکەر و پزیشک کاری کردووە.  

پزیشكیان كاندیدی ڕیفۆرمخوازه‌ و لە باوكێكی ئازەری و دایكێكی كوردی مهاباد لە دایكبوە، لە شەڕی عێراق - ئێراندا بەرپرسی كەمپی پزیشكی بوە، ساڵی 2013ش بۆ كاندیدی سەرۆك كۆمار ڕەتكراوەتەوە.

مەسعود پزیشكیان له‌ ساڵی 2019 بۆ 2022 له‌ دژی ناڕازیبونی گشتی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بو به‌تایبه‌تی گرتن و زیندانیكردنی خۆپیشانده‌ران، دژی پڕۆژه‌ی حكومه‌تی تارانه‌ بۆ زۆره‌ملێكردنی حیجاب و سانسۆكردنی ئینته‌رنێت.

بەربژێری ڕیفۆرمخوازەکان، مەسعود پزیشکیان لە دوایین دیبەیتی بانگەشەی هەڵبژاردن ڕەخنەی لە شێوازی حوکمڕانی گرت و ئاماژەی بەبێ متمانەیی لە نێوان دەسەڵات و خەڵکی ئێران کرد و گوتی" لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن سەرەڕای ئەو هەموو مشتومڕ و کێشمەکێشەی کردمان کەچی تەنیا %40ی هاووڵاتییان بەشداری دەنگدان بوون، واتە %60 هاووڵاتییان ئێمەیان ناوێت یان ئێمەیان قەبوڵ نییە و کێشەیان هەیە، ئەگەر ئەم ڕێژەیەش دابەشی دوو بکەین، ئەوا دەکرێ بڵێین تەنیا 20% دەیانەوێت وڵات بەڕێوەببەن".

پزیشکیان گوتیشی "بەڵێنی ئەوەتان پێدەدەم لە مافەکانی هەموو چین و توێژەکان، هەموو گەلان، هەموو ڕەگەزەکان و هەموو ئەو کەسانەی لەو وڵاتەکەدا دەژین بەرگری بکەم، هەربۆیە سوێندی شەرەف دەخۆم کە بە شەرەفم سوێند دەخۆم بەرگریتان لێدەکەم".

سەعید جەلیلی کێیە؟

سەعید جەلیلی لە دایکبووی شاری مەشهەد، 1965ی زایینی ، سیاسەتمەدار و دیپلۆماتکاری ئێرانی.

دەکرێ بوترێت جەلیلی لە چوونە ناو سیاسەتدا قەرزاری مەحمود ئەحمەدی نەژادە. بەوەی کە لە فەرمانبەرێکی وەزارەتی دەرەوە پلەی بەرزکرایەوە بۆ پۆستی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لە کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین پۆستی هەبووە. لە نێویاندا سەرۆکی فەرمانگەی پشکنین لە وەزارەتی دەرەوە و سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی.

جەلیلی لە 21ی تشرینی یەکەمی 2007 تا 5ی ئەیلوولی 2013 سەرکردایەتی دانوستانە ئەتۆمییەکانی کردووە و سەرکەوتنی بەدەستهێناوە کە ئێرانی پێگەیەکی بەهێزی بەدەستهێنا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆژئاوا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی. ڕۆژی ١٢ی ڕەزبەری ٢٠١٣ لە لایەن خامەنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە وەک ئەندامی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی نیزام دیاریکرا .

ناوبراو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران لە ساڵی ٢٠١٣دا خۆی کاندید کرد و بە چوار ملیۆن و ١٦٨ هەزار دەنگ لە پلەی سێهەمدا هات. هەروەها لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2021 خۆی کاندید کرد، بەڵام دوو ڕۆژ پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکان لەبەرژەوەندی ئیبراهیم ڕەئیسی دەستی لە کار کێشایەوە.

سەعید جەلیلی لە تەمەنی 59 ساڵیدا و لە ئێستادا بۆ جاری سێیەم کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێرانە.

جەلیلی لەم ساڵانەی دواییدا ڕووخساری جەماوەری "بەرەی بەردەوامیی" بووە؛ کۆمەڵێک بناژۆخواز کە بە "حزبوڵڵای توندڕەو" ناودەبرێن.

جەلیلی کە کاندیدی ڕەوتی بناژۆخوازەکان و باڵی دەسەڵاتداری ئێرانە، پێچەوانەی پزیشکیان قسە و پەیامەکانی زیاتر ئاراستەی دەرەوەی ئێران کرد و جەخت لە بەردەوامبوونی سیاسەتەکانی کابینەی ئیبراهیم ڕەئیسی و بەرەنگار بوونەوی سیاسەتی ڕۆژئاواییەکان دەکاتەوە.

لە دوا دیبەیتی بانگەشەدا وتی "بە هێزەوە بەرگری لە مافەکانی نەتەوەییەکانمان دەکەین. هەم لە بەرانبەر گەندەڵیی ناوخۆییدا ڕادەوەستین و هەم لە بەرانبەر گوشارە دەرەکییەکاندا. بوار بە کەس نادەین هێزی نەتەوەی ئێران سنووردار بکات".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP