دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 28/06/2024

حاڵەتێکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمارکرا

هەرێم نیوز

حاڵەتێکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمارکرا، وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت، تائێستا پێنج حاڵەت لە ھەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

د. سەرکار سورچی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ خەڵکی شاری رانیە، پیشەی قەسابە تووشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بووە، لە ئێستاشدا لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی خەوێندراوە و چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت و رەوشی تەندروستی جێگیرە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوە پێنجەمین حاڵەتی نەخۆشی تای خوێنبەربوونە لەمساڵدا لە ھەرێمی کوردستان تۆمارکرابێت، کە دوو حاڵەتیان لە سنوری پارێزگای دھۆک و سێ حاڵەتیش لە سنوری پاریزگای سلێمانیە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتریش سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستیى هەرێم ئاشکرای کرد، لە سەرەتاى دەستپێکردنى وەرزى گەرما، زیاتر چاودێری حاڵەتەکانی تای خوێنبەربوون دەکەن، تاوەکو ئێستاش تەنیا دوو حاڵەتى پشتڕاستکراوەیان هەبووە.

وتیشى، بەراورد بە پارێزگاکانى عێراق ژمارەی تووشبووان  لە هەرێمى کوردستان زۆر کەمە، لە عێراق ژمارەى تووشبوون و مردن یەکجار زۆرە.

تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، لەرێگای ئاژەڵەوە دەگوازێتەوە بۆ مرۆڤ و بەهۆی گەنەیەکەوە کە ڤایرۆسەکە هەڵدەگرێت، دواتر دەچێتە سەر لەشی ئاژەڵەکە و  تووشی نەخۆشیەکەی دەکات، بەڵام نیشانەکانی دیار نییە لەسەر ئاژەڵەکە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP