دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

دادگای تورکیا دەمیرتاش و ژمارەیەک سەرکردەی دەمپارتی بەتوندی سزا دا

هەرێم نیوز

دادگای سزا قورسەکانی تورکیا لەسەر دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ، بڕیاری سزای 20 ساڵ زیندانیکردنی بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش دەرکرد و بە کۆی گشتیی لەگەڵ چەند دۆسیەیەکی دیکەش، 42 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا.

رۆژی پێنجشەممە (16-05-2024) دادگای سینجان لە ئەنقەرە لەبارەی دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ دانیشت و بە گشتی 108 سیاسەتمەدار و ئەندامی هەدەپە دادگایی دەکرێن و تائێستا 18 کەسیان زیندانی کراون.

18کەس لەوانەی حوکمدراون ئازادن،  18کەسی دیکەیان دەستبەسەرن، 72 کەس لەو تۆمەتبارانە دەستبەسەر نەکراون و هەڵاتوون.

سەڵاحەدین دەمیرتاش بە بیانووی “تێکدانی یەکێتی و یەکپارچەیی دەوڵەت” ٢٠ ساڵ زیندانیی بۆ بڕایەوە، هەروەها بەبیانووی “هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوان” ٤ ساڵ و شەش مانگی تر سزا درا، بەهۆی وتارێکی لە ٢١ـی ئاداری ٢٠١٦ بۆ جەژنی نەورۆز، ٢ ساڵ و شەش مانگی تر سزا درا، هەروەها بەهۆی وتارێکییەوە لە ٢٩ـی شوباتی ٢٠١٦ لە ئامەد، بە بیانووی “هاندانی خەڵک بۆ یاسا شکێنیی” ساڵێک و شەش مانگی تر سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بەکۆی گشتیی ئەم سزایانەی لەگەڵ سزاکانی پێشووی دەکاتە ٤٢ ساڵ زیندانیی بە ٤٧ تۆمەتی جیاواز.

دادگا جگە لە ئاشکراکردنی سزاکەی سەلاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و ئەحمەد تورک؛ بێتاوانیی ئاڵتان تان، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە و ئایهان بیلگەن، سەرۆکی پێشووی شارەوانی ئاگری دەرکرد. گوڵتەن کشاناک، هاوسەرۆکی پێشووی بەدەپە و بە 12 ساڵ زیندانیکردن سزا درا، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ماوەی زیندانیکردنەکەی، بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرچوو.

رووداوەکانی کۆبانێ لە رۆژانی 6-8ـی تشرینی یەکەمی 2014 روویاندا.  کاتێک لە تشرینی یەکەمی 2014دا لە شارەکانی باکووری کوردستان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بۆ پشتیوانیی لە کۆبانێ کە ئەو کاتە کەوتبووە ژێر دەستی داعش ئەنجامدرا.

هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاریی دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە. 

لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەغەی هاتووچۆی راگەیاند.

گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 سڤیل و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپیشاندەران و پۆلیس بریندار بوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێنران. 

هەر ئەو کاتە داواکاری گشتیی دەستی بە لێکۆڵینەوە لە هەدەپە دەستپێکرد، دۆسیەی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لە دژی پەرلەمانتاران کردەوە.

حکومەتی تورکیا رۆژی 4ـی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد، هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بەبڕیاری دادگا، خرانە زیندانەوە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە 4ی تشرینی دووەمی 2016دا لە دیاربەکر بەتۆمەتی ئەندامێتی و بەڕێوەبردنی رێکخراوی تیرۆریستیی دەستگیرکرا و رەوانەی گرتووخانەی ئەدیرنە کرا. هەمان رۆژ، فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکەکەی دیکەی هەدەپە دەستگیرکرا.

ئەو بڕیارەی ئەمڕۆ دادگای  لە ئەنقەرە دەرکرا، رۆژی 16ی نیسان دەبوو دەربچێت، بەڵام بەهۆی بوونی گرفت لە سیستمی دەنگ و رەنگی گواستنەوەی گوتەی تۆمەتباراندا، بۆ ئەمڕۆ دواکەوت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP