دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

دیوی پشتەوەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر

هەرێم نیوز

ڕۆژی هەینی هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و لە ئەنجامدا چوار کارمەندی یەمەنی کێڵگە کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، ئەمەش دووەم هێرشی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بوو لەمساڵدا.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی وزە لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە هەشت جار هێرشی کراوەتەوە سەر.

بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو درۆنەی هێرشەکەی پێ کراوە لە جۆری شاهد 101 (کامیکانزی)ـە و دروستکراوی ئێرانە، یەکەمجار لە عێراق بە ناوی موراد5 لەلایەن گرووپە میلیشیاکانەوە نمایش کرا و چەندین جار لە هێرشی گرووپە میلیشیاکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا و لە هێرشەکانی سەر کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەکار هێنراوە.

لەبارەی هۆکاری هێرشەکەوە، شرۆڤەکاری سیاسی، نەوال مووسەوی پێی وایە ئێران لە پشت هێرشەکەوەیە و دەڵێت، ئێران دەیەوێت دەست بەسەر بازاڕی عێراقدا بگرێت، چونکە بەشی هەرە زۆری غازی عێراق لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت، بۆیە ئێران نایەوێت عێراق پشت بە سەرچاوەکانی خۆی ببەستێت.

ئەمە هەشتەمین جارە هێرش دەکرێتە سەر کۆرمۆر، هەروەها لێدان لە کۆرمۆر لێدانە لە شا دەماری ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها لێدانە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا کە لە سێپتەمبەری 2021 دا، 250 ملیۆن دۆلاری داوە تاوەکو ئەو کێلگەیە فراوان بکرێت.

یەکێک لە ڕێککەوتنە گرنگەکان کە لەنێوان حکومەتی عێراق و ئەمەریکا کرا، ئەوەبوو کە پشتگیریی و پاڵپشتیی لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی غاز لە عێراق بکرێت، چونکە عێراق ساڵانە بەبەهای شەش ملیار دۆلار غاز هاوردە دەکات بەمەبەستی بەرهەمهێنانی ناوخۆ.

کێڵگەکە لە ساڵی 2003ـەوە لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکات.

غازی کۆرمۆر، لەرێگەی بۆرییەوە ڕەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش رێژەی 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات، هەروەها سەرچاوەی سەرەکیشە بۆ دابینکردنی غاز بۆ کارگەکانی غازی شل، کە بوتڵی غازی ماڵان ئامادە دەکەن.

بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای دانەغاز، کێڵگەی غازی کۆرمۆر ڕووبەرەکەی دەگاتە 135 کیلۆمەتر چوارگۆشە و یەدەگی غازی سرووشتییەکەی بە نزیکەی 17 ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.

جیا لەوەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەتوندی ئیدانەی هێرشەکەیان کرد، لە ئاستی جیهانیشدا، ئیمارات بە توندی ئیدانەی کرد.

ستیفن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بە 'توندی' هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر سەرکۆنە کرد و وتی، "هێرشەکە هەوڵێکە بۆ دەستکەوتی سیاسی لە ڕێگەی توندوتیژییەوە".

نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ئیدانەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرد و ڕایگەیاند، پێشوازیی لە لێکۆڵینەوە بۆ دەستگیرکردنی بکەرانی هێرشەکە و دادگاییکردنیان دەکەین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP