دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 14/05/2024

د. سەرسام شوانی: هەرێمی کوردستان هاوشێوەی وڵاتان حیسابی بۆدەكرێت

محەمەد جەمال – هەولێر

مامۆستایەکی زانکۆ باس لە پەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات دەڵێت، گۆڕانکارییەکی زۆر بەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیدا هاتووە و هاوشێوەی وڵاتان لە پرۆتۆکۆڵ و دبلۆماسیدا حیسابی بۆ دەکرێت.

د. سەرسام شوانی، مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەرێم نیوز ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان لەڕووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە هەنگاوی زۆر پێشکەوتووی ناوە و گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتووە.

وتیشی، ئەوەی لەماوەی ڕابردوو بینرا ئەو فشارە زۆرەی کە لەسەر هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام بەهۆی حوکمی عەقڵیانەتی سیاسەتکردن لە نوخبەی دەستەبژێر لە هەرێمی کوردستان، ئەو تەمومژاوییەی بەرەو کاڵبوونەوە برد.

دەشڵێت، ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەڕوانگەی هەرێمی کوردستانەوە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەو پرسانەی کەپەیوەندارن بە بابەتی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە، لەبەرئەوە هەرێمی کوردستان توانیویەتی تاڕادەیەکی باش کاریگەریی هەبێت لەسەر بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.

د. سەرسام ئاماژە بەوەش دەکات، کە سیاسەتکردن بابەتێکی دینامیکییە و پەیوەندارە بە ڕابردوو و ئێستا و ئایندە، هەروەها دەشڵێت، باشترین سیاسەتکردن ئەوەیە کە بتوانی بەشێوەیەکی پلۆرالیستانە مامەڵە لەگەڵ دەوروبەرەکەت بکەیت.

ڕوونیيشى دەکاتەوە، کە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دیفاکتۆیە و لەچوارچێوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هاوشێوەی وڵاتان لە پرۆتۆکۆڵ و دبلۆماسیدا حیسابی بۆ دەکرێت، ئەوەش گرنگییەکی زۆری هەیە بۆئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێ زیاتر پەرە بە تواناکانی خۆی بدات، بۆیە ئەمەش دەبێتە هۆکارێک کە وڵاتان بەشێوەیەکی ئەمری واقیع مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP