هەرێم نیوز
نێچیرڤان بارزانى لە 21 ـى ئەیلوولی 1966 لە گوندی بارزان لەدایکبووە، کوڕی شەهید ئیدریس بارزانى کوڕە گەورەى مەلا مستەفایە، جێگری سەرۆکی پارتى دیموکراتى کوردستانەو لەهەمانکاتیشدا سەرۆکی هەرێمى کوردستانە و چەند جارێکیش سەرکوەزیرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بووە، لە تاران زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانى تەواوکردووە، لە زانکۆی پەنسلڤانیا بڕوانامەى دکتۆرای فەخری پێداوە و زمانەکانى عەرەبی، فارسی و ئینگلیزی بەباشی دەزانێت، خاوەنى کەسایەتییەکی نەرم و لەسەرخۆیە و باوەڕی بە بۆچوونى جیاواز هەیەو گوێ بۆ نەیارەکانیشى دەگرێت، ئەو نەک هەر لە ناوخۆی هەرێمى کوردستان و عێراق، بگرە لە ناوچەکەو جیهانیش خاوەنى کەسایەتییەکی دیاری سیاسی و دبلۆماسییەو هەمووان بە باوەڕێکى تەواوەوە مامەڵەى لەگەڵ دەکەن و لە هەنگاوەکانى دەڕوانن.
ئەو کاتەى ئەو سەرۆکوەزیران بوو مافەکانى مرۆڤ، ئۆقرەیی سیاسی، ئاسایشی هاووڵاتیان بەرقەراربووە، ئازادى رۆژنامەوانى بەرەو پێشەوە چووەو کارى زۆری کردووە بۆ کەمکردنەوەى توندو تیژیی خێزانى و پێکەوە ژیانى ئاینى، ئەو سەرەڕای ناکۆکییە ناوخۆییەکان بەڵام بەردەوام سەردانى سلێمانى کردووەو هەموو جارێکیش گوتویەتى سلێمانى شاری دایکمە، و ئێستاش لەسەر هەمان نەهجی بارزانییەکان حکومەتى هەرێمى کوردستان بەرەو پێشەوە دەچێت و تەنانەت ئەو کاتانەى کە بەغداد کێشەیەکى ناوخۆیشیان دەبێت پەنا بۆ هەولێر دەبەنەوەو دەچنەوە بەردەرگاى بارزانییەکان. لەسەردەمێکەوە کە ئەو بووەتە سەرۆکوەزیران زیاتر لە 30 وڵات نوێنەرایەتى خۆیان لە هەرێمى کوردستان کردووەتەوە، بیرۆکەى ئابورى سەربەخۆی هیناوەتە پێشەوە ئەگەر کرمی ناوخۆیی و نیەتى دەماگیریی و نەتەوە پەرستەکانى عێراق رێگر نەبوونایە ئێستا هەرێمى کوردستان لە لوتکەى پێشکەوتندا دەبوو، فڕۆکەخانەکانى سلێمانى و هەولێر، ژێرخانە شارسازییەکانى هەرێم، پێشکەوتنە لەبەرچاوەکانى بیناسازیی، هاتنە ناوەوەى زیاتر لە 20 کۆمپانیاى بوارى نەوت لە روسیاوە بیگرە تا کۆمپانیاى بەناوبانگی دانەگازی ئیماراتى، ئیکسۆن مۆبێل و تۆتاڵ و گازپرۆم و ئەوانى تریش.
لەداوى هێرشەکانى داعش بۆ سەر هەرێمى کوردستان لە 2014 و رەفتارە نادەستورییەکانى عێراق، بووە هۆی ئەوەى کە کێشەى دارایی روو لە هەرێمى کوردستان بکات و تەنانەت هەندێک پێیان وابوو کە قەوارەى هەرێمى کوردستان بکەوێتە مەترسییەوە,بەڵام ئەو توانیویەتى کەشتى هەرێمەکە بباتەوە کەناری ئارامی و ئۆقرەیی بگەڕێنێتەوە، لە ئێستاشدا هەنگاوەکانى دیارن کە چەندە لە ئێران و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بگرە جیهانیش دا چەندە حسابی بۆ دەکرێت و لە سەر چ ئاستێک پێشوازیی لێدەکریت.
لە ڕۆژى (10)ـى حوزەیرانى (2019)، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لەبەردەم پەرلەمانى کوردستان سوێندى یاسایى خوارد، لە وتارى دەستبەکاربوونى وەکو سەرۆکى هەرێمى کوردستان گوتى، "هەرێمی کوردستان موڵکی هەموو کوردستانیانە بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە، سەرۆکایەتيی هەرێمیش سەکۆی ئیرادە و خواست و مافەکانیان دەبێت بەبێ هیچ جیاکارييهك.
بۆ ههموومان دهبێت و به يهك چاو سهيرى ههمووان دهكرێت." نەهێشتنى ناکۆکى و بەستەڵەکى لایەنە سیاسییەکانى ناوخۆى کوردستان، هەمیشە یەکێک بووە لە دۆسییە لەپێش و گرنگەکانى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، بەردەوام کارى بۆ کردووە و چەندین جاریش لەسەر مێزە خڕەکەى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان هەموو لایەن و ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکانى کۆکردوەتەوە و پرۆسەى چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان لایەنەکانى خێراتر کردووە.
لەسەر ئاستى هەریمایەتیش ئەوە هەر بەرپرسەکانى بەغداد نین کە پیاهەڵدانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دەکەن، بەڵکو سەرۆکی تورکیاش بە هەمان شێوە دان بەوەدا دەنێت کەسایەتییەکى کاریزماى بەهێزە و تواناى چارەىسەری کیشەکانى زۆرە، کاتێکیش سەردانى وڵاتانى ئەوروپى و رۆژئاوایی دەکات بە هەمان شێوەی رۆژهەڵاتییەکان پێگەى تایبەتى خۆی هەیە، هەر بەهۆی ئەوانەوەیە کە سەرۆکى وڵاتان و تەنانەت پاپاى ڤاتیکانیش دێنە هەولێر و سەرێک لە ماڵە بارزان و کۆنە قەراتێ دەکەن.
هەربۆیە کاتێکیش سەردانى هەرجێگەیەک دەکات بە دەستى پڕەوە دەگەڕێتەوە، لە ئێستاشدا چاوەڕێ دەکرێت کە لەسەفەرى تاران گەڕایەوە بە پریاسکەى پڕەوە دێتەوە و مژدەى پێکەوە بڕیاردان لە پرسە چارەنوسسازەکان دەدرێت.