دواین هەواڵ

کوردستان‌

 15/05/2024

بارزانی: کورد هیچی لە نەتەوەکانی دیکە کەمتر نییە

هەرێم نیوز 

بارزانی رایگەیاند، پێویستە بایەخ بە پرۆسەی بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی دژی گەلی کورد بدرێت. دەشڵێت، ئەگەر تاکی کورد دەرفەتی پێ بدرێت دەتوانێ تواناکانی بسەلمێنێت

بارەگای بارزانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ی ئایاری 2024،  بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازیی لە سەرباز بەرزنجی، ئەندامی ئەنجوومەنی لەندەن لامبس کرد.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی گرنگیی ڕۆڵ و بەشداریی ڕەوەندی کوردی لە وڵاتانی تاراوگە ئاڵوگۆڕ کرا، بە تایبەت ڕۆلی رەوەندی کوردی لە بەریتانیا و پشتگیری و هاوکاریکردنیان بۆ گواستنەوەی ئەزموونی پێشکەوتووی ئەو وڵاتە بۆ هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا "ڕۆشنایی خرایە سەر هەماهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا لە پێناو ئاڵوگۆڕی زیاتری کولتووری، زانستی، سیاسیی، بازرگانی و تەکنەلۆجیا".

هەر لەو دیدارەدا، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرباز بەرزنجی ئەوەی بە بارزانی  ڕاگەیاند، بۆ باشترکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە هەمەچەشنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە کوردستان و تاراوگە، هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ لەو پێناوەدا.

لای خۆیەوە بارزانی سوپاسی سەرباز بەرزنجی کرد بۆ ئەو خزمەتەی بە گەلەکەی دەکات لە تاراوگە و هەوڵەکانی بۆ یادکردنەوەی فەرمی و کردنەوەی هەردوو مۆنۆمینتی هەڵەبجە و ئەنفال لە ناوەندە فەرمییەکانی وەڵاتی بەریتانیا. "هەروەها وەک نموونەیەک وەسفی کرد کە ئەگەر کورد دەرفەتی پێ بدرێت دەتوانێ تواناکانی بسەلمێنێت و هیچی لە نەتەوەکانی تر کەمتر نییە".  

 بارزانی هەروەها هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ سەرباز بەرزنجی خواست و ئاماژەی بەوە دا "پێویستە  بایەخ بە پڕۆسەی بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی دژی کوردە فەیلییەکان و بارزانیەکان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفالی گەلی کورد بدرێت".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP