دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 14/05/2024

جەمال مورتکە: بارودۆخی هەرێمی کوردستان هەستیارە و پلانگێڕییەکانیش بەردەوامن

محەمەد جەمال – هەولێر

فەرماندەیەکی سەربازی ڕایدەگەیەنێت، کە هەرێمی کوردستان لە بارودۆخێکی هەستیاردایە و پلانگێڕییەکانیش لە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.

جەمال مورتکە، فەرماندەی سەربازیی لە لێدوانێکی تایبەت بۆ هەرێم نیوز ڕایدەگەیەنێت" هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لە بارودۆخێکی هەستیاردایە و دوژمنان چاویان بڕیوەتە واقیعیەتی ئێستای هەرێمی کوردستان، بۆئەوەی ئاڵۆزی لە هەرێمی کوردستان دروست بکەن و دۆخەکە تێک بدەن.

وتیشی، دوژمنانی کورد لەڕابردوودا لەڕێگەی سەربازییەوە نەیانتووانی بە ئامانجەکانیان بگەن، بەڵام ئێستا دەیانەوێ لەڕێگەی کێشە ناوخۆییەکانەوە دەست لە کاروباری هەرێمی کوردستان وەربدەن.

دەشلێت،  پێویستە زۆر هۆشیاربین و ژیرانە و نەتەوەییانە بیر بکەینەوە، هەروەها چ دەسەڵات چ هاوڵاتی دەبێت پێداچوونەوەیەک بەخۆیدا بکات و خۆی بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بکات کە لەداهاتوو ڕوو دەدات.

باس لەوەش دەکات، کە زۆربەی وڵاتانی دەوروبەر تا ئێستاش دان بە بوونی ئێمە دا نانێن، بۆیە دەبێ بزانین کە پلانگێڕییەکان لە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP