دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 3 هەفتە

ڕۆژنامەی تایمز:لە شەش ساڵدا ئێران 222 ملیۆن دۆلاری بە حەماس داوە

هەرێم نیوز

تایمز لەندەن بڵاویکردەوە، کە بەگوێرەی نامە دزەپێکراوەکان، تاران لە ماوەی شەش ساڵدا بە بڕی 222 ملیۆن دۆلار یارمەتی حەماسی داوە.

ڕۆژنامەی تایمز، چاپی لەندەنی، لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ڕایگەیاندووە، کە نامە و بەڵگەنامەی بینیوە، دەیسەلمێنێت کۆماری ئیسلامی لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2020، واتە لە ماوەی شەش ساڵدا لانیکەم 222 ملیۆن دۆلاری بە حەماس داوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمز، سوپای ئیسرائیل کە لە کاتی شەڕی غەززەدا ئەم بەڵگەنامانەی دۆزیوەتەوە، بە تایبەتی بەم ڕۆژنامەیە پیشانی داوە.

سوپای ئیسرائیل پێی وایە ئەم نامانە بەڵگەی باوەڕپێکەرە و زنجیرەیەکی ئاڵۆزی پارەدان دەخەنە ڕوو، کە دەیسەلمێنن کۆماری ئیسلامی ئێران چۆن پارەی حەماسی دابین کردووە.

لە یەکێک لەو نامانەدا، کە مەروان عیسا، فەرماندەی لقی سەربازیی حەماس لە غەززە، بە ناوی ساختەی ئەبوئەلبارا، بۆ یەحیا سەنوەر، سەرۆکی ئەم گرووپە لە غەززە، وردەکارییەکانی وەرگرتنی لانیکەم 222 ملیۆن دۆلاری لە کۆماری ئیسلامی ئێران باس دەکرێت.

لە یەکەم نامەدا کە ساڵی 2020 نووسراوە، پارەی کۆماری ئیسلامی مانگانە تۆمار کراوە.  ئەو پارانەی لەم نامەیەدا تۆمارکراون لە مانگی تەمموزی 2014 دەستی پێکردووە؛  لەوکاتەدا حەماس سەرقاڵی شەڕی پێشووی لەگەڵ ئیسرائیل بوو.

بە پێی ئەم نامەیە، لە ماوەی ئەم شەش ساڵەدا کۆماری ئیسلامی بە گشتی 154 ملیۆن دۆلاری داوە بە حەماس.  لە ژێر ئەم نوسراوەدا شێوازی تەرخانکردنی ئەم بڕە پارەیە دیاری کراوە و، لەسەر بنەمای ئەوەش هەموو بڕە پارەکان بە کاش دراوە بە یەحیا سەنوەر، تەنها حاڵەتێک نەبێت کە ئەو بڕە پارەیەی دراوە بە کەسێک بە ناوی ئەبولعابد، کە باوەڕ وایە ئەو کەسە ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی فەرمانگەی سیاسی حەماس بێت، کە لە دۆحەی پایتەختی قەتەر نیشتەجێیە.

نامەی دووەم لە مانگی نۆڤەمبەری 2021 نووسراوە و بەم شێوەیە دەست پێدەکات: "بە ناوی خودای میهرەبان" بۆ برای ئازیزم ئەبو ئیبراهیم.  خوای گەورە بیپارێزێت..."

وا دیارە ئەبو ئیبراهیم هەمان یەحیا سەنوار بێت. لەم نامەیەدا وردەکاریی پارەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە حەماس تۆمار کراوە، ئەوەش دوای ئەو شەڕەی کە حەماس لە هەمان ساڵدا لە دژی ئیسرائیل بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی شمشێری قودس" بەڕێوەی برد.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمز لەندەن، پێدەچێت ئەم پارەیە لە ئێرانەوە ڕەوانەی بەیروت کراوە و، لەوێش لەلایەن ئەفسەرانی سوپای پاسدارانەوە دراوە بە ئەندامانی حەماس.

لەم نامەیەدا مەروان عیسا[سەرکردەیەکی حەماس] ناوی سەعید ئیزەدی بە "حاجی ڕەمەزان" هێناوە. کە فەرماندەی ڕاستەوخۆی ئەو کەسە تا هەفتەی ڕابردوو، محەمەد ڕەزا زاهیدی، فەرماندەی سوپای پاسداران بوو لە سوریا و لوبنان.

محەممەدڕەزا زاهیدی و شەش ئەفسەری پلە باڵای سوپای پاسداران هەفتەی ڕابردوو لە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیمەشق کوژران.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمز، ئامانجی ئەو هێرشە ئەوە بووە کە نیشانی تاران بدات کە چیتر ناتوانێت خۆی لە پشت هێزە میلیشیاکانی خۆی بشارێتەوە.

ئەفسەرانی هەواڵگری ئیسرائیل پێیان وایە زاهیدی ئەو پارەیەی دەدا بە ساڵح ئەلعروری، سەرکردەی سەربازی بزووتنەوەی حەماس لە بەیروت کە لە مانگی یەکدا لە هێرشێکی دیکەی ئیسرائیلدا کوژرا.  پاشان ئەم بڕە پارانە لە ڕێگەی تۆڕێکی پارەگۆڕەکانەوە بە بەکارهێنانی هەژماری دراوی دیجیتاڵی یان سیستەمی قەرزکردن بە بازرگانانی غەززە گواسترانەوە، کە دواجار پارەکەیان دەگەیاندە مەروان عیسا یان بریکارەکانی.

محەممەد سەروەر، یەکێک لە پارەگۆڕەکانی لوبنان کە دەوترێت لەم ڕووداوەدا ڕۆڵی هەبووە، لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە کە دەوترێت بەشدارییان لە دابینکردنی دارایی تیرۆردا کردووە، کوژراون.

حەماس پشتیوانی کۆماری ئیسلامی هەیە، بەڵام بە بەراورد بە حیزبوڵڵا کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دامەزرا، سەربەخۆیی زیاتری هەیە.

بەڵام بە پێی ڕاپۆرتی تایمز، "جیهادی ئیسلامیی فەلەستینی" بە تەواوی لەلایەن تارانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە.

بە پێی ئەم ڕۆژنامەیە، دەزگا زانیارییەکانی ئیسرائیل پێیان وایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگاداری هێرشی لەناکاوی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەردا نەبووە.

دامەزرێنەری بزووتنەوەی حەماس، ئەحمەد یاسین، کە شوێنکەوتووی بزووتنەوەی ئیخوان موسلیمین بوو لە میسر و پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەبوو، بەڵام تەنانەت دوای دیدار لەگەڵ ڕوحوڵڵا خومەینی لە تاران، پێی باش بوو پارە لە کۆماری ئیسلامی وەرنەگرێت، بەڵام بە پێی ڕۆژنامەی تایمز، سەرکردەکانی حەماس بە بەراورد بەو سەردەمە ڕێڕەوی خۆیان گۆڕیوە و سەدان ملیۆن دۆلاریان لە تاران وەرگرتووە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمز، ئەو گرووپە لەو ماوەیەدا هەوراز و نشێوی خۆی هەبووە.  بۆ نمونە، خالید مەشعەل، بەرپرسی پێشووی فەرمانگەی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، لە ساڵی 2012 بڕیاریدا نووسینگەی حەماس لە دیمەشق دابخات و خۆی لە کۆماری ئیسلامی ئێران دوور بخاتەوە، ئەمەش دوابەدوای سەرکوتکردنی خوێناوی ڕاپەڕینەکانی دژی ڕژێمی بەشار ئەسەد، لەو ماوەیەدا زۆرێک لە ئەندامانی ئیخوان موسلیمین لە سوریا کوژران.

بەگوێرەی ئەم ڕۆژنامەیە، ساڵانێک ناکۆکی قووڵ لە سەرکردەی حەماسدا هەبووە، سەبارەت بەوەی کە ئایا پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و سوریا دەستپێبکاتەوە یان نا.

ئێستا ئەم نامانە ئەوە دەردەخەن کە لانیکەم لە ساڵی 2014ەوە پەیوەندییەکانی حەماس لەگەڵ تاران دامەزراونەتەوە و ئەم گرووپە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هاوکاری داراییان وەرگرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل، ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، کە هۆکاری ئەو پارەدانانە شەڕی حەوت هەفتەیی حەماس بوو لە دژی ئیسرائیل لە ساڵی 2014.

وادیارە لە ساڵی 2017 و 2018دا هیچ پارەیەک نەدراوە، ئەمەش دەکرێت هۆکاری ئەوە بێت کە لەو ساڵانەدا لەبری ئەوەی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئیسرائیل ببێتەوە، حەماس سەرنجی لەسەر ئاوەدانکردنەوەی غەززە بوو، یان ناکۆکی بەردەوام لە نێوان ئەندامانی باڵای حەماسدا هەبووە، لەسەر پەیوەندییەکانی ئەم گرووپە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران سەرلەنوێ سەرهەڵدابووەوە.

بەڵام زیادبوونی یارمەتییە داراییەکان دوای شەڕی 12 ڕۆژەی حەماس لە دژی ئیسرائیل لە ساڵی 2021 دەتوانێ نیشانەی سوپاسگوزاری و هاندانی کۆماری ئیسلامی بێت.

دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل پێیان وایە هاوکارییە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ حەماس لانیکەم تا 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بەردەوام بووە و، یارمەتی حەماسیشی داوە بۆ دەوڵەمەندکردنی جبەخانەی چەکەکانی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP