دواین هەواڵ

کوردستان‌

 03/04/2024

پلاسخارت پێشنیازێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات

هەرێم نیوز 

بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ پلاسخارت رایگەیاند، دادگای فیدراڵی شوێنی دەسەڵاتی یاسادانانی گرتووەتەوە و بڕیارەكانی سیاسیین و بە شێوەیەك نین كە ڕێز لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بگیرێت.

بارەگای بارزانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ڕۆژی چوارشەممە (3ـی نیسانی 2024) لە سەڵاحەددین،  بارزانی پێشوازیی لە جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوخۆی هەرێم و هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا و جینین پلاسخارت وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی بارزانی و پارتی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان ئاماژەشی بەوە دا كە ئاگاداری ئەوەیە كە دوو ساڵە پارتی ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە كاتی خۆیدا و ئێستاش لە نیگەرانییەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێ دەگەن و جەختیشی لە پێویستیی بەشداریی پارتی لە هەڵبژاردن كردەوە و ڕاشیگەیاند كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە بێ پارتی پڕۆسەیەكی زەحمەت دەبێت.

بارەگای بارزانی بڵاوی کردووەتەوە، لە دیدارەکەدا بارزانی هۆكانی هەڵوێستی پارتی ڕوون كردەوە و ئەوەی خستەڕوو كە دادگای فیدراڵی شوێنی دەسەڵاتی یاسادانانی گرتووەتەوە و بڕیارەكانی سیاسین و بە شێوەیەك نین كە ڕێز لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بگیرێت.

هەروەها بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە بێبەشكردنی پێكهاتەكان لە نوێنەرایەتیكردنیان زیانێكی زۆر گەورە بەو پێكەوەژیانە دەگەیێنێت كە گەلی كوردستان دەیان ساڵە لەپێناویدا خەباتی كردووە. دەبێ مافی پێكهاتەكان ڕەچاو بكرێن چونكە ئەوانیش نەتەوەی جیاجیان و دەبێ لە كوردستاندا هەست بە بوونی خۆیان بكەن. پەرلەمانێك نەتەوەكانی تری تێدا نەبێت، پەرلەمانێكی لەنگ و ناكامڵ دەبێت.

هاوکات بارزانی لەدرێژەی قسەكانی جەختی لە پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كردەوە بەڵام هەڵبژاردنێك كە تەعبیر لە ئیرادەی گەلی كوردستان بكات و ئازاد و شەفاف بێت و دوور بێت لە دەستوەردانی دەرەكی و دیزاینی پێشوەختەی دەرئەنجامەكان.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، بارزانی هێمای بەوەدا كە لە هەرێمی کوردستان، پارتی دامەزرێنەری شەرعیەت و هەڵبژاردن بووە و خۆی لە 1991 لە شاری كۆیە ڕایگەیاندووە كە پێویستە لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بەرەو شەرعیەتی یاسایی بڕۆین.

بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی عێراقیش و جەختی كردەوە كە لە عێراقدا ڕێككەوتنەكان پێشێل دەكرێن، بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق ڕێككەوتنێكمان لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان لە كاتی پێكهێنانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت هەبوو و تا ئێستا هیچ یەك لە خاڵەكانی ڕێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراون. لەگەڵ ئەوەش لە بەغدا بەشێوەیەكی نادەستووری دەستیان بۆ ژیانی خەڵكی كوردستان بردووە و مووچە و قووتی خەڵكی كوردستانیان وەك چەكێك بۆ تێكدانی سەقامگیریی هەرێم و بێزاركردنی خەڵكی كوردستان بەكارهێناوە.

لەدرێژەی وتەکانیدا بارزانی بەپێویستی زانی لەپێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و شەفافدا كێشە تەكنیكییەكان چارە بكرێن و لەژێر چاودێریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بێت.

لەبەشێكی تری ئەو دانیشتنەدا نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق ئەوەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە كێشەی مووچەی لە ڕاپۆرتی خۆی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش باس كردووە و ناكرێت جیاوازیی نێوان فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و بەشەكانی تری عێراق هەبێت و لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت بابەتی مووچە و شایستەداراییەكانی خەڵكی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق باس بكات.

پلاسخارت پێشنیازیشی كرد بۆ بابەتی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، تیمێكی نەتەوەیەكگرتووەكان هاوكار بن بۆ چارەكردنی ئەو كێشە تەكنیكییانەی كە پارتی تێبینیی لەسەریان هەیە.

لەو كۆبوونەوەدا هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە بۆ پاراستنی پرۆسەی دیموكراسی و سەقامگیریی هەرێم پێویستە گرفتەكانی بەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن چارە بكرێن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP