دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11/03/2024

کۆمیسیۆن وادەی پێشکەشکردنی لیستی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرا دەکات

هەرێم نیوز

جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، لە 13ی ئەم مانگەوە وادەی پێشكەشكردنی لیستی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستپێدەكات و ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند:  کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژرادنەکان وادەی پێشکەشکردنی لیست و کاندیدەکانی هاوپەیمان و حزبەکان و کاندیدە سەربەخۆکان لە ماوەی 13ی ئادار بۆ 22ی ئاداری ئەمساڵی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دیاری کرد.

جومانە غەلای ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە دەبێت سەرۆكی حزب یاخود سەرۆكی لیست لەو كاتەی ناوەكان پێشكەش دەكەن ئامادە بن و ئیمزا لەسەر لیستەكان بكەن. هەر حزبێكیش بیەوێت جیابێتەوە لە هاوپەیمانییەك، دەبێت لەو ماوەیەدا جیابوونەوەی رابگەیەنێت. 

گوتەبێژی كۆمسیۆن، ئاماژەی بەوە كرد، ئەو كەسانەی دەیانەوێت بە شێوەی تاكەكەسی ببن بە كاندید پێویستە لەو كاتەی دانراوە خۆیان تۆمار بكەن.

وتیشی: لە ئەگەری کشانەوەی یەکێک لە لایەنە سیاسییەکان لە هاوپەیمانی سیاسی پێش تەواوبوونی ماوەی پێشکەشکردنی لیستی کاندیدەکان، دەبێت هاوپەیمانی بەشی کاروباری حزب و رێکخراوە سیاسییەکان ئاگادار بکاتەوە و دواتر لیستی نوێی کاندیدەکان پێشکەش بکات. مافی کشانەوەی نییە لە هاوپەیمانییەکە دوای ئەو ماوەی کە لیستی کاندیدەکانی پێشکەشکردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە لە 10ی حوزەیرانی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت، لەو چوارچێوەیەدا، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئامادەكارییەكانی دەست پێكردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP