دواین هەواڵ

جیهان‌

 07/03/2024

ئەمریکا دەیەوێت بەندەرێک بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بەخەڵکی غەزە دروستبکات

هەرێم نیوز

بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئەمریکا دەڵێن، سوپای ئەمریکا بڕیارە بە فەرمانی جۆ بایدن بەندەرێک بۆ ناردنی یارمەتییە مرۆییەکان لە غەززە دروست بکات بۆ ئەوەی پاکێجی هاوکاری زیاتر لە ڕێگەی دەریاوە بگاتە ناوچەکە.

بڕیارە ئەمڕۆ لە وتارەکەیدا بۆ کۆنگرێس ئەم بڕیارە ڕادەگەیەنێت.

 بەرپرسێکی حکومەت کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاندووە، دەروازەکە بڕی ئەو هاوکارییە مرۆییانەی کە دەنێردرێت بۆ غەزە زیاد دەکات، بەجۆرێک زیاتر لە سەدان بارهەڵگر لە ڕۆژێکدا دەنێردرێت.

 دەوترێت دروستکردنی ئەم بەندەرە کاتییە "چەند هەفتەیەک"ی دەوێت.

بە گوتەی بەرپرسانی ئەم وڵاتە، بڕیارە یەکەم کاروانی هاوکاری لە ڕێگەی قوبرسەوە و بە هەماهەنگی ئیسرائیل بۆ ئەوێ بنێردرێت.

هەروەها ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەم هەفتەیەدا هۆشداری دا کە منداڵان لە باکووری غەززە بەهۆی برسێتیەوە گیان لەدەست دەدەن و مەزەندە دەکرێت نزیکەی ٣٠٠ هەزار فەلەستینی دەستیان بە خۆراک و ئاوی پاک نەگات.

 بارهەڵگرەکان کە هاوکاری مرۆیی هەڵدەگرن، لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفەح کە لە ژێر کۆنترۆڵی میسردایە و دەروازەی کەرەم شالوم کە لە ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدایە، دەچنە باشووری غەززە، بەڵام باکووری غەززە کە ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانی ئیسرائیل تێیدا چڕ بووەتەوە، تا ڕادەیەکی زۆر لە یارمەتییە مرۆییەکان پچڕاوە.

 باس لەوە کراوە کە دروستکردنی بەندەرێک لە غەززە بە مانای بوونی هێزی ئەمریکی لەم ناوچەیەدا نابێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP