دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 26/02/2024

زەماوەند تەواو بوو جا نۆرەی ماڵە (بەڵێ مەحبوبە خێل و قیچە)

هێمن عەبدولقادر

کوڕەکە قۆزە باڵای بەرزە، دەولەمندە، لە بنەماڵەیەکی ناودارە، بڕوانامەی بەرزی هەیە، ئەمانە سەرنج ڕاکێشن، کچەکە پەنجەی شمشاڵییە، قەد و باڵای دەڵێی لاولاوە، چاوی وەک کارمامزە، ئەمانە کەرەستەی زەماوەندن، نەک ماڵ.

هەموو شتێک سەرنج ڕاکێشە تا هی تۆ نییە، کە بوو بە هی تۆ بەشێک لە سەرنج ڕاکیشییەکەی لەدەست دەدات، کەس ناچێت بەلای ئەسپێکی ڕام کراوە، زۆرینەی پاڵەوانەکان پێشبڕکێیانە لەسەر ئەسپێکی سەر شێت، ئەوەی کە ناهێڵێت زین بخرێتە سەر پشتی، ئەوەی کە هی تۆ نییە گۆرانی بۆ دەڵێیت، ئەمە نهێنییەکەیە، کە دەستت لە کوڕەکەدا، کە بەر کچەکە کەوتیت بەشێک لە تامەزرۆ یەکەیەت لە دەست دەچێت.

لە زەماوەند و دەستگیران داریدا تەنیا شیعر و شانامە هەیە، لە ماڵ داریدا چێشت لێنان و منداڵ بەخێوکردن، نان پەیدا کردن، مرۆڤ لە زەماوەنددا دەیبەن بۆ ئارایشتگا، بەڵام لە ماڵدا دەیبەن بۆ خەستەخانە، بۆ غەسالە چاککردنەوە، بۆ هێڵنجانەوە و بێزوو کردن، ژن کە سک دەکات لاشەی تێک دە جێت، هۆرمۆناتی زیاتر و کەمتر دەڕژێت، بەشێک لە جوانییەکەی لە دەست دەدات، قژی هەڵدەوەرێت، پێستی دەکشێت، ئەوەی شوێن قژی کاڵ کەوتبوو، ئەوەی شوێن پێستی توند کەوتبوو نەما.

پیاو کە چەکوشی وەشاند، بلۆکی خستە سەرشان، دەستی شەقار شەقار دەبێت، نیڤیا و ڤازەلین دەتوانن پێست نەرم بکەنەوە بەڵام نایگێڕێتەوە بۆ سەردەمی گەنجی و زەماوەند،

ژن و پیاو کاتێک بە دزییەوە تەماشای یەکتر دەکەن، هەردووکتان بە یەکتری نامۆن، دوو کەسی نەناسراو لە ژێر سەقفێکدان دەژین بە ئومێد بوون پڕ بێت لە زەماوەند، بەڵام زۆرینەی خەڵکی ئەوە لە بیر دەکەن کە (زەماوەند تەواو بوو، ئینجا نۆرەی ماڵە)

پیاو کە هاتەوە سەر و قژی تەڕ کرد و بیجامەیەک و فانیلەیەکی عەلاگەی لەبەر کرد هەمان ئەو کوڕە نییە کە بە قات و بۆینباخەوە بینیت، ژن کە لە چەوری چێشتخانە و مەنجەڵ و دایبی سڕین تەواو بوو هەمان ئەو کەسە نییە کە بەقژی ئوتوکراو و برژانگی دەستکرد بینیبووت.

لێرەوە ساردبوونەوە دەست پێ دەکات، عەشق دەگۆڕێت بە تەنگژە، زەماوەند دەبێت بەشین، هەمووان هەست دەکەن (گۆڵیان لێ کراوە) هەستی فریودان دەست پێ دەکات، بیانوو گرتن بە یەکتری سەر دەر دەهێنێت، بۆ ئەوەی ئەم دۆخە باشتر بکەن خەڵکی دەیانەوێت بگەرینەوە بۆ سەردەمی زەماوەند.

ئەمڕۆ خەڵکی بەبێ هودە و بێ ئەنجام ملیۆنان دۆلار لە نەشتەرگەریەکانی جوانکاری و پێست و قژ و برژانگ و برۆ و کوڵم و لێوییان دا خەرج دەکەن ملیۆنان دۆلار لە دیاری و بۆ ئەوەی لە دۆخی زەماوەندیدا بمێننەوە، دوای ساڵانێک بەدلە و چاکەتی هاوسەرگیری لەبەر دەکەنەوە، کوڵمیان وەک نانسی و قژیان وەک لیۆناردۆ بنیات دەنێنەوە، بەڵام ئەوەیان بیر خۆیان بردووەتەوە کە ئەو دەم و لێوەی کە یەکەم ماچیان پێکرد ئێستا ڕەنگە چەند ددانێکی دەستکردی تێدابێت، زۆرینەی شتەکان دەگۆڕێن، تەنها بیرکردنەوەیان نەبێت.

کاتێک ژنێک دەپرسێت بۆ وەکوو دەستگیرانی شیعر بۆ یەکتری نانێرن، ئەرک بکێشێت سەیرێکی نامەکانی ڕۆژانەی بکات لە مۆبایلەکەی بزانێت چەند نامە و تەلەفۆنی کردووە بۆ دایبی و شیر و سەوزە و برنج.
کاتێک پیاوێک دەپرسێت بۆ هاوسەرەکەی وەک دەستگیرانی دەست بە خۆیدا ناهێنێت، ئەرک بکێشێت و کەمێک تێڕامانێت بزانێت ئەم ژنە ڕۆژانە لەبری جلی ئاڵا و واڵا چەند جار بەروانکەی بەر مەغسەلە دەبەستێت و جەندجار کونجی توالێت پاک دەکاتەوە و چەند جار دایبی دەگۆڕێت.

لە ڕاستیدا هیچ کەسێک نەگۆڕاوە، کەسیش فریو نەدراوە، خۆشەویستیش کەمی نەکردووە، تەنیا ئەوەیە کە ئێمە تێ ناگەین زەماوەند تەواو بووە جا نۆرەی مالە.

کورد دەڵێت (ئەوەی پیازی نەدیتبێت قنچکەی نێرگز دەچنێت) ئەوەی ماڵی نەدیتبێت، لە سۆشەڵ میدیا هەر خەریکی ڤیدیۆی بێ مانا و یادی هاوسەرگیری و دڵەکەم و چێک ئین ویز جەرگەکەم و سوپرایزی منداڵی کچ و کوڕ و ئەم شتە قۆڕانەیە.
ئەوانەی بۆ هەمیشەیی دەیانەوێت لە دۆخی زەماوەنددا بمێننەوە با ئەرخەیان بن ماڵیان بۆ هەمیشە لەدەست دەچێت، ئەوەشی ماڵی لەدەست چوو زەماوەند بۆی ناگێڕێتەوە.
پێم دەڵێن: مەحبووبە خێل و قیچە، مەیلی شەڕ دەکا
خێل و قیچە، یا تەرازووی نازی نەختی سەر دەکا؟!

تەرازووی ناز هی سەرەدەمی زەماوەندە، چون لە ڕاستیدا ماڵ ئیتر پڕە لە خێلی و قیچی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP