دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 22/02/2024

(دەرزی نابێت هەردوو سەری تیژ بێت ) با کێشە خێزانییەکانی خۆمان نەخەینە ناو سۆشیال میدیا

هێمن عەبدولقادر

یەکەم /

هاوسەرگیری ئاشتییەکی هەمیشەیی نییە،هەر بەوجۆرەی کە پەیوەندیەکانمان لە ئاشتیەکی هەمیشەییدا نین، خراپترین خەیاڵێک کە مرۆڤ خۆی پێوەدەئاڵێنێت و توشی کێشە و خەمووەکی دەکات ، ئەوەیە کە وا دەزانێت ، دەبێت هەمیشە لە ئاشتیدا بژی،.

تۆ ئەگەر خەیاڵی ئاشتەوایش لە مێشکتدا بێت زۆر جار ئەوانی تر نیانە ، لەگەڵ بروسکەیەکدا چۆن بەئاشتی دەژیت ؟ لەگەڵ بومەلەرەز و لافاودا چۆن بە ئاشتی مامەلە دەکەیت ؟ زۆر جار ئەوانی تر ڕەقن ، توندن ، ڕقاوین ، ناجاریشی بەریان بکەویت، تەنها پردێک بۆ دەرباز بوون لەم بیرکردنەوانە ئەوەیە کە تێبگەین ئاشتیەکی هەمیشەیی بوونی نییە.

دووەم/

نیتچە دەیگووت (مرۆڤ ناتوانێت بێ درۆ بژی) ئاخر ژیان کردن لەگەڵ حەقیقەتدا ئەوەندە سەخت و دژوارە کەسمان ناتوانین بەرگەی حەقیقەتی هەمیشەیی بگرین ، بۆیە بە ناچاری هەموومان بەر درۆ دەکەوین ، کاتێکیش بەر درۆ دەکەوین وا هەست دەکەین ئەوانیتر دەمانخەڵەتێنن ، مرۆڤی خەڵەتێنراویش هەمیشە بە دوای تۆڵە و قەرەبوودا دەگەرێت ، لە تۆڵەشدا غەدر دروست دەبێت ، خەلەتاندنێکی تر دەست پێئەکات.

هەموو ژن و مێردێک سەرەتایەکی ڕۆشنیان هەیە ، ئەوە خۆیانن کە وردە وردە ڕوناکیەکە خامۆش ئەکەن ، گرنگ نیە کامیان فووی بەهێزترە ، گرنگ ئەوەیە ئەم ڕوناکیە بۆ نەگەشایەوە و کوژایەوە .

بۆ ئەمە وتەی هەر کامیان وەرئەگریت ، ئەیەوێت بیسەلمێنێت کە لەسەر حەقە ،لێرەوە شتێکی تر سەر هەڵئەدات (ڕەوایەتی دان).

مرۆڤ بۆ ئەوەی سکاڵاکەی لە داگای خەڵکدا بباتەوە ، ناچەرە هەرچی بەڵگە ئیسپات و گەواهی هەیە پێشکەشی هەمووانی بکات ، دادگای خزم ،دراوسێ ، دادگا ، هاورێ ، سۆشیال میدیا، دادگای خەڵکیش برێکی زۆری وەک نەهەنگی شین وایە تێر ناخوات بەردەوام داوای زیاتر دەکات چونکە هەم خۆی لەو کیشانەدا دەژی ، هەم چێژ لە شکستی کەسێکی تر دەبینێت.

تۆ زیاتر پێشکەش ئەکەیت و ئەوان هەر دەڵێن بابێت ، ئەوەی لە ماڵ لە منداڵ ، لە ڕێز ، لە خزمایەتی بە چەندین ساڵ پێکەوت ناوە ، دەچێتە سکی ئەو نەهەنگە و هەر دەڵێن بابێت.

ئەوەندە خەریکی ئەوە دەبیت کە بیسەلمێنیت لەسەر حەقی ، حەق خۆی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە ، کاتێک دەزانیت شتێکت نەماوە بۆ خەڵک گرنگ بێت، مرۆڤیش هەر ئەوەندەی شتی نویی دەستنەکەوت ئەنجا دەست ئەکات بە هەڵسەنگاندن و پێوانەکردنی نهێنییەکان بەگوێرەی تێگەیشتنی خۆی ، ئەو کات لە هاوسۆزییەوە ، بەردەبنە ژیانت ، ئەوجا ئەکەونە تانە لێدانت ، ئەکەونە باسی جۆری چێشت لێنانت ، هەست نەکردنت بە منداڵ و خزمەکانتان ، لە ڕاستیدا پێویست ناکات ، زۆر جار هیچ شتێک بۆ هیچ کەسێکی بسەلمێنیت

فیردەوسی شاعیر دەڵێت :-
(ابرکین آن شاهزادە سوار
بکشت از سواران دشمن هزار)
(لە ڕقی ئەو شازادە سوارە، لە سوارەکانی دوژمن هەزاری کوشت)
لەڕقی تاقە کەسێک، کە هیچی پێنەکرا لەگەڵیا ، دەستی خۆی بەهەزاران خوێنی بێگوناهی تر سورکرد.

سێیەم/

ئەگەر لە ژنێک بپرسیت لەگەڵ هاوسەرەکەتدا بەختەوەریت ؟ یان بە پێجەوانەوە لە پیاوێک بپرسیت لەگەڵ هاوژینەکەتدا بەختەوەریت؟ ڕەنگە وەڵامی هەرە گونجاو ئەوەبێت بڵێن (نەخێر) ، نەک لەبەر ئەوەی ژنەکە خراپە یان پیاوەکە خراپە ، بەڵکو لەبەر ئەوەی بەختەوەری ڕاستەقینە لەکەسەوە نایەت ، ئەبێت خۆت دروستی بکەیت.

ئەگەر کەسێک بتوانێت بەختەوەرمان بکات کەواتە دەتوانێت دڵتەنگیشمان بکات ، بە مردنی ، بە ڕۆشتنی، بەختەوەریش ئەکەوێت.

ئەگەر پۆست و پلەو پایە و کورسی و مێز و تاج و نەجمە و پاشناوی زانستی و خیڵ و دیوەخان ڕیزە لێکسز و دەرباریی و وێنەگرەکان بتوانن بەختەوەرت بکەن ، لەنەمانی ئەوانەدا توشی خەمۆکی و کێشەیەکی قوڵ دەبیتەوە کە بە ئارامکەرەوەش ناتوانیت بخەویت. هاوسەرگیریش هەر وایە، بەختەوەریش هەر وایە نابێت کەسی تر شتی تر تۆ بەختەوەر بکات ، بەختەوەری دەبێت لە ناوەوە هەڵقوڵێت ، بۆ ئەوەی کەس کوێری نەکاتەوە.

*کاتێک کێشەیەکی خێزانی دێتە پیش هەمیشە لایەکیان زیاتر لەسەر حەقە ، زۆر جار ئەم حەقە وەک خۆی نادرێت بۆیە لایەنی بەرامبەر پەنا ئەباتە بەر (فضح-ئابڕووبردن) لە ریگای سۆشیاڵ میدیا ، بەڵام کورد دەڵێت (دەرزی دروومان نابێت هەردوو سەری تیژ بێت) چون ئیتر دەستی خۆشت دەبرێت.

**توندترین و بەهێزترین عەرەبانەش لە رێگایەکی سەختدا هەر وەردەگەرێت، چۆن شێر پەنجە و نەخۆشیە بایۆلۆجیەکان کەس نازانێت و بەیانی بۆ هەموومان ئەگەری پێشهاتی هەیە ، نەخۆشیە کۆمەڵایەتی و خیزانییەکانیش بەهەمان شێوە، دەیان چیرۆکی ماڵی پیغمبەران و فەیلەسوفان هەیە کە کێشەیان هەبووە ، هیچ ماڵێک ، هیچ مرۆڤێک بێ کیشە نییە (بەڵام مرۆڤ دەبێت ئەوەندە مەلەوانی بکات و دوربکەوێتەوە کە بتوانێت بگەڕێتەوە کەنار و نەخنکێت)

***ئەڵێن ئەهریمەن جارێک موستیەلی سولەیمانی دزی بەلام هیچ پەڕجوویەکی بۆ نەکرا بە موستیلەکە، چونکە سولەیمان خۆی سەرچاوەی پەڕجووەکە بوو نەک موستیلەکەی

حافظ دەڵێت ؛-
(من ان نگین سلیمان بە هیچ نستانم
کە گاه گاه براو دست اهرمن باشد)

خەڵکی ئەنگوستیلەی سولەیمان بە هیچ ناکڕن ، کە جار جار لە دەستی ئەهریمەنێکدا بیبینن ،خەڵکی ئیتر گرنگی بەهیچ شتێکی تۆ نادەن کە تۆ هەموو شتێکت لە سۆشیال میدیادابێت.
نوقتە سەری دێڕ...



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP