دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 04/02/2024

منداڵی ترسنۆک و شەرمن

محەمەد بەرزی 
بە گشتی هەموومان منداڵەکانمان بە بوونەوەرێکی زۆر هەستیار دەزانیین. واش بیردەکەینەوە، کە نابێ بە هیچجۆرێک ڕێگا بدەین ماندووبن و خەم و ئازار بکێشن. هەربۆیە هەموو خەون و خولیا و بیرکردنەوەیەکمان تەنها ئەوەیە، بە هەموو شێوەیەک یارمەتییان بدەین، بەبێ ئەوەی ڕێگایان پێ بدەین تواناکانی خۆیان دەربخەن. جا یان لە ئەنجامی خۆشەویستی بێ سنورەوەیە، یان لە بێ ئاگاییەوە ئەو کارە دەکەین. بێ ئاگا لەوەی منداڵانیش دەتوانن ئاگاداری خۆیان بن وکارەکانی خۆشیان ئەنجام بدەن. بۆیە پێویستە سنورێک بۆ ئەو خۆشەویستییە زۆرە دابنرێت، کە هۆکاری سەرەکی ترسنۆکی و شەرمنی منداڵە. چونکە ئەنجامدانی هەموو شتێک بۆ منداڵ خۆشەویستی نییە، بەڵکو داوەشاندن و کرمێکردنی ناخی منداڵە و داهاتووی وێران دەکات.

خۆ ئەگەر بەردەوام لە هەموو شتیکدا یارمەتی بدرێت، لە داهاتوودا کەسێکی ترسنۆک و شەرمن و لەرزۆک و بەزیو دەردەچێت، ناتوانێت سەربەخۆ و ئازادانە داکۆکی لە خۆی بکات، لە هەموو کێشە و ئاستەنگێک دەپرینگێتەوە و هەرگیز سەرکەوتوو نابێ و وەک ترسنۆکێک بەردەوام چاوی لە یارمەتی دایک و باوکی و دەوروبەری دەبێ. ئەوەی شایانی باسە کەسایەتی منداڵ پەیوەندی بە سروشتەوە نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ بەستراوە بە کاریگەری ژینگە و جۆری پەروەردەکردنی دایک و باوکییەوە. ڕەنگە هەندێک منداڵ لە تاریکی و سێبەری خۆشیان بترسن، یان نەتوانن لەبەرامبەر کەسانی نامۆدا قسە بکەن و لەگەڵ دایک و باوکیشیاندا زۆر شەرمن و داخراوبن. لەم کاتانەدا پێویستە دایک و باوک بە خۆیاندا بچنەوە و ژیرانە ئەو ترسانە بڕەوێننەوە، تا لە گەڵیاندا گەورە نەبن. پاشان نابێ هەرگیز دایک و باوک زمانی زبر و توند و توڕەی وەک: ( تۆ منداڵێکی ترسنۆکی … کەسێکی بێ کەڵکی ) بەرامبەر بە منداڵ بەکار بهێنن. تا ترس و دڵەڕواوکێ و هەستێکی خراپ لە دەروونی منداڵەکەدا هێلانە نەکات. هەر بۆیە ئەرکی دایک و باوکە وەک فریادڕەسێک، بەرلەوەی بیر لە ئامۆژگاری و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانیان بکەنەوە، بە وردی لە هۆکارەکانی شەرمنی و ترسنۆکیان بکۆڵنەوە. پێویستیشە ئەم خاڵانەی لای خوارەوەش لەبەرچاو بگرن:

1– ئەگەر منداڵێک لە منداڵییەوە لە چوارچێوەی بازنەیەکی پاراستنی بەهێزی دایک و باوکیدا ژیابێ، ئەوا منداڵەکە دەرفەتی ئەوەی نەبووە بە خواستی خۆی هەڵسوکەوت بکات و ڕێگای پێنەدراوە ئازایەتی خۆی دەربخات. هەموو بڕیاری هەڵسوکەوتەکانی لە پشت پەردەوە دراون. ئەرکی منداڵەکەش ئەوەبووە بێ خواستی خۆی پابەندی ئەو بڕیارانە بێ. ڕەنگە لەم حاڵەتانەدا دایک و باوک لایان وابێ ئەوە خۆشەویستی خۆیانە بۆ منداڵەکەیان، بەڵام لە ڕاستیدا خۆیان فریو دەدەن، چونکە ئەو هەڵویستانە ئارەزووی منداڵەکەیان ناهێڵن، تا خۆی کارەکانی بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەنجام بدات و لە دواڕۆژیشدا ئازایەتی خۆی دەربخات.

2- کاتێک منداڵ لە باوەشی دایک و باوکیدا گەورە دەبێ، خۆشییەکانی تەنها سنوری ناو ماڵەکەیە، ئەو کەسانەی دەورووبەریشی تەنها دایک و باوک، یان کەسانێکی بە تەمەنن و ناشتوانێ منداڵی هاوتەمەنی خۆی ببینێت. هەر بۆیە ئەگەر منداڵ لە ژینگەیەکی داخراودا بژی، بە جارێک بێزار دەبێ، وردە وردەش کەسایەتی دادەبەزێت و هەلی گفتوگۆکردنی ئازایانەشی لەگەڵ کەسانی تردا لەدەستدەدات و تەنها لەگەڵ چەند کەسێکی دەورووبەری خۆیدا ڕادێت.

3– ئەگەر منداڵەکەت باوەڕی بە خۆی لاواز بوو، ئەوە لەبەر ئەوەیە لە جیاتی ئەوەی هانی بدەیت، ئامۆژگاری زۆری دەکەیت.

4– کاتێ منداڵەکەت نەیتوانی داکۆکی لە خۆی بکات، نیشانەیە لە تەمەنێکی بچووکدا و لە بەردەمی خەڵکیدا بەجۆرێک ئامۆژگاریت کردووە، بە تەواوەتی شکاندووتە.

5– ئەگەر منداڵەکەت دەستبەرێ بۆ شتێک، کە هی خۆی نییە. ئەوە لەبەر ئەوەیە کاتێک شتێکی بۆ دەکڕیت، ڕێگا نادەیت بە خواست و ئارەزووی خۆی شتەکانی هەڵبژێرێت.

6– ئەگەر منداڵەکەت ڕێزی لە هەستی کەسانی تر نەگرت، نیشانەیە لە جیاتی ئەوەی بە جوانی قسەی لەگەڵدا بکەیت، بەردەوام فەرمانی پێدەکەیت و مێشکی دەکرۆژی.

7– کاتێ منداڵەکەت بێزار و تووڕەیە، ئەوە لەبەر ئەوەیە زیاتر گرنگی بە ڕەفتارە خراپەکانی دەدەیت و کەمتر بە ڕەفتارە باشەکانی.

8– ئەگەر منداڵەکەت بە ئەنقەست بێزاری کردی، ئەوە لەبەر ئەوەیە، تۆش بە ڕادەی پێویست سۆز و خۆشەویستیت بەرامبەری نییە.

9– کاتێک منداڵەکەت گوێی لە کەسانی تر دەگرێت و گویێ لە تۆ ناگرێت، ئەوە نیشانەیە، بێ بیرکردنەوە و کوێرانە بڕیاری خێرا لە ئەنجامەکان دەدەیت.

10– ئەگەر منداڵەکەت یاخی بوو، دیارە زیاتر گرنگی بە بۆچوون و بیرکردنەوەی کەسانی تر دەدەیت، نەک ئەوەی ڕاستە.

لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵێم: منداڵ ئەگەرچیش شاد و دڵخۆشبێ، بەڵام ژاوە ژاوی شەر و ئاژاوەی نێوان دایک و باوکی ترس و دڵەڕاوکێ دەخەنە ناخی دڵییەوە. هەمیشە ئەو ترسەش لە دەروونی منداڵەکە نابێتەوە. بێگومان دایک و باوکی توڕەش کاریگەری گەورە لەسەر کەسایەتی منداڵ بەجێدەهێڵن. کەواتە هۆکاری سەرەکی شەرم و ترسنۆکی منداڵ خێزانە نەک سروشت. هەر بۆیە پێویستە دایک و باوک بە ئاگابن و لە شەڕ و ئاژاوە خۆیان بە دووربگرن. پاشان پێویستە دایک و باوک سێ شت بە باشی ئەنجام بدەن، تا یارمەتی منداڵەکەیان بدەن، بە تەواوی لـە کەموکورتییەکانی کەسایەتییەکەی ڕزگاری بێت.

یەکەم/ ڕێنمایی دەروونی: شەرمنی منداڵ کێشەیەکی دەروونی و کەسییە، هەر بۆیە پێویستە دایک و باوک هەوڵی چارەسەکردنی بدەن. لەکاتی کێشەدا، کە منداڵەکە لە ترس و دڵەڕاوکێدایە، پێویستە دایک و باوک کیشەکەی بە هەرا و هەلوەسە و تووڕە بوونەوە نەگرن، بەردەوام منداڵەکە هێوربکەنەوە و بە منداڵەکەش بڵین: ( ئەوەی ڕوویداوە کیشەیەکی ئاساییە ). پاشان واز لە فشار خستنە سەری بهێنن و تۆنی دەنگتانی بەسەردا بەرزمەکەنەوە، تا ناخی بە تەوای هێوردەبێتەوە.

دووەم/ شەرمکردنی منداڵ هەڵەیەکی گەورە نییە، بۆیە پێویستە دایک و باوک بە خۆیاندا بچنەوە و پشتگیری و هانی منداڵەکەیان بدەن و واز لە تووڕەبوون و هاتوهاوار و سەرکۆنە بهێنن.

سێیەم/ ئەگەر منداڵ شەرمن بوو، دیارە هۆکارێکی لە دواوەیە، کە دایک و باوک نازانن ئەو هۆکارە چییە. بۆیە پێویستە کێشەی پچووکی بۆ گەورە نەکەن، تا منداڵەکە بتوانێ ئازایانە ڕووبەڕوویان ببێتەوە. خۆ ئەگەر توانی لە کاتی کیشەدا خۆڕاگربێ، شەرمی ناخی بە شێوەیەکی سروشتی نامێنێت. جا ڕێی ڕاست ئەوەیە، وەک باڵندەیەکی ڕۆحسووک منداڵ ئازاد بکەین، تا بتوانێ خۆی بڕیاری خۆی بدات. ڕەنگە لە سەرەتادا هەڵە بکات و بڕیاری خراپیش بدات، بەڵام هەڵە و تاقیکردنەوەی خراپ، ئەزموونی بە سوودن بۆی و دەتوانن فێری بکەن چی ڕاستە و چی هەڵەیە. بە مەش زیاتر متمانەی بە خۆی دەبێت و لە بەردەمی کەسانی تردا، نە دەترسێت و نەشەرمیش دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP