هەرێم نیوز
بە پشتڕاستکردنەوەی ماڵپەڕی یانەی ڕۆما، دانیێل دی ڕۆسی، یاریزانە بەناوبانگەکەی پێشووی جیالۆرۆسی، جێگەی خۆزێ مۆرینیۆی گرتەوە و گرێبەستەکەی تا کۆتایی وەرزی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ی ڕۆما واژۆکرد. بەگوێرەی سەرچاوە نافەرمییە باوەڕپێکراوەکان، لەنێویاندا جیانلوکا دی مارزیۆ، ئەگەر دی ڕۆسی ئەنجامی ئەرێنی بەدەستبهێنێت، ڕەنگە گرێبەستەکەی بۆ وەرزەکانی داهاتوو درێژبکرێتەوە.
دان و ڕایان فریدکین، خاوەنی یانەی ڕۆما ئەم لێدوانەیان سەبارەت بە هاوکاری لەگەڵ دی ڕۆسی بڵاوکردەوە:
خۆشحاڵین کە بەرپرسیارێتی تەکنیکی یانەی ڕۆما ڕادەستی دانیێل دی ڕۆسی دەکەین، چونکە پێمان وایە هێزی سەرکردایەتی و تەماحەکەی کە هەمیشە لەگەڵیدایە، دەتوانێت یەکلاکەرەوە بێت لە بەدواداچوونی ئامانجەکانی تیپەکەدا تا کۆتایی وەرز. ئێمە ئاگاداری پەیوەندییە گەرم و بەهێزەکەی دانیێل بووین لەگەڵ یانەکەدا، بەڵام ئەو جۆش و خرۆشەی کە دەستبەجێ ئەم تەحەدایەی لە چەند مانگی داهاتوودا قبوڵکرد، زیاتر قەناعەتی پێکردین کە دەتوانێت نوێنەرێکی شایستەی بەهاکانی یانەکە بێت. بەخێربێن بۆ ماڵەوە دانیێل.