ئارام سەعید
"خۆت بناسە" ئەمە وتەیەکی بەناوبانگی سۆکراتی فەیلەسوف بوو، کە زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوپێش پێشنیازی کرد، چونکە لای ئەو گەورەترین کێشەی مرۆڤ ئەوە بوو کە خۆی ناناسێ.
بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ ئەم رستەیە دابڕێژینەوە دەڵێین"مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکەی دەستت بناسە"، چونکە ئێستا ئەو لەخۆت باشتر تۆ دەناسێ.
ئایا پێشتر پرسیارت کردوە ئامێری دەستت چی لەبارەی تۆوە دەزانێت؟
ئایا دەزانی ئەلگۆریزمی تەکنەلۆجیای زانیاری چۆن کاردەکات؟
ئایا دەزانی چ زانیارییەک دەربارەی تۆ کۆدەکاتەوە؟
چۆن ئەقڵی تۆ دەخوێنێتەوە؟!
ئایا دەزانی ئالگۆریزم هەندێ شت لەبارەی تۆوە دەزانێ کە خۆت نایزانی؟
ڕەنگە وابزانی مەبەستمان ئەوەیە بڵێین مۆبایلەکەت دەزانێ چەند هەنگاو ڕۆیشتوویت؟ چەند دەقیقە قسەت کردووە؟ چەند سەعاتت لەسەر سۆشیاڵ میدیا و پێگە ئەلیکترۆنیەکانی تر بەسەر بردووە..... ئەمە ڕاستە بەڵام ئالگۆریزم زۆر لەوە زیاتر دەزانێ؟
ئەو دەزانێ؟ تۆ کێت خۆشدەوێ و ڕقت لە کێیە؟
دەزانێ چۆن بیردەکەیتەوە.
دەزانیت چی دڵت خۆش دەکا و بەچی هەڵدەچی؟
تەنانەت دەتوانێ بچێتە ناو نائاگاییت و ئارەزووە پەنهانەکانت بخونێتەوە.
بەڵێ سمارت فۆن و ئامێری زیرەک دەتوانێ هەموو ئەو کارانە بکا. ئەمەش ڕەنگە تۆ و کەسانێکی زۆر نیگەران بکات کە زۆر هەستیارن بەرامبەر زانیاریە شەخسیەکانی خۆتان و ڕەنگە تووشی ڕاڕایی دەروونیتان بکات.
بەڵام پەلە مەکە، مەبەستی ئێمە ئەوە نیە ترس ببەخشینەوە. تەنها دەمانەوێ ڕەخنەییانە بیربکەیتەوە، دەمانەوێ هێندە هۆشیار و بەئاگا بی باشتر لە ئامێرەکەی دەستت خۆت بناسیت، واتە تۆ ئەو بەکاربێنیت نەک ئەو تۆ بەکاربێنێت.
بۆئەوەی لەم پرسە تێبگەین کە زیاتر لە مەتەڵ دەچێ، دەبێت سەرەتا بزانین ئەلگۆریزم چیە و چۆن کاردەکا؟ ئەلگۆریزم وشەیەکی ئینگلیزییە کە لە زمانی لاتینی وەرگیراوە، لە بنەڕەتدا لە وشەی (ئەلخواریزمی) وەرگیراوە کە نازناوی زانای ماتماتیکی موسڵمان و دانەری زانستی (ئەلجەبر) محەمەدی کوڕی موسای خواریزمییە. لە ماتماتیکدا ئەلگۆریزم واتە ئەو زنجیرە هەنگاوە ماتماتیکی و لۆجیکییەی کە پەیڕەودەکرێن بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارێک یان چارسەرکردنی کێشەیەک. لە زانستی کۆمپیوتەردا ئالگۆریزم واتە ئەو بەشە زیرەکەی کۆمپیوتەر کە هەموو دیاردە و ڕەفتارێکی مرۆیی و نامرۆیی وەک داتا دەبینێ، لە توانایدایە بەخێرایی تیشک سەرژمێری و شیکردنەوە و پۆلێنکاریی بۆ ئەودیاردانە بکات، هاوکات دەتوانێ پێشبینی ورد بۆ گەشەی داتاکان بکات و شیاوترین پێشنیاز پێشکەش بکات.
کاتێ ئالگۆریزم دێتە ناو ئینتەرنێت و تەکنەلۆجیای زانیاریی دەبێتە پاسەوان و راوێژکار و جێبەجێکاری ئەلیکترۆنی کۆمپانیاکانی دروستکردنی گەمەی ئەلیکترۆنی و ریکلام و سۆشیاڵ میدیا و تەونە گەردوونیەکانی پەخشکردن و کۆکردنەوەی زانیاریی. واتە دەتوانێ بە خێرایی تیشک پرۆسەکانی ئامار و شیکردنەوە و وەرگرتنی بڕیار بۆ زنیارییە داخڵکراوەکان و زانیارییە پەخشکراوەکان بکات.
دەزانێ هەریەکێ لە ئێمە ئارەزوی چ بابەتێک و چ وێنەیەک و چ ڤیدیۆیەک دەکەین؟ دەزانێ ئایا توندوتیژین لە گەمەکردنی ئەلیکتۆنیدا یان هێمن و لەسەرخۆین؟ ئایا کەسایەتیمان جێگیرە یان ڕاڕاو نیگەرانین؟ ئایا کۆمەڵایەتین یان گۆشەگیرین؟ دەزانێ ئایا ئێمە سەر بە چ گروپکین و هەڵگری چ دیدگاو بیروباوەڕێکێن؟ دەزانێ کەی هەڵوێستەکانمان هۆشیارانەیەو کەی ناهۆشیاریانەیە؟ دەزانێ ئایا کەسایەتی جێگیرمان هەیە یان کەسانی دوو فاقین؟ دەزانێت جیاوازییە کولتوریەکانی نێوان شار و کۆمەڵگاکەی ئێمە و شارو کۆمەڵگاکانی تر چیە؟
سەکۆکانی سۆشیاڵ میدیا ئەلگۆریزمێکی پێشکەوتوو و زیرەک بەکاردەهێنن کە دەتوانێ ئەوبابەتانەت بۆ رەوانە بکات و نیشان بدات کە خۆت حەزو ئاروزوی دەکەیت. کاتێک ڤیدیۆیەک لە تیکتوک دادەبەزێنیت یان بابەتیک لە فەیسبوک بڵاودەکەیتەوە دەجێتە پاڵ ملیۆنەها بابەتی تری جیاوز، ئەلگۆریزم وەک کارمەندیکی زیرەکی کتێبخانە، بەشداربوەکان پۆلێن دەکا، هەرکەس بابەتی دڵخوازی خۆی بۆ دەنێرێ، تەنانەت ئەگەر بابەتی زیانبەخش و چەواشەش بێت، واتە لای ئەو گرنگ نیە چ زانیارییەک باشە و چ زانیارییەک خراپە. بەڵکو گرنگە بزانێ چ زانیاریەک دڵخوازی زۆرەو و پارە زیاتر دەکا و چ زانیاییەک دڵخوازی کەمە یان دەگمەنە.
سەکۆکانی سۆشیال میدیا ئەلگۆریزمێکی زۆر زیرەک و ئاڵۆز بەکاردەهێنن کە بتوانێ چاودێڕی و کۆنترۆڵی ئەوە بکات ئایا بەشداربوو ماوەیەکی زۆر یان کەم لە لەسەر سەکۆکە دەمێنێتەوە، چۆن لە سەکۆیەکەوە بۆ سەکۆتیەکی تر دەگوازێتەوە؟ بۆ نمونە کاتێک بۆ خواردن دەگەڕێیت ئەو دەزانێت کە ئایا تۆ گۆشتخۆریت یا ڕووەکیت؟ کاتێک بەدوای هەواڵی وەرزشیدا دەگەڕێیت دەزانێت تۆ حەزت بە تۆپی پێیە یان زۆرانبازی. واتە بە وردی شیکاریی بۆ کەسایەتی تاکەکان و گروپە کۆمەڵایەتیەکانی سەر سەکۆکان دەکات و چاودێری و کۆنترۆڵی ڕەفتارەکانیان دەکات.
ئەی کەواتە لەبەرامبەر ئالگۆریزم و ژیری دەسکرددا چی ماوەتەوە بۆ خۆمان و چی ماوەتەوە بۆ ژیریی مرۆڤ؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و خوێندەواریی میدیایی هەوڵ دەدات وەڵامی بداتەوە؟
واتە پێویست ناکا تووشی ترس و ڕاڕایی ببین و وابزانین جنۆکە لەناو مۆبایل و کۆمپیوتەرەکانماندایە؟
گەمژاندنی مرۆڤ دیاردەیەکی تازە نیە و زۆر زۆر کۆنە.
وەک وتمان دوو هەزاروپێنج سەد ساڵ لەمەوپێش سۆکراتی یەکەمین مامۆستای فەلسەفە پێی وتین تکایە خۆتان بناسن؟
ئەو مەبەستی بوو ئەگەر ئێمە خۆمان نەناسین ئەوە خەڵکانی تەڵەکەباز لەخۆمان باشتر دەمانناسن و دەتوانن زەفەر بە ساویلکەییمان بەرن.
واتە ئەوەی ئێستا گۆڕاوە جۆر و قەبارەی ئەلگۆریزمەکەیە.
کاتی خۆی ئەلگۆریزمی سەرەتایی و سادە لە پەیوەندیی نێوان دوو کەس یان یان دوو گروپ و چەند خێڵێک، یان پەیڕەوانی ئاینزایەک کاری دەکرد. بەڵام ئێستا چەندین ئەلگۆرێزمی ئەلیکترۆنی گەردوونی زەبەلاح لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان و کۆمەڵگاکاندا لە سەرانسەری جیهاندا کاردەکەن. لە پاڵ زاناکان و کۆمپانیاکانی بەخشینەوەی زانیاریی بەسووددا، ملیۆنەها کەسی تەڵەکەباز و گروپی چەواشەکار لەناو ئالگۆریزمەکاندا کاردەکان، تەنانەت هەندێکیان ئەلگۆریزمی تایبەت بە خۆیان دروست دەکەن و بۆ چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنمان.
کەواتە کێشەکە بەوە چارەسەر نابێ مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکان بشکێنین یان تووڕیان بدەین. چونکە تەنانەت ئەو کاتەش کە ئامێری زیرەک بەکارناهێنین، ئالگۆریزم و وەک داتای شاراوە یان ماتە وزە چاودێریمان دەکات و بە دوای تەکنیکی نوێدا دەگەڕێت بۆ فریودانمان.
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئێمە دەتوانین لە ئامێرەکانی دەستمان باشتر خۆمان بناسین؟
ئایا ئێمە ئامێرەکانی دەستمان کۆنترۆڵ دەکەین یان ئەوان ئێمە کۆنترۆڵ دەکەین؟
ئایا هەواڵی ساختە و زانیاریی چەواشە بەسەرماندا تێدەپەڕێت یان خوێندنەوەی ڕەخنەیی بۆ دەکەین؟
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئێمە کەسانی دووفاقین یان خاوەن کەسایەتی رۆشن و بێ گرێین؟
ئایا لە یەک کاتدا لایکی دوو هەواڵ یان دوو وێنە دەکەین کە پێچەوانەی یەکترین؟
ئایا کاتێک پۆستێک دەکەین یان کۆمێنتێک دەنوسین ئەو کارە بە ئاگاییەوە دەکەین یان نائاگایی پێمان دەکا؟ ئایا کاتێک هەڵوێستێک وەدەگرین ئەوە خۆمانین یان دوای حەشامەت کەوتووین؟
بە کورتی: ئایا ئێمە لە بەکارهێنانی مۆبایڵ و ئامێری زیرەکدا کەسێکی بەئاگاین؟ یان بێئاگاین؟ خۆمان بڕیاردەدەین یان خەڵکانی تر لەبری ئێمە بڕیار دەدەن؟
چاودێری دەکەین یان چاودێری دەکرێین؟