دواین هەواڵ

کوردستان‌

 20/11/2023

قوباد تاڵەبانی: ناکرێت بەرپرسانی بەغدا بەهۆی کێشەیەکی دیکەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە نەکەن

هەرێم نیوز

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، ناکرێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا پشتگوێ بخەن و دەبێت بەهێزتریان بکەن. دەشڵێت: ناکرێت بەرپرسانی بەغدا بەهۆی کێشەیەکی دیکەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانە نەکەن.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک رایگەیاند:" هەرێمی کوردستان پێویستی بە دەستوورە، بەڵام دەستوور هەموو کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر ناکات، وەکو کورد پێش هەمووشتێک پێویستە ناوماڵی خۆمان رێکبخەینەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد:" ناکرێت ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق پشتگوێ بخەین و دەبێت بەهێزی بکەین، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و لە ئاشتی و کێشەدا بەیەکەوەین".

باسی لەوەشکرد،" ئێمە بڕوامان بە دەستوورە، چونکە هەموو وڵاتێکی فیدراڵی پێویستی بە دەستوورەو گرنگی و بایەخی دەستووریش لە جێبەجێکردنیدایە".

قوباد تاڵەبانی روونیشیکردەوە:" پێویستە پرسی فیدراڵیزم لە عێراق چارەسەربکرێت، ناکرێت بەرپرسانی بەغدا بەهۆی کێشەیەکی دیکەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانە نەکەن".

ئاشکراشیکرد:" بۆ ئەوەی بزانین بە چ سیستمێک لە عێراق بژین گفتوگۆ دەکەین، هەروەها عێراق وڵاتێکی ئاڵۆزە بۆ بەڕێوەبردن و تیایدا زیاتر لە ٢٠ شوناس بونی هەیە و ئێمە وەک کورد شوناسی خۆمان هەیە و گرنگی پێدەدەین".

جەختی لەوەشکردەوە:" لەئێستادا بەهۆی ئەوەی کە مووچەکانیان پێنادرێت، مامۆستایان لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم خۆپیشاندان دەکەن، پێویستە حکومەتی عێراق شایستە داراییەکانی سەرجەم ناوچەکان بەبێ جیاوازی بنێرێت".

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وتیشی:" سیستمی فیدراڵی باشترین سیستمە بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتێکی وەکو عێراق، هەروەها ئاساییە کە لە هەرێمی کوردستان حکومڕانی جیاوازبێت لەچاو ناوچەکانی دیکەی عێراق".

روونیشیکردەوە:" پێموایە ئێمە بۆ ماوەیەکی زۆر لە حکومەتی عێراق دابڕاین و ئەم دابڕانەش بووە هۆی زیادبوونی کێشەکان، بەڵام دانیشتن و قسەکردن هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەو کێشانە نابێت و پێویستە چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، چارەسەریش بە بەهێزکردنی پێگەکانمان لە عێراق دەدۆزرێتەوە و بە دروستکردنی یەکڕیزیش پێگەکانمان لە عێراق بەهێز دەبنەوە".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP