هەرێم نیوز
ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA) له غهززه، بڵاویکردەوە، بههۆی تەواوبوونی سووتەمەنی لە باشووری کەرتی غەززە، قەیرانی ئاو دروست بووە، کە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی سکچوونی کوشندە.
بەرپرسی ئاژانسەکە له غهززه، توماس وایت لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، لە سێ شاری باشووری کەرتی غەززە، پەمپی 76 بیری ئاو و دوو دامەزراوەی سەرەکی ئاوی خواردنەوە و 15 ئاوەڕۆ وەستاون، ئەو دۆخەش بەهۆی تەواوبوونی سووتەمەنی سەریهەڵداوە، کاریگەریی لەسەر سەدان هەزار کەس دروستکردووە.
وایت باسی لەوە شکرد، نەبوونی سووتەمەنی بە واتای نەبوونی ئاو دێت و وتی: "ئەمە بووەتە هۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی سکچوون لە نێو ئەو کەسانەی پەنایان هێناوە بۆ قوتابخانەکانی سەربە UNRWA و حاڵەتەکان سەدا 40 زیادیکردووە".
وتیشی: "بەهۆی نەبوونی پاکوخاوێنی و سنوورداربوونی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، لە غەززە سکچوون دەبێتە حاڵەتێکی کوشندە".
هەروەها وایت ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی تەواوبوونی سووتەمەنی پەمپهکانی ئاوهڕۆ، لە شاری رەفهح ئاوی ئاوەڕۆکان دەڕژێنێتە سەر شەقامەکان.
زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکداری بزووتنەوەی حەماسی فهڵهستینی بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژراو و زیاتر له ههزار برینداریشی لێ كهوتهوه، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە دهستبهسهر كراون.