دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 08/11/2023

لە ساڵی نوێوە ڕێگە نادرێت هیچ دەرمانێك بە بێ ستیكەر بچێتە بازاڕەوە

هەرێم نیوز
ئامێری پشكنینی كوالێتی و نرخی ڕاستەقینەی دەرمان، لە زۆرینەی دەرمانخانەكانی هەرێمی كوردستان دانراوە كە بە هۆیەوە ئاسانكاری لە ناسینەوەی دەرمانی ساختە و نرخی نایاسایی دەكات، بەڕێوەبەری كوالێتیی كۆنترۆڵی دەرمانیش دەڵێت: لە ساڵی نوێوە هیچ دەرمانێك نابێت بە بێ ستیكەری فەرمی لە بازاڕدا هەبێت.

چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم، لە كەرتی تەندروستی بەردەوامن و بۆ ڕێگریكردن لە ساخكردنەوەی دەرمانی ساختە و كۆنترۆڵكردنی نرخەكەی، ستیكەری نوێ لە سەرجەم ئەو دەرمانانە دەدات لە دەرمانخانەكان دەفرۆشرێن.

بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی کوالێتیی کۆنترۆڵی دەرمان لە هەرێمی کوردستان، ئێستا زیاتر لە 14 هەزار جۆری دەرمان، ستیکەری نوێیان پێوەیە، بەمەش هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی مۆبایلەکانییانەوە بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی، پشکنین بۆ کۆمپانیای هاوردەکار و کوالێتی و نرخی دەرمانەکە بکەن. هەروەها کوالێتیی کۆنترۆڵی دەرمان، هێڵێکی گەرمی داناوە، نەخۆش دەتوانێت لە هەر كاریگەرییەكی خراپی دەرمانەکە ئاگاداریان بکاتەوە و ئەوانیش بەدواداچوون دەکەن.

هەر کۆمپانیا، کۆگا و دەرمانخانەیەک پابەندی ستیکەری نوێی دەرمان نەبێت دوو ملیۆن تاکوو 10 ملیۆن دینار بە پێبژاردن سزا دەدرێت، هەروەها تاکوو ساڵی نوێ، دەبێت 390 کۆمپانیای هاوردەکاری دەرمان، 147 کۆگا و 1782 دەرمانخانە، پابەندی ئەم بڕیارە بن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP