دواین هەواڵ

کلتور‌

 11/10/2023

بیرەوەریی: " دیلان " و" شیعری "برسیمە" !

بەرزان هەستیار

بە حوکمی ئەوەی لە ساڵانی هەشتادا ماڵی مامۆستا "حەمە ساڵح دیلان " لە کۆڵانی ئەودیو ماڵی ئێمەوە بوون لە تووی مەلیک ، .جگەلەوەش من و "هونەر"ی کوڕی "دیلان " دوو هاوڕێی زۆر نزیکی یەک بووین و تا ئێستاش هەر واین ...زوو.. زوو دەچوومە ماڵیان و مامۆستا دیلانیشم هەم وەک شاعیرێکی گەورە و هەم وەک خاوەن دەنگێکی ناوازە زۆر خۆشدەوسیت وئەویش بە دڵە گەورەکەی خۆیەوە گەلێک جار لەگەڵ من و "هونەر "دادەنیشت و دەشیزانی من سەروساختم لەگەڵ شیعری تازەدا هەیە و ئەویش بە پێچەوانەوە زۆر خۆشیی لە شیعری تازە نەدەهات و بەپێکەنینێکی شیرینەوە پێی دەوت شیعری "دێڕ وکەلیمەکە " واتە دێڕیک دەنووسن و دێڕی دوای ئەو کەلیمەیەکە.

وردە وردە منیش ئەو جێگەیەم لای مامۆستا دیلان بۆ دروست بوو کە جار جار لە ڕووی ناز و خۆشەویستییەوە سەرەداوی سوعبەت و قسەی خۆشی لەگەڵ دامەزرێنم، بەڵام هەرچەندم دەکرد دڵم نەدەهات بە سوعبەتیشەوە باسی شیعرەکانی بکەم ..بەڵام ڕۆژێکیان بە "هونەر "م وت ئەرێ ئەو شیعرە چییە باوکت نووسیوێتی و دەڵێ

برسیمە من دە کوڵمت بێنە وەکو تەماتە
با قاشی کەم بە تیغی دانی وەکو سمارتە

"هونەر "یش دەستی کرد بە پێکەنین و وتی جا بۆ بە خۆی ناڵێیت. وتم بەخوا هونەر گیان ناوێرم.

دەمەو ئێوارەیەک لەگەڵ " هونەر "دا چووینەوە ماڵی ئەوان و بینیمان مامۆستا لەسەر قادرمەی بەر دەرگا دانیشتوە.. ئێمەش دوای سڵاوکردن هەر دانیشتین و دانەنیشتین "هونەر" ئەو قسەیەی منی بیرکەوتەوەو وتی "دیلان" ، بەرزان باسی ئەو شیعرەی تۆ دەکات و دەڵێ ئەم تەماتەو سمارتەیە چییە..ئەویش وتی کام شیعرە ؟ منیش کە زانیم تووڕە نابێت و دۆخەکە لە بارە وتم ئەرەوەڵڵا مامۆستا تۆ گاڵتە بە شیعری ئێمە دەکەیت و خۆشت دەڵێی کوڵمت تەماتەیەو ددانم سمارتەیە .. ئیتر دەستی کرد بە پێکەنین و وتی وەرن با پێت بڵێم ئەم شیعرەم بۆ چ موناسەبەیەک نووسیوە، وتمان فەرموو ..وتی ساڵانی شەست بوو ( بە تەواویی نایەتە بیرم مامۆستا وتی ئامادەیی سلێمانی کچان یان ئامادەیی کوردستانی کچان ) ناردیان بە دواما تا کتێبخانەکەیان بۆ ڕێک بخەم،،منیش کە چووم دەبینم مێز و سفرەش بۆ نیوەڕۆ ڕازەوەتەوە و مامۆستاکانیش بە دەوریا دانیشتوون ئیتر لەملاوە ڕانە قەل و لەولاوە ڕانە مریشک و لەولاوە ڕانە ست فڵان و لەولاوە ڕانە ست فیسار، بەڕاستیی منیش ئەوق بوو بووم نەمدەزانی سەیری کام ڕانەیان بکەم ، ڕانی قەل و مریشک یان ڕانی ست فڵان و ست فیسار ، ئەوە شیعرەکەم بۆ ئەوە نووسیوە..ئیتر هەرسێکمان دەستمان کرد بە پێکەنین و"دیلان"ی ئازیز چووە ژوورەوە و من و "هونەر"ی لەبەر دەرگا جێهێشت،

تێبینی : ئەو شیعرەی "دیلان بە ناونیشانی "برسیمە " ساڵی 1969 نووسیوێتی.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP