د.لاڤە دارا علی - پسپۆری نەخۆشی یە دەروونی یەکان
ماتەمینی دوای جیابوونەوە چی دەگەیەنێت؟
پاش کۆتایی هاتنی پەیوەندییەکی سۆزداری مرۆڤ بەکۆمەڵێک هەست و سۆزی دژواردا تێدەپەڕێت کەپێی دەوترێت ماتەمینی چونکە بریتییە لە لەدەست دان و مردنی پەیوەندییەکی سۆزداری کە کۆمەڵێک هیواو خەونی بۆ داهاتوو هەڵگرتووە، ئەوکەسەی لەدەستمان داوە هەموو جیهان بووە بۆ ئێمەو شوێنێکی زۆری لە دڵ و ژیانمان داگیرکردووە. هەردوو ڕەگەز بەبێ جیاوازی بەم پرۆسەیەدا تێدەپەڕن، ئەو کاتەی پێویستە بۆ ساڕێژبوونی برینەکان و دەست پێکردنەوەی پەیوەندییەکی تر لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ٦ مانگ بۆ ساڵێک دەخایەنێت. بۆ زووتر تێپەڕاندنی ئەم پرۆسەی ماتەمینییە بەشێوەیەکی تەندرووست پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی لای خوارەو بکرێت:
١.کات بدەبەخۆت بۆ پێداچوونەوەودانپێنان بەو هەڵانەی بۆتە هۆکار بۆ کۆتایی هاتنی پەیوەندییەکە،ئەمەش بۆ ڕێگریکردنی دووبارەکردنەوەی هەمان هەڵە لەپەیوەندی داهاتوودا.
٢.دەربڕینی هەست وسۆزەدژوارەکان و هاوبەشی پێکردنی لەگەڵ کەسانی متمانەپێکراودا وەک گریان وە مامەڵەکردنێکی تەندرووستانە لەگەڵ هەستکردن بەتوڕەیی و بێتاقەتی وەک وەرزشکردن، وێنەکێشان، گەشتکردن.....هتد.
٣.سودوەرگرتن لەمانەوە بەتەنیای و دۆزینەوەی خولیای نوێ کەلەوەوپێش درکمان پێنەکردووە وەک وێنەکێشان، دروومان، نووسین....هتد.
٤.بێگومان چونەناو پەیوەندیەکەوە پێویستی بەقوربانیدانە وەک دوورکەوتنەوە لەهەندێک چالاکی دڵخوازی کەسەکە جا پاش کۆتایی هاتنی پەیوەندییەکە هەڕانەوە بۆ ئەنجامدانی ئەوچالاکیانەی ڕابردوو بەسودە لەپرۆسەی ساڕێژبوونەکە.
٥.زۆربەی جارەکان کەسەکان پاش هاتنەدەرەوەیان لەپەیوەندییەک ئیگۆو متمانەبەخۆبوونیان دادەبەزێت هەست بەکەمی دەکەن هەربۆیە پێویستە کۆمەڵێک چالاکی ئەنجامبدرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئیگۆو هەست بەباش بوون کردن.
٦. هەتاکو زووتر کۆتایی هاتنی پەیوەندییەکە پەسەندبکرێت ماوەی سارێژبوونەکە خێراتردەبێت.
٧. ئەنجامدانی چالاکییەکانی ڕۆژانەوەک خواردن، خۆشۆردن، زوونوستن......هتد بەسودە بۆ مانەوەمان بەشێوەیەکی تەندرووست و دورکەوتنەوە لەنەخۆشی.
٨. ئەگەر ئەنجامدانی ئەو خاڵانەی لای سەرەوە بەسودنەبوون و کەسەکە زۆرناڕەحەت و خەمناک بوو و فکری خۆکوژی تیادروست بوو پێویستە سەردانی کەسانی پسپۆربکات بۆ وەرگرتنی یارمەتی.
لەهەمان کاتدا کۆمەڵێک خاڵ پێویستە ئەنجام بدرێت کەلەوانەیە هەندێک قورسبێت لەسەرەتاوە بۆ زووتر تێپەڕاندنی پرۆسەی ماتەمینی دوای جیابوونەوە:
١. لەناوبردنی نامە، وێنە، دیاری....هتد کەلەنێوان ئەودووکەسەداهەبووە.
٢.بلۆککردنی ژمارە، هەژماری پێگەکۆمەڵایەتییەکان و دوورکەوتنەوە لە سەردانکردن و بەدواداچونی پرۆفایەل و هەواڵی کەسی بەرامبەر.
٣. دان بەخۆداگرتن و دوورکەوتنەوە لە ئەنجامدانی پەیوەندی لەگەڵ ئەوکەسە.
٤. سەردان نەکردنی ئەو شوێنانەی کەکۆمەڵێک یادگاری هەڵگرتووە.
٥. دوورکەوتنەوە لەبەکارهێنانی ماددە کحولییەکان و مادەی هۆشبەر وەک فریادڕەسێک بۆ بیرچونەوە.
٦. دوورکەوتنەوە لەگوێگرتن لەگۆرانی و مۆسیقای ناخ هەژێن.