دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 07/09/2023

ئەستێرەکانی سۆشیال میدیا

رۆزا دڵشاد مەریوانی

لە دنیای تەکنەلۆژیا و سۆشیال میدیادا بەتایبەتی دوای پەتای کۆرۆناو گۆڕانی دنیا بەجۆرێک هەرگیز وەک پێشتری لێنایەتەوە و تازە مۆبایلە زیرەکەکان و پێگە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان بوون بە بەشێک لە ژیانمان وەک مرۆڤی ئەم سەردەمە، لەو روانگەیەوە جۆرێکی دیکە لە ناوبانگ و بوون بە ئەستێرە لەڕێی سۆشیال میدیاوە هاتە ئاراوە، کاتێک کەسانی ئاسایی لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ کورتەکانیانەوە بوون بە ئەستێرە و خاوەنی ملیۆنان فۆڵۆوەر کە شان لە شانی ئەستێرە جیهانییەکانی دنیای هونەر و بزنس و چەندان بواری دیکە دەدەن.

ئەو جۆرە بە ئەستێرەبوونەش بە دوو شێوە روویدا یەکەمیان ئەوەیە کە پێی دەوترێت ناوبانگ بە هەر نرخێک کاتێک کەسانێک لەڕێی ڤیدیۆ یان لایڤە نەشیاوەکانیانەوە بوون بە ئەستێرە و بەناوبانگ بوون، بەڵام بێگومان بە لایەنە نێگەتیڤەکەیدا، جۆری دووەمیان ئەو کەسانەن بەلایەنە پۆزەتیڤەکەیدا لەڕێی سۆشیال میدیاوە بوون بە ئەستێرە و پێشتر تەنیا کەسێکی ئاسایی و بگرە هەژاریش بوون، یەکێک لەوانە «خابی» سینیگالییە و دوای ئەوەی لەکاتی کەرەنتینەدا لەڕێی تیک تۆکەوە بە ڤیدیۆ کورتە تەنزئامێزەکانی دەربارەی ئەو کەسانەی ژیانی رۆژانەیان قورس کردووە بڵاوکردەوە بەناوبانگ بوو، بەبێ ئەوەی یەک وشە بڵێت بە تەنیا بە هێمای دەست و روخساری ملیۆنان کەسی هێنایە پێکەنین و بەو هۆیەوە بووە بەناوبانگترین تیکتۆکەر لە جیهاندا.

هاوکات بەناوبانگترین یوتوبەری چینی «لی زی چی» تەمەن 29 ساڵ یەکێکی دیکەیە لەو یوتوبەرانەی بەشێوەیەکی پۆزەتیڤ کاریگەری لەسەر بینەرانی هەیە، چونکە بەوە بەناوبانگە شێوەی ژیانێکی سادەی سەرەتایی نێو گوندەکەی پیشان دەدات کاتێک ژیانی رۆژانەی خۆی ڤیدیۆ دەگرێت، هەموو شتێک لە سفرەوە دروست دەکات تەنانەت کەرەستە جوانکارییەکانیشی خۆی دروستیان دەکات، تەماشاکردنی ڤیدیۆکانی جۆرێک لە هێمنی و ئاشتەوایی ناوەکیی دەدات بە مرۆڤ و مێشک و دەروون ئارام دەکاتەوە، جگەلەوەی زۆر بابەتی فێرکاریی لەخۆدەگرێت، هەروەها نموونەی ژنێکی جوان و بەهێز و دەستڕەنگین پیشاندەدات و بۆتە ئیلهامبەخشی زۆر کەسی دیکە لە دنیادا.

ئەم نموونانە پێمان دەڵێن هەموو شتێک لایەنی باش و خراپی هەیە بە سۆشیال میدیاشەوە، بە مەرجێک بزانیت چۆن بەکاریدێنیت و بڕیار دەدەیت تەماشای چی بکەیت و چی فێربیت، چونکە بە رای من جیاوازی زۆرە تەماشای «لی زی» بکەیت لە سفرەوە ئاوریشم لە کرمەکان دەکاتەوە و دواجار دەیانکات بە بەتانییەکی ئاوریشمی بەو هەموو جوانیی و ناسکی و سروشتە جوانەی لە دەورێتی بە بەراورد بەوەی تەماشای تیکتۆکەر یان یوتوبەرێک بکەیت قسەی ئاست نزم دەکات و تۆش رێژەی ئەو هەموو فیڵەرە دەژمێریت کە کردوێتیە روخسارییەوە.  



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP