دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 07/06/2023

ئاوی ڕۆشتوو

هێمن عەبدولقادر

ئاو سروشتێکی سەیری هەیە، کاتێک دەیەوێت بڕوات ، ڕێگایەکی ئاسان بۆ ڕەوانبوونی خۆی هەڵدەبژێرێت ، ئەگەر تاوێرێک یان بەردێکی گەورە بێتە رێگەی مشتومڕی لەگەڵ ناکات ، شەڕی لەگەڵ ناکات ، بەڵکو بەدەوریدا دەسورێتەوە و درێژە بە ڕۆیشتنی خۆی دەدات.

خاڵی بەهێزی ئاو نەرمیەکەیەتی ، چونکە کاتێک بەر توندی و ڕەقی دەکەوێت توانای بڵاوبونەوەی هەیە ، بڵاوبونەوە واتای ئەوەی کە تۆ ناتوانیت رێ لەم هەموو شلی و نەرمییە زۆرە بگریت.

سۆفیستەکان زۆر بەقوڵی ئیشیان لەسەر ئەم فەلسەفەیە کردووە (ئەگەر کەسێک لەگەڵتدا ناسازە ، لەگەڵی مەجەنگێ ئەگەر هاتوو بجەنگی ئەوا لە شوێنێکدا گیر دەخۆیت ، بەڵکو رێگایەک بدۆزەرەوە ، تێیپەڕێنە)

سەعدی چەند جوان دەڵێت (ئەگەرێک سەگێک قاچی گەستی ، خۆ بۆ مرۆڤی ئاقڵ ناشێت، بچێت سەگەکە بگرێت و ئەویش قەپ لە قاچی ئەو بگرێتەوە، بەڵکو دەبێت ئیهمالی کات و تێی پەرێنێت) سەگ جێژ لە گەستن ئەبینێت و بەرد لە چەقین ، بەڵام ئاو جێژ لە ڕۆشتن دەبینێت. مرۆڤی بەد چێژ لە تۆمەت و قسەو دەرونبیماری دەبینێت ، بەڵام مرۆڤی هۆشیار چێژ لە تێپەڕبوون دەبینێت

ئاو ئەگەر بەردێکی زۆر گەورەش بێتە ڕێی، ئاوەکە ئارام دەگرێت دڵۆپ دڵۆپ، کۆدەبێتەوە تا زیاد دەکات، ئەوکات بەسەر تاوێرەکانیشدا بازدەدات و تێدەپەرێت.
فەیلەسوفی گەورەی چینی (ژوانگژوو) دەڵێت :-

هیچ شتێک لەئاو نەرمتر نییە ، کەچی هیچ شتێک ناتوانێت ڕێگەی لێبگرێت، لەمەوە فێر دەبین کە هیچ شتێک ناتوانێت ڕێ لە نەرم و نیانی بگرێت ، لێدانی دڵۆپ دڵۆپ ئاوی بچوک توانای کونکردنی سەخترین و بەهیزترین تاوێری هەیە ، نەرم و نیانی چەند بچووک و لاوازیش بێت کاری خۆی هەر دەکات.

لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە ئاو ناوەستێ ، چونکە دەزانێ بوەستێ بۆگەن دەکات ، پاکێتی ئەو لە ڕەوان بوون و ڕۆشتنەکەیدایە ، لەهەموو ئەوانەش گرنگتر ئاو (خۆی ڕادەستتی ڕێگا دەکات) ناترسێ لە تێپەڕبوون و ڕۆیشتن ، چونکە دەزانێت لە هەر شوێنێک بیشکێننەوە یان بەربەستی لەبەردەم دروست بکەن ، سەرەنجام یان کارێکی گەورەیان پێیەتی یان دەیرێژنە دەریایەکی گەورەتر ، هەموو نەرم ڕەفتاری و نەرم گوفتارییەک بە دەریایەکی ئارامی گەورەترت دەگەیەنێت.

ئەوەی نەتوانێت دوێنێ تێپەرێنێت ئەمڕۆ و سبەینێشی لەدەست دەردەچێت.مرۆڤ کە خۆی ڕادەستی هێمنی ئەکات حەتمەن هەر بە هێمنی دەگات.

ئەڵێن مەلا نەسرەدین هەرکات ئەچووە ناو تەویلەی ئاژەڵەکانی زۆر بەگەرموگوڕی، سەلامی لەهەموو ئاژەڵەکانی دەکرد ، بەتایبەت لە گوێدرێژەکەی، دەستی ئەکردە ملی و لە تەندروستی و شوێنی خەوتن و خواردنەکەشی ئەپرسی ، خەڵکی بەردەوام لۆمەیان ئەکرد، پێیان ئەووت مەلا بۆخاتری خوا ئەوانە ئاژەڵ و چوارپێ و گوێدرێژ و بێعەقڵن ، لەو شتانە تێناگەن ، مەلا نەسرەدینیش ئەیووت ،برا ئێوە ڕاست ئەکەن ئەمانە ئاژەڵ و گوێدرێژ و بێعەقڵن ، بەڵام من خۆ مرۆڤم ، من پەیامی مرۆڤ بوونی خۆم بەهەموویان ئەگەیەنم، جا با ئەوان هەر تێنەگەن.

ئەوانەی لە کۆمێنت جنێوت پێئەدەن، جوتە ئەهاون, لەناو حیزبا، ڕاپۆرت ئەنووسن ،

لەناو خزماندا ئیرەیی ئەبەن ،

لە فەرمانگە وتی وتی ئەکەن و بەخراپە باست ئەکەن، لە دراوسێیەتیدا لوتت لێئەکەن ،

لە کاروکەسابەتدا چاڵت بۆ هەلەکەنن ،

تۆ پەیامی مرۆڤ بوون و (ئاو) بوونی خۆتیان پێبگەیەنە ، جا بائەوان هەر تێنەگەن و لەناو ڕقی پەنگخواردی خۆیاندا بتلێنەوە تا ڕق و توڕەیی و ڕەقێتی و ئیرەیی توشی سەد دەردی دەروونی و جەستەییان دەکات .

حەمدی دەڵێت :-
(دڵت پڕکە لە ئاوی زیندەگانی عیشق و دەم تەڕکە
سەقا خۆ تینووە دایم هەڵیگرت کووپەیی بۆشی)

ئەوەی لەئاوی تێپەڕین و بێ دەنگی و عیشق و هێمنی و مرۆڤ بوون دەمی تەڕنەکات ، وەک ئاو فرۆشێک وایە کە پیشەی ئاو فرۆشتنە و بەڵام بەهۆی نەمانی ئاوەوە بەردەوام تیونیەتی، ئەوەی تێنەپەڕێت بەردەوام جێدەمێنێت
نوقتە سەری دێڕ .....



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP