دواین هەواڵ

کوردستان‌

 30/04/2023

دانیشتنی دادگایی كردنی تۆمەتباری كوشتنی دوو مامۆستاكەی زانكۆی سەڵاحەدین دواخرا

هەرێم نیوز

دوای ئەوەی بڕیاربوو ئەمڕۆ یەكشەممە دانیشتنی دادگایی كردنی تۆمەتباری كوشتنی دوو مامۆستاكەی زانكۆی سەڵاحەدین ئەنجام بدرێت، لەسەر داوای پارێزەری تۆمەتبارەكە دانیشتنەكە دواخرا.

لەو بارەیەوە برزۆ سەعید پارێزەری هاوسەری هەردوو مامۆستاكەی زانكۆی سەڵاحەدین لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، دۆسیەكە بۆ 18ی ئایار دواخراوە و ئەوەش لەسەر داوای پارێزەری تۆمەتبار، چونكە پارێزەری هەردولا بۆیان هەیە داواكاری پێشكەش بكەن بۆ دواخستنی دانیشتنی دۆسیەكە.

رونیشیكردووەتەوە، تۆمەتبارەكە دانی بەتاوانەكەیدا ناوە، پەڕاو بۆ باوكیشی كراوەتەوە، بەڵام باوكی نكۆڵی دەكات و تاوەكو ئێستا دۆسیەكەی لە ئاسایشی هەولێرە و ئیحالە نەكراوە، پێشبینی دەكەن باوكی تۆمەتبار ئازاد بكرێت.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو خوێندكارێكی زانكۆی سۆران د.كاوان ئیسمایل راگری كۆلێژی یاسای زانكۆی سەڵاحەدینی لەناو حەرەمی زانكۆدا كوشت و دواتریش هەڵیكوتایە سەر ماڵی د.عیزەت حەمەخان مامۆستای كۆلێژی ئەندازیاری هەمان زانكۆ و كوشتی، ئەوەش بەهۆی دروستبوونی كێشە لە گواستنەوەی لە زانكۆی سۆرانەوە بۆ زانكۆی سەڵاحەدین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP