دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 29/04/2023

بۆچی مندڵان نینۆکیان دەخۆن ئاکۆمحمدامین:توێژه‌ری کۆمەڵایەتی

نینۆک خواردن یان نینۆک کرۆشتن بەربڵاوترین خووی و ڕەفتاری منداڵانە. لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن نزیکەی ٤۰٪ـی منداڵانی تەمەن ٤ بۆ ٦ ساڵان گرفتاری ئەم خووەن. ئەگەرچی خووی نینۆک کرۆشتن لەگەڵ گەورەبونی تەمەندا کەم دەکات، بەڵام ئەم ڕەفتارە لەتەمەنی هەرزەکاری و تەنانەت لەتەمەنی گەجێتیشدا دەبینرێت.

بەڵام بۆچی منداڵان نینۆکیان دەخۆن؟

هەندێکجار چاولێکەری و فێربون لەکەسانی دەوروبەر هۆکاری دروست بونی ئەم ڕەفتارەن لای منداڵ. بەڵام زۆرجار شڵەژان و دڵەڕاوکێی منداڵ و نەبونی ئارامی دەروونی و هەست نەکردن بەدڵنیایی لەپەیوەندی نێوان دایک و باوکیدا و شەرمنی و بوونی فشار و بێبەشبون لەپێداویستیە سۆزداریەکان، هۆکاری ئەم گرفتە ڕەفتارییەن. بۆیە لەم کاتەدا منداڵ بۆدەربازبون لەو فشارانە، بۆ دەربڕینی بێزاری و دڵتەنگیەکانی خۆی پەنا بۆنینۆک خواردن دەبات، چونکە منداڵ بەم ڕەفتارەی هەست بەئارامی و دڵنیایی دەکات، بەردەوام بوونی ئەم ڕەفتارەش زۆرجار دواکەوتن لەڕووی کۆمەڵایەتی و خوێندن و کەمی متمانە بەخۆبون بەدوای خۆیدا دەهێنێت، چونکە بەردەوامبوونی ئەم ڕەفتارە شێواوی و ناڕێکی لە ددانەکان و گرفتی قسەکردنی لێدەکەوێتەوە، ئەمەش لەژیانی منداڵدا گرفتی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ دروست دەکات. ئەمە سەرەڕای زیانە تەندروستیەکان کە بەهۆی نینۆک خواردنەوە دروست دەبن .

چۆن ڕێگا بەم گرفتەبگرین :

1.هەرگیز بەهۆی نینۆک خواردنەوە گاڵتە بە منداڵه‌کەت مەکە، سەرزەنشتی مەکە. یاخود شەڕی لەگەڵ مەکە. چونکە ئەمە هیچ شتێک چارەسەر ناکات، بەڵکو گرفتەکە زیاتر دەکات.

2. نینۆکی منداڵەکەت کورت بکەرەوە یاخود منداڵ فێربکە خۆی ئەم کارە ئەنجام بدات. کورتکردنەوەی نینۆکی منداڵ یارمەتیدەرێکی باش دەبێت لەتەککردنی ئەم خووە.

3.تەرکیزی منداڵەکەت پەرت بکە. هەوڵبدە لەکاتی نینۆک خواردندا تەرکیزی منداڵەکەت پەرت بکەیت. بۆنمونە منداڵ لەکاتی سەیرکردنی تەلەفیزیۆن و ڕۆشتن بۆ قوتابخانە و ڕۆژانی تاقیکردنەوە زیاتر پەنا بۆ نیۆک خواردن دەبات، لەم کاتانەدا هەوڵبدە منداڵەکەت هانبدەیت بۆ ئەنجامدانی کارێک کەمنداڵ دەستی تێدا بەکار بهێنێت بۆ نمونە کاری وێنەکێشان. یاخود هەوڵبدە گفتوگۆ لەگەڵ مناڵەکەت بکەیت. بۆئەوەی تەرکیزی منداڵەکەت لەسەر نینۆک خواردنەکەی پەرت بکەیت .

4.هەوڵبدە کاتی زیاتری بۆ تەرخان بکەیت بۆئەوەی بەتەنها نەبێت.

5.دابینکردنی کەشێکی ئارام و هێمن لە ژینگەی ماڵەوە تا منداڵ تیایدا هەست بە ئارامی بکات و لە کێشە و گرفتی دەروونی و ڕەفتاری بەدوربێت .

6. نابێت منداڵ بخرێتە ژێر چاودێری توندەوە، یاسا و ڕێسای ناپێویستی لەسەر جێبەجێ بکرێت.

7.لەکاتی دەرس خوێندندا پێشبینی زۆر نابەجێ لەمنداڵەکەتان چاوەڕوان مەکەن. باچاوەڕونیەکان بەپێی توانای منداڵەکە بێت.

8.منداڵەکەتان ئاگادار بکەنەوە لە ناشیرینی ئەم ڕەفتارە، بۆنمونە با بەراوردی پەنجەکانی هەردوو دەستی بکات و سەیری ناشیرینی نێۆکە خوراوەکانی بکات لەگەڵ نینۆکەکانی تری پەنجەیدا. (ئەکرێت ئەم بەراوردە لەنێون منداڵ و دایک و باوکیشدا بکرێت). یاخود ئاوێنەیەک بهێنن بامنداڵ لەکاتی نینۆک خواردندا سەیری خۆی بکات ناشیرینی ئەم ئەم ڕەفتارەی بۆ باس بکەن.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP