هەرێم نیوز
سەختە پاش جیابونەوە ئەزمونی خەم، نیگەرانی، توڕەیی و هەندێكجار سەرلێشێوان نەكەیت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانیت بەم ئەزمونە بگۆڕیت بۆ دەرفەتێك كە بتوانیت گەشە بكەیت و لەروی دەرونییەوە هەست بە باشتربون بكەیت.
1. قۆناغەكان ببڕە
لە سەرەتای جیابونەوە ئاسان نییە مێشكت بڕوا پێبهێنیت كە ئەم دۆخە ئاساییە، بۆیە هەستی توڕەیی و خەمباری لە سەرەتادا ئاساییە، پاش تێپەڕینی ماوەیەكی كەم، مێشكت هەوڵدەدات بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و دڵشكان وردە وردە چاكدەبێتەوە، دواتر قۆناغی قبوڵكردن دەستپێدەكات و دەگەیتە ئەو قۆناغەی بڕوا بهێنیت بەوەی كە ژیان بەردەوامە و لەدەستدان كۆتایی رێگەكە نییە، ئەمەش كاتی پێویستە و بە خۆتی بدە.
2. خۆت بناسە
لە پاش جیابونەوە، هەمو كەسێك دەگەڕێت بەدوای دۆزینەوەی هۆكاری جیابونەوە، پێیان وایە كێشە لە شێوەی جەستەیان، بیركردنەوەیان، یان قسەیەكیان هەیە كە رۆژێك لە رۆژان كردبێتیان و هۆكار بوبێت بۆ جیابونەوە، هەربۆیە بەردەوام پرسیار لە كەسانی دیكە دەكەن و چۆن دەبینرێن، ئەمەش وادەكات گومان لە ناسینی خۆیان بكەن، هەربۆیە بەدوای هۆكاری جیابونەوە مەگەڕێ و خۆت بناسە.
3. لۆمە مەكە
هیچ كاتێك جیابونەوە واتای ئەوە نییە كێشەیەك لە تۆدا بونی هەبێت، بەڵكو پەیوەندییەكەتان كێشەی تێدابو كە نەتاندەتوانی لەگەڵ یەكتر بگونجێن و هەردولاتان دەتوانن لەگەڵ كەسێكی تر لە جۆری خۆتان بگونجێن، هەربۆیە لۆمەی خۆت یان بەرامبەر مەكە، بۆئەوەی زوتر جیابونەوەكە قبوڵ بكەیت.
4. هەستەكان ئاسایین
هەوڵمەدە خۆت ناچار بكەیت دڵخۆشبیت كاتێك دڵتەنگییت، هەستی خەمباری و توڕەیی ئاسایین، بەڵام بەو مەرجەی كۆنترۆڵیان بكەیت و رێگە نەدەیت بڕیارت پێبدەن.
5. خەمەكانت بەش بكە
مرۆڤ پێویستی بەوە هەیە كەسێك هەبێت بێ سنور قسەكانی ناخی خۆی لابدركێنێت، هەربۆیە ئەو كەسە بدۆزەرەوە كە دەتوانیت قسەی بۆ بكەیت، ئیتر ئەندامانی خێزان، هاوڕێ یان راوێژكاری دەرونی بێت.
6. رۆتینی رۆژانەت بگۆڕە
لە كاتی پەیوەندی رۆتینێكی رۆژانەت هەیە كە بەردەوام قسەكردن بو لەگەڵ خۆشەویستەكەت، كاتێك ئەم رۆتینە نامێنێت، هەست بە بۆشایی دەكەیت، هەربۆیە هەوڵبدە رۆتینی رۆژانەت بگۆڕە و خۆت سەرقاڵ بكە ئەو شتانەی كە حەزت لێیانە و خولیاتە.