هەرێم نیوز
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، هیچ هێڵێکی سور له بەرەنگاربونەوەی گەندەڵیددا نیە و درێغی ناکەن لە بەردەوامبون لە بەرنامەکەیان، دەشڵێت، "بە هەمو هەوڵێکەوە کاردەکەین بۆ چاکسازیکردنێکی ریشەیی لە ئابوری و لابردنی هەر ئاڵەنگارییەک".
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە رێورەسمی 42 ساڵەی دامەزراندنی رێکخراوی بەدر لە وتارێکدا رایگەیاند، "هیچ هێڵێکی سور له بەرەنگاربونەوەی گەندەڵیددا نیە درێغی ناکەین لە بەردەوامبون لە بەرنامەکەمان، لەپێناو هەنگاونانێکی دەگمەندا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، پابەندبون بە مافی گەلی عێراق بۆ ژیانێکی شایستە".
ئاماژهی بهوهشكرد، حکومەت توانیویەتی، لە رێگەی ئەو ئامڕاز و میکانیزم و داراییەی کە لەبەردەستدایە، لە ماوەیەکی کورتدا جیاوازییەکی خزمەتگوزاری دروست بکات، ئەو پڕۆژانە بجوڵێنێت، کە ساڵانێکە وەستاون، رێوشوێنی رون بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، پتەوکردنی پەیوەندییەکانی دەرەوە بگرێتەبەر، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی عێراق و هاوبەشی و رێزگرتنی یەکتر.
لەسەر پرۆژە یاسای بودجەش محەمەد شیاع سودانی وتی، "ئەمڕۆ بە هەمو هەوڵێکەوە کاردەکەین بۆ چاکسازیکردنێکی ریشەیی لە ئابوری و لابردنی هەر ئاڵەنگارییەک، لەو پێناو ئەوەشدا پڕۆژەیاسای بودجەمان بۆ سێ ساڵ پێشکەش کردوە بە دیدێکی ئاییندەیی و زانستی و بەرنامە بۆ داڕێژراو، رێگایەکی رونە بۆ چاکسازیی و گەشەپێدان".