هەرێم نیوز
رۆژنامەی (الشر الاوسط) بڵاویكردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ سودانی سەردانی ئێران بكات، دەشڵێت، سەردانەكە بۆ گفتوگۆكردنە لەبارەی چارەنوسی گروپە چەكدارەكانی عێراق.
رۆژنامەی (الشر الاوسط) بڵاویكردەوە، تائێستا حكومەتی عێراق هیچ زانیاریەكی فەرمی بڵاونەكردووەتەوە لەبارەی سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئێران، لەكاتێكدا سەرچاوەكان ئاماژە بەوەدەكەن، بڕیارە ئەمڕۆ سودانی بچێتە تاران.
ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشتر ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆتایی ئەم هەفتەیە سەردانی ئێران دەكات، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێشخستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەبارەی پێشهاتەكانی ناوچەكە.
بە گوێرەی رۆژنامەکە، لەبارەی سەردانە چاوەڕوانكراوەكەو بەگوێرەی ئەو جموجۆڵانەی سودانی لەم ماوەیەی دواییدا ئەنجامیداوە بەتایبەت لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، سەردانێكی خێرا دەبێت و پەیوەست دەبێت بەو دەنگۆیانە لەنێوەندە فەرمییەكان باسدەكرێت سەبارەت بە هەڵوێستی كۆتایی لەبارەی چارەنوسی گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی ئێران.
ئەوەش لەكاتێكدایە، دەنگۆی گەیشتنی پەیامێكی راستەوخۆی ئەمریكاهەیە بۆ سودانی، كە پەیوەیستە بە داوای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كە وادەی دەستبەكاربونی لە كۆشكی سپی نزیكبووتەوە.
ئەوەش وایكردووە جموجۆڵێكی بەپەلە لەنێو سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەستپێبكات و جۆرێك لە ئاشتەوایی لەنێوانیان دروستبووە، بەتایبەت نێوانی سودانی لەگەڵ سەركردە دیارەكانی چوارچێوەیەو لەپێشیانەوە، نوری مالیكی و قەیس خەزعەلی.
بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لەبارەی نامەكەی ترەمپ بۆ سودانی دەزی كردووەو سەرچاوە فەرمییەكانی عێراق دەیشارنەوە، دیارترین خاڵەكانی، تایبەتە بە پێویستی هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەكدارەكانە پێش دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵیشدا"حەشدی شەعبی"، بۆ ئەوەی ئیسرائیل هیچ پاساوێكی بەدەستەوە نەمێنێت بۆ هێرشكردنە سەر عێراق، بەوپێیەی ئیسرائیل و ئەمریكا هیچ جیاوازییەك ناكەن لەنێوان حەشدو گروپە چەكدارەكاندا.