دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 08/03/2023

بۆ خانمان

كوردۆ شابان

تۆڕەكانی سۆشیاڵمیدیا، پەنجەرەیەكی گەورەن بۆ چوونەدەرەوەی خانمان لە ماڵی تاریكی خۆیاندا، ئەگەرچی هێشتا لەو ماڵەشدا گیر بووبن، بەڵام لەو پەنجەرەیەوە توانییان پێوەندیی جۆراوجۆر لەگەڵ جیهانی دەرەوە دروست بكەن و خۆیان دەربخەن، بەپێی ئەو ئاست و حەزانەی هەیانە. 

كێشەكە لێرەدا ئەوەیە، خانمان چییان دەوێت؟ تۆ كە ئازادیت لە تیكتۆكەكەتەوە سەما بكەیت، لە سناپچاتەكەتەوە بە فلتەرەوە دەم لەگەڵ گۆرانیی باوی ئەمڕۆ بجووڵێنیت، لە ئینستاگرامەكەتەوە جلی مۆدێلی نوێ تاقی بكەیتەوە، ئەمە هەموو ئەو ئازادییە بوو كە هاوارت بۆ دەكرد و دەتویست پێی بگەیت، یان دیسان كەوتوویتەتە داوەكەوە؟ 

دیدی ئایینیی توندڕۆ دەیەوێت، تۆ ژنێكی چێشتلێنەری سێكسكەری منداڵبەخێوكەر بیت بۆ پیاوێک و لە ماڵێكدا گیر بیت. ئەم دیدە نوێیەش دەیەوێت، ژنێكی سێكسكەری خۆنمایشكەری خۆجوانكەر بیت بۆ گشت پیاوان. لە هیچیاندا تۆ خۆت نیت، هەر ئەو شتەیت كە پیاو بۆی دیزاین كردوویت. لە یەكەمیاندا بۆ یەک پیاو و لەوی تردا بۆ گشت. ئایا ئازادی ئەوەندە بوو شوێن فلتەری نوێ بكەویت بۆ ئەوەی زیاتر پیاو بڵێت جوان و سەرنجڕاكێشیت؟

هەڵبەت ئێستە ئەو خانمەی كەوتووەتە ژێر ئەم شەپۆلەوە دەڵێت: خۆم ئەوەم دەوێت، پێی ڕازیم و چێژی لێ دەكەم، گرینگ ئەوەیە ڕێم لێ نەگیرێت! هاوڕێی ئازیز، تۆ بەبێ ئەوەی بەخۆت بزانیت، ناچاریت وا بكەیت، چونكە كەوتوویتەتە جیهانی ژمارەوە. سۆشیاڵمیدیا نەخۆشییەكی خستووەتە مێشكی هەموومانەوە، بە پیاو و ژنەوە، كێ ژمارەی لایک و ڤیوەكانی زۆرتر بێت، بایەخدارترە. جا لەبەر ئەوەی شتی بێكەڵک ڤیوی زۆترە، پووچێتی و بێناوكی، زۆتر بەرهەم دەهێنرێت.

ویستم ڕۆژی جیهانیی خانمان بقۆزمەوە، بۆ ئەوەی ئەم سەرنجەم بخەمە ڕوو كە دەبێت خانمان لەوە تێ بگەن، كەوتنە ناو شەپۆلەكەوە كە پیلانێكی تۆكمەی لە پشتەوەیە، ناتانكاتە مرۆڤی ئازاد. هێز ئازادتان دەكات. 

ئەدی هێز چییە؟ لە جیهانبینیی نوێدا، هێز، زانستە. كتێب بخوێننەوە و بڕوانامە بەدەست بهێنن. خۆ خۆتان باش ئەوە دەزانن، لە زۆربەی پۆلەكانی خوێندندا، لە سەرەتایییەوە تا زانكۆش، یەكەمەكان زیاتر خانمانن. كەواتە ئەگەر ئەو ڕێیە بگرنە بەر، نەوەک دەگەنە تەنیشت پیاوەوە، بەڵكوو پێشی دەكەون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP