دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 19/02/2023

لەنجە دزەیی: پارتی پێداگری دەکات کە دەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت

  محەمەد جەمال – هەولێر

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە دەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردن لەکاتی خۆی ئەنجام بدرێ و هیچ بیانووێکیش نەماوە بۆ دواخستنی.

لەنجە ئیبراهیم دزەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بە هەرێم نیوزی ڕاگەیاند، هەڵبژاردن مافێکی دیموکراسی شەرعی هاوڵاتییانە لەهەر شوێنێکی ئەم دونیایە، هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوە.

وتیشی، لەکاتی پێشووتردا پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێناو بەرژەوەندی و سەقامگیری گشتی و یەکڕیزی نێو هەموو لایەنەکانی کوردستان ڕەزامەندی دا کەوا بۆ ماوەی ساڵێک هەڵبژاردن دوا بخرێت، بەڵام ئێستا هیچ بیانووێک نەماوە تاوەکو هەڵبژاردن دوابخرێت، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئەمساڵ دەبێت هەڵبژاردن بکرێت.

دزەیی باس لەوەش دەکات کە پارتی دیموکراتی کوردستان کێشەی لە شێوازی هەڵبژاردن نیە چ بە شێوەی یەک بازنەیی یاخود فرەبازنەیی بێت.

 دەشڵێت:" دەبوو تاکو ئێستا پەرلەمانی کوردستان کۆببایەوە بۆئەوەی هەموواری یاسای هەڵبژاردن بکەین تاوەکو کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن کارا بکەینەوە."

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر لە ئێستا دا بڕیار لەبارەی هەڵبژاردن بدرێ، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بەلایەنی کەمەوە شەش مانگی پێویستە تاوەکو ئامادەکاری بکات بۆ هەڵبژاردن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP