دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 05/02/2023

حەوت رێگا بۆ خۆپاراستن لە کەسێکی نێگەتیڤ

ئا: ديدار

لەوانەیە هەندێک جار بکەوینە ژێر کاریگەری هاوڕێ و هاوپیشەیەکمانەوە. لەوانەیە لەگەڵ کەسێک کار بکەین کە بەردەوام سکاڵای لە وەزعی خۆی هەبێت. لەوانەشە یەکێک لە هاوڕێ خۆشەویستەکانمان بەردەوام بە خراپی لەسەر هاوڕێکانی قسە بکات و وا بکات بەهۆی ئەودرامایەی دەینوێنێت تۆش رقت لە هاوڕێکانت بێتەوە.

ئەم هاوڕێ نەرێنیانە ئەگەری هەیە توشی رەشبینیت بکەن و بە تەواوی بتخەنە ژێر کاریگەری خۆیان و هەموو ئامانج و هیواکانت بڕوخێنن. بۆ شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانە ئەم حەوت ستراتیجیەی خوارەوە  زۆر کاریگەرە:

١-سنووردانان: فشار مەخەرە سەر خۆت بۆ ئەوەی گوێ لە کەسێکی نێگەتیڤ بگریت چونکە وزە نەرێنییەکانیان کاریگەری لەسەر ژیان و شێوازی مامەڵەکردنت دەبێت. بۆیە  مەودایەک بخەرە نێوان خۆت و ئەو جۆرە کەسانەوە چونکە لەوانەیە تۆ نەتوانیت بیگۆڕێت بەڵام دەتوانیت نەهێڵیت  ئەو کاریگەری بکاتە سەر تۆ.

٢-دووربکەوەوە لەوانەی بەردەوام سکاڵا دەکەن: ئەوانەی بەردەوام سکاڵا لەبارەی هەموو شتێکەوە دەکەن هیچ کات نابنە کەسێکی کاریگەر ، چونکە ناتوانن رێگە چارە بۆ  کێشەکانتان بدۆزنەوە بەڵکو بەردەوام کێشەکان زەقتر دەکەنەوە. ئەگەر زانیت کەسێک لە خێزانەکەت یان هاوڕێکەت بەم شێوەیە بوو ئەوە دەتوانیت هاموشۆی کەم بکەیتەوە.

٣-خۆت رزگاربکە لە کارمەندی نێگەتیڤ: شێوازی مامەڵەکردن و جوڵانەوەی کارمەند کاریگەریەکی زۆر دەکاتە سەر ئەو کۆمپانیایەی کاری لێدەکەیت، ئەو کەسانەی بەردەوام سکاڵا لە کارەکانیان دەکەن کاریگەری نەرێنی دەکەنە سەر توانای کارمەندەکانی دیکەش، بۆیە پێویستە سەرەتا رووبەرووی ئەم کەسانە ببیتەوە و ئاگاداری بکەوە . ئەگەر خۆی چاک کرد ئەوە باشە ئەگەر نا ئەوە کاتی ئەوە هاتووە خۆتی لێ رزگار بکەیت بۆ ئەوەی کار نەکاتە سەر ناوبانگی کۆمپانیاکەشت.

٤-شەڕی خۆت هەڵبژێرە: ناچار نیت وەڵامی هەموو کۆمێنتێکی نەرێنی بدەیتەوە کە لەسەرت دەگوترێت، چونکە ئەگەر بێت و بەردەوام وەڵامی ئەم خەڵکە سلبیانە بدەیتەوە ئەوە تۆ لەبەرچاوی خەڵک وەک کەسێکی شەڕانی و زۆر بڵێ دەردەکەویت، بۆیە دەبێت خۆت دەستنیشانی بکەیت کە وەڵامی چی و کێ دەدەیتەوە.

٥تێگەیشتن لەو کەسانە کاری تۆ نییە: ئەو کەسانەی کە بەردەوام بە نەرێنی بیر دەکەنەوە هەندێک جار هەڵسوکەوتی بێ ئەقڵانە دەنوێنن، بۆیە ئەگەر بتەوێت دانیشیت و شیکردنەوە بۆ هەموو ئەو شتانە بکەیت ئەوان ئەنجامی دەدەن بۆ ئەوەی لێیان تێبگەیت ئەوە کارێکی هەڵە دەکەیت و تەنها کاتی خۆت بەفیڕۆ دەدەیت.

٦-سیستەمی پاڵپشتی فراوان بکە : گرووپێک لە ژمارەیەک هاوڕێی پۆزەتییڤ بونیات بنێ وهەوڵبدە بەردەوام کۆنتاکتتان هەبێت. هەرکات زانیت کە کەوتیتە ژێر کاریگەری هاوڕێ نێگەیڤەوە ئەوە داوای یارمەتی لە هاوڕێکانی گرووپەکەت بکە.

٧-کەسێکی ئەرێنی بە: باشبوونی تۆ زۆر گرنگترە لەوەی  بەهۆی قسە و کۆمێنتی کەسانی رەشبین بڕوخێیت و دیدت بەرامبەر خۆت بگۆڕدرێت.  هەوڵبدە هەموو شتەکان بە شێوەیەکی ئەرێنیانە بێنییە پێش چاوی خۆت و ئەوکاتە بە شێوەیەکی سرووشتی شتەکان خۆیان ئەرێنی دێنە بەردەمت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP