هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند، هەموو رێکارە هونەری، کارگێڕی و داراییەکانی گۆڕینی پاسپۆرتی عێراقی بۆ ئەلیکترۆنی تەواو بووە و تەنیا بڕیاری لەچاپدانی ماوە، ئەوەش ئەگەری زۆرە ساڵی نوێ واتە 2023 بکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ی 12ی 2022، سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، "ئەو نموونانەی بڵاوکراونەتەوە، هێشتا هیچیان فەرمی نین، بەڵام بە گشتی بڕیاری گۆڕینی پاسپۆرتی عێراق لە هەموو رووەکانەوە تەواو بووە و تەنیا ئەوەی ماوە بڕیاری لەچاپدانی بدرێت، ئەوەش ئەگەری زۆرە ساڵی نوێ واتە 2023 بکرێت."
ئاماژەی بەوەش کردووە، "پاسپۆرتە نوێیەکە پشت بە دیزانی ئەوروپی- ئەمریکی دەبەستێت، ئەلیکترۆنی دەبێت و کاغەزەکانی پێچەوانەی پاسپۆرتی ئێستا دەبێت کە نووسینەکانی بە حیبرە و لەکاتی تەڕبوون تێکدەچێت، بەڵام نوێیەکە تێکناچێت".
باسی لەوەش کردووە، "لەسەر لاپەڕەکانی ناوەوەی پاسپۆرتە نوێیەکە وێنە و هێمای پارێزگا و شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی تێدایە، لە هەرێمی کوردستان بە نموونە قەڵای هەولێر و منارە و پردی دەلال لە زاخۆ و مۆنۆمێنتی شەهیدان لە هەڵەبجە و هی دیکەشی تێدایە."
روونیشیکردەوە، "یەکێک لە دیارترین گۆڕانکارییە نوێیەکانی پاسپۆرتی نوێ ئەوەیە لەکاتی گەشتکردن یان هاتنەوە لە فڕۆکەخانەکاندا پێویست بەوە ناکات کەسەکە بچێتە لای ئەفسەری پاسپۆرت و پاسپۆرتەکەی نیشانبدات، بەڵکو لە رێگەی ئامێری پشکنینەوە هاووڵاتی خۆی کارەکە دەکات و ئەمەش رۆتین کەمدەکاتەوە".