هەرێم نیوز
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە مانگی ئەیلولدا بە بەهای نزیکەی نۆ ملیار دۆلار نەوت فرۆشراوە، نرخی تێكڕایی یەک بەرمیل نەوت بە ٨٩ دۆلار و ٥٦ سەنت فرۆشراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە،لە مانگی ئەیلولدا بڕی ٩٨ ملیۆن و ٧٦٥ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمهێنراوە و بە بەهای هەشت ملیار و ٨٤٥ ملیۆن دۆلار فرۆشراوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە مانگی ئەیلولدا بڕی ٩٦ ملیۆن و ٤٤٥ هەزار و ٤٢١ بەرمیل نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەرهەمهاتووە، زیاتر لە ٢ ملیۆن بەرمیل نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای کەرکوکەوە بە بەندەری جەیهاندا رەوانەی بازاڕە جیهانییەکان کراوە.
ئەوەش هاتووە، نرخی تێكڕایی یەک بەرمیل نەوت بە ٨٩ دۆلار و ٥٦ سەنت فرۆشراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، نەوت بەرهەمهێنراوی عێراق لە رێگەی ٣٦ کۆمپانیای جیهانی جیاوازەوە لە بەندەرەکانی بەسڕە و خول ئەلعەمییە و مۆنۆ بۆی لەسەر کەنداو و جەیهانی تورکیەوە هەناردە کراون.