هەرێم نیوز
سەرکردەیەکی هاوپەیمانی سەروەری رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی بەڵێنی داوە لەماوەی چوار مانگی سەرەتای دەستبەکاربونی حکومەتەکەی "دەستەی لێپرسینەوە و دادپەوەری" لەم خولەی پەرلەماندا هەڵبوەشێنرێتەوە.
ئەو سەکردەیەی هاوپەیمانی سەروەری سونەکان کە داوایکردوە ناوی نەهێنرێت بە ماڵپەڕی " شفق نيوز"ـی راگەیاندوە، هەردو هاوپەیمانی سەروەری و عەزمی سوننەکان داواکارییەکی هاوبەشیان پێشکەش بە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو کردوە و داوایانکردوە دەستەی لێپرسینەوە و دادپەوەری هەڵبوەشێنرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، "محەمەد شیاع سودانی بەڵێنی داوە لەماوەی چوار مانگی سەرەتای دەستبەکاربونی حکومەتەکەی دەستەکە هەڵبوەشێنێتەوە و ئەو دۆسیەیەش رادەستی لایەنی دادوەری بکات، بۆ ئەوەی بابەتی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری بۆ مەبەستی پاکتاوکردنی سیاسی بەکارنەهێنرێت."
دەستەی باڵای لێپرسینەوە و دادپەروەر لەماوەی رابردو بەهۆکاری بەعسیبونەوە رێگری لە سەدان کەس کرد کە خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکان کاندید بکەن، هەروەها بە هەزاران کەسیش بەهۆی هاوسۆزییان بۆ رژێمی بەعسی روخاو لەکارەکانیان دورخرانەوە.