دواین هەواڵ

عێراق‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

هادی عامری: پێویستە سنورێک بۆ دەستدرێژییەکانی تورکیا دابنرێت

هەرێم نیوز

هادی عامری، ئەمینداری گشتی رێكخراوی بەدر‌ ئیدانەی هێرشەكانی توركیا لەنێو خاكی عێراق دەكات و داواش لە حكومەتی عێراق دەكات بەپەلە رێكارەكان بگرێتەبەر بۆ دانانی سنورێك بۆ ئەو دەستدرێژییانە.

 هادی عامری لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، به‌ توندی ئیدانەی ئه‌و زنجیره‌ هێرشانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ حكومه‌تی توركیا له‌ دژی پیرۆزی خاك و ئاسمانی عێراق ئه‌نجامیان ده‌دات، كه‌ دوێنێ بە ئەنجامدانی چەند هێرشێك بۆ سەر ژمارەیەك ناوچە و گوند، ئەو هێرشانەی توركیا گەیشتونەتە لوتكە كە پێشێلكارییەكی رەتكراوەو بێ پاساوە بۆ سەر سەروەریی عێراق.

سەرکردە شیعییەکە داوا لە حکومەتی عێراق دەکات هەنگاوی بەپەلە بگرێتەبەر و سەرجەم رێ و شوێنەکان جێبەجێ بکات، لەناویاندا دانانی سنورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانە کە بوەتە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ و رۆژانە بۆ سەر گیان و ماڵی هاوڵاتیان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کامەران عوسمان ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی (سی پی تی) ڕایگەیاند: کاتژمێر 8:35 خولەکی ئێوارەی هەینی، سوپای تورکیا، بە هەلیکۆپتەر هێرشی بۆسەر گرێ بەهار و چیای مەتینا لە سنوری گوندەکانی (گوهەرزێ، بەلاڤا و بەرچێ) لە ناحیەی دێرەلووک، لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک ئەنجامدا.

وتیشی: ئەم سێ گوندە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی درێژکراوەی چنگی قوفڵی تورکیا دابوون کە لە 15ی حوزەیران بۆ یەکی ئاب ئەنجامدرا و سوپای تورکیا توانی چەند بارەگایەکی سەربازی نوێ لەو ناوچەیەدا دروست بکات.

بەوتەی کامەران عوسمان، هەر دوێنێ سوپای تورکیا، هێرشی ئاسمانی زنجیرەیی بۆ سەر بە شێک لە گوندەکانی سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، سەعات 10ی سەر لەبەیانی تا کاتژمێر دووی دوانیوەڕۆ، سوپای تورکیا 13 جار چیای مەتینا و گارا و گەلی رەشاڤای لە پارێزگای دهۆک، چیاکانی خواکوڕک و خنێرە لە پارێزگای هەولێر و ناوچەی مەنگوڕایەتی و بناری قەندیل لە پارێزگای سلێمانی بۆردوومان کرد، بۆردومانەکان بوونە مایەی ترس و دڵەڕاوکێی هاووڵاتییانی مەدەنی، بەڵام هیچ هاووڵاتییەک شەهید یان بریندارنەبوون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP