دواین هەواڵ

عێراق‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

عێراق سەربازانی سوپای سوریا دەگەڕێنێتەوە

هەرێم نیوز

دەسەڵاتدارانی بەغدا ڕایانگەیاند، دوای پاشەکشەی سوپای پێشووی سوریا، ژمارەی ئەو سەربازە سوورییانەی بە هەماهەنگی چوونەتە ناو خاکی عێراقەوە، دەگەڕێننەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی سەرچاوە ئەمنییەكانی عێراق بڵاویان كردۆتەوە، ئەمڕۆ 1950 ئەفسەر و سەربازی سوپای سووریا لە عێراقەوە گەڕێنراونەتەوە سووریا. تا ئێستا 130 سەربازی سووریا لەنێو كەمپی شارۆچكەی روتبە لە پارێزگای ئەنباڕ ماون و رادەست نەكراونەتەوە، هۆكاری نەگەڕانەوەی ئەو سەربازانەش تا ئێستا روون نییە.

ئەم ژمارەیە لە هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی پێشووی سوریا نزیکەی ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر دوای پێشڕەوی خێرای نەیارانی حکومەتی بەشار ئەسەد و هاتنە ناوەوەیان بۆ دیمەشق و ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە بەرەو عێراق هەڵهاتبوون.

لە دوو ڕۆژی ڕابردووەوە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە سۆشیال میدیا بڵاودەکرێتەوە کە تیایدا خۆپیشاندانی ئەو سەربازە سورییانە لە عێراق و داوای گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان دەردەکەوێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە دامەزراوە بەرپرسیارەکان دەست بە گەڕانەوەی سەربازانی سوریا بۆ وڵاتەکەیان دەکەن.

میری ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتنی پێویست لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی سوریا کراوە بۆ گواستنەوەی ئەو سەربازانە لە ڕێگەی دەروازەی سنووری ئەلقائیمەوە کە دەکەوێتە بەردەم دەروازەی ئەلبوکەمال لە سوریا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP