دواین هەواڵ

جیهان‌

 7 رۆژ پێش ئێستا

ئۆکرانیا؛ 30 سەربازی کوریای باکوور دەکوژرێن

هەرێم نیوز 

ئۆکرانیا ڕایگەیاند، هێزەکانیان لانیکەم 30 سەربازی کۆریای باکووریان لە ناوچەی کورسک کوشتووە و بریندار کردووە.

دەزگای هەواڵگریی ئۆکرانیا لەپلاتفۆڕمی تێلێگرام ڕایگەیاند، "ڕۆژانی 14 و 15ـی کانوونی یەکەم، سوپای کۆریای باکوور لە نزیک گوندەکانی پلیخۆڤۆ، ڤۆرۆگبا و مارتینۆڤکا لە ناوچەی کورسکی ڕووسیا زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و لانیکەم 30 سەربازیان کوژران و بریندار بوون."

ئاماژەی بەوەش کردووە، "شوێنی ئەو سەربازە کوژراوانە لەلایەن کۆریای باکورەوە بەسەربازی نوێ پڕ دەکرێنەوە". 

هەروەها بەرپرسانی ڕۆژئاوا مەزەندە دەکەن کۆریای باکوور لانیکەم 10 هەزار سەربازی ڕەوانەی مۆسکۆ کردبێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر، ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند "ڕووسیا یەکەمجارە لە ناوچەی کورسک، هێزەکانی کۆریای باکوور بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئۆکرانیا بەکار دەهێنێت."

زێلێنسکی وتیشی: "بەکارهێنانی سەربازانی کۆریای باکوور شتێکی نوێیە لە شەڕەکەدا، بۆیە داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات وەڵامیان هەبێت."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP