هەرێم نیوز
وەزیری کشتوکاڵی هەرێم لەگەڵ خاوەن پرۆژە و کارگەکانی وشککردنەوەی گەنمەشامی کۆبووەوە و رایگەیاند، سەنتەرەکانی توێژینەوە رادەسپێرن هاوکاری جوتیاران بکەن.
بەگوێرەی راگەیەنراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵ بڵاویکردووەتەوە، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی هەرێم لەگەڵ خاوەنی پڕۆژە و کارگەکانی ووشک کردنەوەی گەنمەشامی کۆبۆوە و باسی لە وەرگرتنەوە و ساغکردنەوەی بەرهەمی گەنمەشامی ئەمساڵ کرد لەگەڵ نرخی وەرگرتنەوەی بڕی بەرهەمهاتووی گەنمەشامی.
ئاماژە بەوەش دراوە، ڕێژەی بەرهەمهێنانی گەنمەشامی زیادیکردووە،کە پێشبینی نزیکەی نیو ملیۆن تۆن دەکرێت.
وەزیری کشتوکاڵ باسی لەوە کردووە، ئەرکی وەزارەتە پاڵپشتی لە ساغکردنەوەی بەرهەمە خۆماڵیەکان بکات و گرنگی بە بنەتۆی پێشکەوتووی گەنمەشامی بدات.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەنتەرەکانی توێژینەوە و رێنمایی کشتوکاڵی وەزارەت ڕادەسپێرن بە مەبەستی ڕاهێنان و رێنماییکردنی جوتیاران و ئاشناکردنیان بە کشتوکاڵی مۆدێرن، لەگەڵ بەدواداچوون بۆ کێشە و داواکارییەکانی خاوەن کارگەکانی وشککردنەوەی گەنمەشامی، بۆئەوەی هەماهەنگی زیاتر هەبێ لەنێوان وەزارەت و جوتیاران و خاوەنی کارگەکاندا.