دواین هەواڵ

کلتور‌

 15/09/2022

شیکارییەک بۆ فیلمی سینەمایی نامۆ

نوسینی : ئاوارە عومەر

فیلمی سینەمایی نامۆ لەدەرھێنانی - نادری سەعیوەر سیناریۆی - نادری سەعیوەر - جعفەر پەناھی

لەم کاتە و لەم ساتەدا سینەمایی کوردی پێویستی بەم جۆرە فیلمە سینەماییانە ھەیە کە خزمەت بە نەتەوەی کورد و کۆمەڵگایی کوردی دەکات ، فیلمی سینەمایی نامۆ کە باس لە تاکی کورد دەکات لەناو کۆمەڵگایەکی داپلۆسێنەری رووخاو لە ھەموو سێکتەرەکانی ژیاندا کە کورد وەک نەتەوەیەکی باش و پاڵەوان پیشان دەدات جیاواز لەو فیلمانەی تر کە کوردی وەک پاشکۆیەک لەخۆی پیشان دەدات دەسەلاتی کورد کەم دەکاتەوە ، نموونە وەک فیلمی دارگوێز کە پێشتر ھەموومان بینیمان کورد چۆن مامەڵەی لەگەل دەکرا دەتوانن خۆتان جیاوزێکە ببینن بۆیە دەتوانم بلێم فیلمی نامۆ خزمەت بە سینەمایی کوردی دەکات .

ناوەرۆکی فیلمی نامۆ ناوەرۆکێکی ئاڵۆز و پرلەمانایە کە تەواو رۆچۆتە ناو تاکی کوردەوە کۆمەلێک لە نەتەوە جیاوازەکان لەدەوری کارەکتەری کوردی بە کۆمەلێک تاوانەوە دەخولێنەوە ھەریەکێک لەو کارەکتەرانەی کە نمایشی نەتەوەکەی خۆیان دەکەن بە کورد و تورک تەنھا کوردە کە خزمەت و سوود بەو کۆمەڵگایە دەگەیەنێت تیادەژی و خاکی خۆی نیە ..

بەختیار کە کارەکتەری سەرەکی فیلمەکەیە کوردەو مامۆستایە لە یەکێک قوتابخانەکانی شارەکە خەلکی شاری مھابادە ھەوڵدەدات خوێندکارەکانی بەجوانترین شێوە پەروەردە بکات بەڵام لە کاتێک دا خوێندکارێک کە غەش دەکات نمرەی سفری دەداتێ خودی بەرێوەبەرەکەی ھەوڵ دەدات چاوپۆشی لە خوێندکارەکە بکات ، دەرھێنەرە لەم رێگەوە توانیوێتی لە یەکێک لە سێکتەرە باڵاکانی ووڵاتی ئێران بدات کە گەندەڵیەکی ترسناک لە پەروەردەی ئێراندا ھەیە سیستەمی خوێندن لەو ووڵاتە بە غەشکردن بەرێوە دەروات .

یەکێکیتر لەو کارانەی دەھێنەرە کاری لەسەر کردووە ئاسایشی کۆمەڵگایی ئێرانیە ئێمە لەسەرەتایی فیلمەکەوە بە شێوەی دەنگ ( off screen ) دەیبیستین فرۆکەی جەنگی ھەیە و چەندین جار ئەمە وەک مۆتیڤێک دووبارەیە لە دیمەنێکدا لە رێگەی رادیۆی ئۆتۆمبیلەکەوە دەبیستین ئێران یەکێکە لەو ووڵاتانەی لە ریزی ھێمنترتن ووڵاتانی جیھانە لە ھەمان کاتدا وانیە و بگرە دەسەلاتێکی داپلۆسێنەر و تۆتالیکاری باڵی بەسەر ئەو ووڵاتەدا کێشاوە ھەموو تاکێکی ئەو کۆمەڵگایە لە ژێر چاودێری پۆلیس و ئیتڵاعاتدایە ، یەکێکیتر لە سێکترەکان تەندروستیە کاتێک بەختیار باوکی بۆ چارەسەر دەبات بۆ دکتۆر ، دکتۆرەکە لەبری خزمەتی تەندروستی و چارەسەر کاری بازرگانی و گەندەڵی دەکات یاری بەگیانی نەخۆشەکانی ئەو کۆمەڵگایە دەکات .

باسێکی دیکە بونی ئەو ئۆتۆمبێلەیە کە چاودێری ماڵی بەختیار دەکات بۆ خودی بەختیار لەوێدا وەستاوە چونکە کوردە باوکی پێشتر زیندانی سیاسی بووە لەم رێگەوە ئێمە بەبێ ئەوەی بەدوای ئەو گومانانەدا برۆین بۆ کارەکتەر و نەتەوەکانی دیکە خۆیان دان بەتاوانی خۆیاندا دەنێن و کەشفی دەکەن چ کارێکیان کردوە تەنھا کوردە کە بێ تاوان و ھیچ گومانێکی خراپی لەسەر نیە .

ئەمە بۆ خۆی یەکێکە لە گێرانەوە جوانەکانی ناو چیرۆکەکە ، زیاتر کوردی وەک پاڵەوانێک نیشان دەدات و بە گەورەیی کوردی ھێشتۆتەوە. لەرووی بەکارھێنانی کامێرا تەواو لەگەڵ ناوەرۆکی چیرۆکەکە گونجاوە کاری کردوە جۆرێک میزانسینی لەرێگەی جوڵەی ئەکتەرەکانەوە دروست کردوە کامێرای وەک چاودێرێک لە دوورەوە جێگیر کردوە کە نزیک نابێتەوە لە رووداوەکان بەڵام لە ھەندێک کاتدا پێویستی بە جۆرێک فزولی ھەیە نزیک دەبێتەوە ئەویش خودی بینەرە دەباتە ناو چیرۆکەکەوە .

ئێمە ھیچ کاتێک زانیاری پێش ئەکتەری سەرەکی نازانین ھەمیشە لەرێگەی ئەکتەرەکانەوە زانیاری وەردەگرین بۆیە کامێرا وا دەکات ئێمە ھەموو زانیارییەک نەزانین بۆیە لەکۆتایشدا دەمانباتە ناو تەموومژێکی ناروونەوە ھەمووشتێک بە شاراوەیی جێدەھێلێت دەبێتە پرسیار گەلێک لای بینەر ، بەگشتی ریتمی کارەکە خاوە کەمترین برین ھەیە لە دیمەنەکاندا گواستنەوەی دیمەنەکان زیاتر لەرێگەی کارەکتەر و جولەی کامێراوە کاری لەسەر کراوە ،

یەکێک لەو دیمەنانەی کە سەرنجی راکێشام دیمەنی چاوپێکەوتنەکەی بەختیار بوو کە بەمەبستی دەمەزراندنی وەک مامۆستا ھاتنی بۆناو ئەو شارە تازەیە ، لێرەدا ئێمە جۆرێک لە رووناکیمان بینی کە لە پشتی کارەکتەرەکەوە کە رووناکیەکی بەھێز و چری زۆر جیاواز لە رووناکی تەواوی دیمەنەکانی تر، لێرەدا رووناکی وەک بەشێکی گرنگ دەردەکەوێت کە ئاماژە بۆ دەسەلات و گەورەیی لەوانی دیکە ئاماژەیە بۆ قورسایی و بالادەستی دەسەلات بەسەر کۆمەڵگادا بەلام لێرەدا دەھێنەر ئەو دەسەلاتەی بە لاوازی پیشان دەدات لە رێگەی دووکارەکتەر کەکاری بۆیەکردن دەکەن ھەمیشە قسەکانی پێ دەبچرێنن و گرنگی بە قسەکانی نادەن پاشان کە دەیەویت تاوان بخاتە ملی بەختیار تاکو درێژە بەو دۆسێیە بدات کە ھەیە ،

بەڵام بەھێزی بەختیار وادەکات کە توشی ھەڵچوون و کێشەی بکات ، بۆیە دەسەڵاتی ئێرانی ھەمیشە لەو کەسانە دەترسن کە نەوەی پیاوێکی سیاسین و ترسیان لە بوونیان ھەیە ، کاتێک وێنەکەی خومەینی دەبینین کە کۆمەلێک دۆسسیەی خۆلاویی لەبەردەمی دا ھەپەسێراوە دەزانین کە ئەو کۆمەلگایە لەژێر ھەرەشەی سیستەمێکی ئیسلامی و دەپلۆسێنەردایە چەندین دۆسیەی لێپرسینەوە وەک بەختیار ھەیەو خۆلیان لەسەر نیشتووە ، کاتێک کرێکارەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ژورەکە ھەندێک شوێنی پێویستی بە چاکردن ھەیە بەڵام ئەفسەرەکە پێداگیری دەکات کە بۆیاخ دەتوانێ جوانی بکات لێرەدا پیسی دیوارەکان و رەشی ئاماژەیەکە بۆ خراپی و پیسی دەسەلات و سیاسی ئێران کە دەیەوێت لەرێگەی دوو کارەکتەری بۆیاخچی ئەو پیسی و ناشرینیانەی ھەیان دایپۆشن و بیشارنەوە ،

لەکۆتایدا کورد ھیچ کەسێک پشتی ناگرێت تەنانەت ژنەکەی بەختیاریش کە فارسە بروا بەوە ناکات کە مێردەکەی بێتاوانەو پاکە بۆیە جێی دەھێلێت تاکە شوێنێک کە کورد پشتی پێ ببەستێت چیاکان و شوێن و جێگەی خۆیەتی بۆیە بەختیار ناھێلێت باوکی لەناو کۆمەلگایەکی واھادا گیان لەدەست بدات دەیگەرێنێتەوە شوێن و نەتەوەی خۆی .






Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP