دواین هەواڵ

کلتور‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

شەوە سپییەکان یاخود ڕۆژە ڕەشەکان..!

هێمن مەحموود

مرۆڤ کاتێک کتێبی یەکێک لە دامەزرێنەرانی دەوڵەتی ئیسرائیل دەخوێنێتەوە ئەوەی بۆ دەردەکەوێت خەونی دروستکردنی دەوڵەت چەندە کاریگەرە و چۆن هەر لەگەڵ لەدایکبوونی هەر جوویەکدا بەو خەیاڵ و خەونە پەروەردەکراوە کە دەبێت لە هەر کوێی دونیا بێت بگەڕێتەوە بۆ فەڵەستین، ئەو خاکەی کە جوو بە خاکی دێرینی خۆیانی دەزانن و بەلاشیانەوە زۆر ئاساییە ملیۆنان فەڵەستینی نیشتەجێی ئەو خاکە بکوژن یاخود ئاوارە بکەن.

کتێبی سەرکردەکانی بزووتنەوەی زایۆنی جیهانی جیاوازترە لە کتێبی نووسەرێکی ئاسایی، ئەوان نایشارنەوە چییانکردووە لە پێناوی بیروباوەڕەکەیاندا تەنانەت شانازیش بە قوربانیدانەوە دەکەن لە پێناویدا و پێیانخۆشە سەر مەشقی بیروباوەڕەکانیان بن، ئەوان دروستکردنی نیشتمانێک، دەوڵەتێک بۆ جوو ئامانجی یەکەم و کۆتاییان بووە.

(مێناحێم بێگن) یەکێکە لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی زایۆنی کە کار بۆ دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل دەکات و دواتریش دەبێتە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە.

بێگن کە ساڵانێک دواتر دوای ئازادبوونی لە زیندانەکانی ڕووسیا و گەیشتنی بە فەڵەستین، ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دادەمەزرێنێت و دەکەوێتە قەتڵوعامکردنی دانیشتووانە ڕەسەنەکەی فەڵەستین و لە یەکێک لە قەسابخانەکانیدا زیاتر لە 300 هاووڵاتی دەکوژێت، بە هەزاران کەس لە خاکی خۆیان دەردەکات و جووی تێدا نیشتەجێ دەکات.

ئەم دەوڵەتی ئیسرائیلەی ئێستا هەیە بەرهەمی بێگن و دەیانی وەکوو ئەوە، جا لە شتە سەیروسەمەرەکانی ڕۆژگار هەر ئەم بێگنە کە بکوژی سەدان کەسە دواجار لە ساڵی 1978 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێ دەدرێت.

کتێبی (شەوە سپییەکان)ی مێناحێم بێگن چیرۆکی ڕاستەقینەی ئەم سەرکردەی ئیسرائیلە کە پێش جەنگی جیهانی دووەم لە پۆڵەندا سەرۆکی ڕێکخراوێکی زایۆنی بووە و ئیشی بۆ ناردنی جووەکان بۆ فەڵەستین کردووە، دواتر لەلایەن ڕووسیاوە دەستگیردەکرێت و ڕەوانەی زیندانەکانی سیبیریا دەکرێت.

لەم کتێبەدا چۆنیەتی کارکردنی بۆ دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ جووەکان و خەباتکردن بۆ ئەو ئامانجە خراوەتە ڕوو، ئینجا شێوازەکانی لێکۆڵینەوەی دەزگای ئەمنی سۆڤیەت و سزادان و ئەشکەنجەدان، دۆخی زیندانەکان و سەختی و قورسی ژیانکردن لەو زیندانانەدا باسکراوە، دەیان چیرۆکی جیاواز جیاوازی زیندانی، دۆخی ژیانی سۆڤییەتییەکان بەگشتی.

ئەم کابرایە کە دواتر بەبڕیارێکی ستالین هەرچی پۆڵۆنییە لە زیندانەکانی ڕووسیا ئازاد دەکرێن و ئەمیشی بەردەکەوێت، لە خەونەکەی خۆی واز ناهێنێت و خۆی دەگەیەنێتە فەڵەستین و لەسەروبەندەکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیلدا لەوێ دەبێت.

بێگن لەم کتێبەدا ڕەخنەیەکی زۆر لە شێوازی ژیانی ڕووسییەکان و سۆڤییەتیەکان بەگشتی دەگرێت و سیستەمی سیاسی و ئیداری و ئابوورییان بەر ڕەخنە دەدات.

وەک ئەوەی ئەو قسەیە لە بێگندا بەدی هاتبێت سەرەڕای ئەوەی خودی خۆی دەیان جۆر ئەشکەنجە و سەختی دەبینێت لە زیندانەکانیت ڕووسیا و لەوێ قوربانییە، کەچی کە دەگاتە فەڵەستین دەبێتە جەللاد و بە ئاسانی ئەوەی لە ڕووسیا پێی کراوە زۆر خراپتر لەسەر فەڵەستینییەکاندا تاقیدەکاتەوە.

بە کورتییەکەی کتێبەکە چیرۆکی کەسێکە کە سیاسییە و خەونێکی سیاسی بۆ تایفەکەی خۆی هەیە، لەسەر ئەوەش زیندانی دەکرێت و سەختی زۆر دەبینێت بەدەستی جەللادەکان، کەچی هەر ئەم قوربانییە ساڵانێک دواتر کە دەبێتە جەللاد هەمان سزا و سەختی بەسەر ئەوانەدا دەهێنێت کە جیاوازن لە خۆی، بە جۆرێک ئەوێک کە شەوە سپییەکانی دیبوو، دواتر ڕۆژەکانی فەڵەستینییەکانی ڕەشترکرد.

ڕەنگە تاکە سوودێک ئێمەی کورد لەم کتێبانەی ببینین ئەوە بێت بزانین سەرە زلەکانی جوو چۆن دەوڵەتیان دروست کردووە و چۆن خەونەکانیان کردووەتە واقیع، نەک وەک ئەوانەی لای خۆمان لە دەوڵەتێکی ڕانەگەینراوەوە کە هەمانبوو هاتووینەتە سەر چاوەڕێکردنی دەستی وەزیرێک لەو بەغدایەی بە دەستی کورد دروست کرایەوە!.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP