دواین هەواڵ

عێراق‌

 27/08/2022

بەرهەم ساڵەح: پێویستە لایەنەکان بۆ چارەسەری راستەقینە گفتوگۆ بکەن

هەرێم نیوز

سەرۆک کۆماری عێراق رایدەگەیەنێت، خەڵکی عێراق لەگەڵ توندوتیژیدا نییە و پێویستە لایەنەکان بۆ چارەسەری راستەقینە گفتوگۆ بکەن و رێکبکەون. دەشڵیت: سازشکردن مانای دۆڕان نییە.

بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆنگرەی ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە بەغدا رایگەیاند: "کۆمەڵگەی ئێمە بە چرکەساتێکی هەستیاردا دەڕوات و بەربەستی گەورەی رووبەڕووبووەتەوە، بەهۆی ئەو ناسەقامگیرییەی هەیە و بە بنبەست گەیشتنی لایەنەکان بۆ لێکتێگەیشتن و پێکهێنانی حکومەت، لەسەر بنەمای یاسا و دەستوور، زیاتر لە 10 مانگ بەسەر هەڵبژاردن تێپەڕیووە و مایەی نیگەرانییە و قابیلی قبووڵکردن نییە، چونکە ئەمە بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم هاووڵاتی عێراقی و خزمەت بە هیچ لایەنێک ناکات، بەڵکو دژی بەرژەوەندییەکانی عێراقە، ئەم بابەتە پێویستە بە هەند وەربگیرێت".

دەشڵێت: "پێویستە ریزەکانمان رێکبخەینەوە و هەوڵبدەین دانوستان بەیەکەوە بکەین، هەرچەندە بیروباوەڕمان لە یەکتر جیابێت دەبێ گفتوگۆمان لەگەڵ یەکتر هەبێت، ئەگەر وانەکەین دەدۆڕێین، گەلی عێراق ئێمەی تاقیکردووەتەوە، هەروەها چەندین قەیرانی تاقیکردووەتەوە، بەڵام هەرگیز پێیانوانییە توندوتیژی چارەسەری کێشەکان دەکات، بەڵکو هەموو کەسێکی نیشتمانپەروەر پێیوایە دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور و لەژێر یەک عێراقی دەستووری و ئاشتی پێکەوە کاربکەن و خزمەتی پڕۆژە نیشتمانییەکان بکەن، بۆیە لێرەوە پێداگیری لەسەر چاکسازی و دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی دەکەینەوە بۆ کێشەکانی عێراق، بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی دیموکراتی راستەقینە دروست بکەین و زاڵبین بەسەر بەربەستەکان".

ئاماژەی بەوەشکرد: "پێویستە هەموو کەسە نیشتمانپەروەرەکان بێن بە تێڕوانینێکی نیشتمانیانەوە کاربکەن و ئومێد بۆ گەلی عێراق بگەڕێننەوە و گفتوگۆ بکەن، بۆ ئەوەی حکومەتێکی ئاشیخواز و خزمەتگوزار دروستبکەن".

ئەوەشى خستەڕو، "بەرپرسیاریەتی لەسەر شانی هەموومانە، پێویستە باش لە یەکتری تێبگەین و سازش بۆ یەکتر بکەین بۆ نیشتمان و پڕۆژەیەکی چاکسازی راستەقینە، بە ئاراستەی بەرژەوەندی گەلی عێراق، سازشکردن مانای دۆڕان نییە".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP