دواین هەواڵ

کوردستان‌

 23/07/2022

پارێزگارى هەولێر مژدەیەک دەداتە پیشەوەرانى شارەکە

هەرێم نیوز

پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، "ئه‌و زه‌وی و موڵكانه‌ی  پێشتر به‌پێی گرێبه‌ستێك به‌ پیشه‌وه‌ران دراون، جارێكی دیكه‌ ناخرێنه‌وه‌ زیادكردنی ئاشكرا، به‌ڵكو هه‌موو سێ ساڵ جارێك به‌پێی بارودۆخ و سه‌رده‌م، كرێی موڵكه‌كان له‌سه‌ر خاوه‌نه‌كانیان دیاری ده‌كرێت."   

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "دوای وه‌رگرتنی ڕای ئه‌نجومه‌نی شورای هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێم، له‌سه‌ر بڕگه‌ی سێیه‌می ماده‌ی 23ی یاسای ژماره‌ 1ی ساڵی 2021، سه‌باره‌ت به‌ فرۆشتن و به‌كرێدانی موڵك و ماڵی ده‌وڵه‌ت، هه‌مو ئه‌و پیشه‌وه‌رانه‌ی كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ژوری بازرگانی، یاخود شاره‌وانییه‌كانه‌وه‌ مۆڵه‌تی كاریان پێدراوه‌ و به‌بێ زیادكردنی ئاشكرا زه‌وییان له‌ حكومه‌ت وه‌رگرتوه‌ و كردویانه‌ به‌ كارگه‌، یاخود له‌ موڵكی ده‌وڵه‌تدا كرێنشینن و به‌رده‌وامن له‌سه‌ر پیشه‌ و كاری خۆیان، به‌پێی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی كه‌ یه‌كه‌مینجار له‌نێوان ئه‌وان و فه‌رمانگه‌ و داموده‌زگاكانی حكومه‌تدا كراوه‌، هیچ پیشه‌وه‌رێك یان خاوه‌ن كارگه‌یه‌ك جارێكی دیكه‌ ئه‌و موڵكه‌ی له‌ ده‌وڵه‌ت وه‌ریگرتوه‌ و كرێنشینه‌ تێیدا، یان ئه‌و زه‌وییه‌ی كه‌ پێی دراوه‌ و كردویه‌تی به‌ كارگه‌، ناخرێته‌وه‌ زیادكردنی ئاشكرا".

دەشڵێت: "ئه‌و زه‌وی و موڵكانه‌ سێ ساڵ جارێك له‌لایه‌ن لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌وه‌ كرێكه‌ی به‌پێی بارودۆخ و سه‌رده‌م ده‌خه‌مڵێندرێت و كرێی موڵكه‌كه‌ له‌سه‌ر خاوه‌ن پیشه‌كه‌ دیاریده‌كرێت".

ئەوەشى خستەڕو، "ئه‌و بڕیاره‌ به‌ مه‌به‌ستی هاندانی كاسبكاران و پیشه‌وه‌رانه‌، پێشتر چه‌ند ساڵ جارێك له‌و موڵكانه‌ی تێیدابون، ده‌بو مزایه‌ده‌یان بۆ بكرێت، هه‌ندێكجار پاره‌یان له‌سه‌ر زیاد ده‌بو، هه‌ندێكجاریش كاسبكاره‌كه‌ به‌هۆی مزایه‌ده‌وه‌ شوێنه‌كه‌ی خۆی له‌ده‌ستده‌دا، بۆیه‌ ئه‌وه‌مان نه‌هێشت".

ئاماژەى بەوەشکرد، "ئه‌و بڕیاره‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌، هانی خه‌ڵك بدرێت تاوه‌كو له‌ كار و كه‌سابه‌تی خۆی به‌رده‌وام بێت، ئه‌وه‌ی كراوه‌ ئاسانكارییه‌كی زۆره‌ بۆیان، ته‌نیا ئه‌وه‌ی ماوه‌ سێ ساڵ جارێك پێداچونه‌وه‌یه‌ك به‌ كرێیه‌كانیان ده‌كرێت و له‌گه‌ڵ بارودۆخ و سه‌رده‌مه‌كه‌ ده‌گونجێندرێت".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP