هەرێم نیوز
بەرپرسێکی پارتی لە سنووری خانەقین رایگەیاند، تەنیا لە ماوەی مانگێکدا 1700 خێزانی عەرەب گەڕاونەتەوە و داوای زەوی و باخ و موڵک و ماڵی کورد دەکەن.
جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی پارتی لە خانەقین، لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر شاڵاوێکی تەعریب دەستی پێکردووە لە ناوچەکانی خانەقین و مەندەلی و جەلەولا و سەعدیە.
وتیشی، تا ئێستا 45 گوندی ناوچەکە ھیچ ھاووڵاتیەکی کوردی تێدا نەماوە و تەنیا عەرەب تێیدا دەژیت، ئەوەی حەشد پێی نەکراوە لە سنووری خانەقین داعشیان ھێناوە بۆ ناوچەکانی کوردنشین، لە ئێستادا ناوچە کوردستانیەکانی خانەقین بە خراپترین ڕەوشدا تێدەپەڕن و کورد لەوێ زۆر زۆڵمی لێدەکرێت.
بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت:" لەوەتەی سەرۆککۆمار بەدەست کوردەوەیە ھیچ سەرۆککۆمارێک نەیتوانیوە بەرگری لە گرێبەستەکانی کورد بکات و گرێبەستەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس ھەڵوەشێنێتەوە، کە بە زۆر زەوی کورد داگیرکراوە، ئێمە کوردمان ھەیە شیعەنە کورد ھەیە کاکەییە ھەمووان دەرکراون و زەویەکانیان داگیرکراوە".
باسی لەوەشكرد، دادوەری دادگای خانەقین عەرەبە و ڕۆژانە بەلێشاو عەرەبی ھاوردە دەچنە بەردەم دادگا و کاریان بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی زەوی کورد داگیر بکەن.
جەعفەر شێخ مستەفا، رونیشیكردەوە، تەنیا لەماوەی یەک مانگدا ھەزار و 700 خێزانی عەرەب سەردانی دادگای خانەقینیان کردووە و ئاسانکاریان بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی موڵک و ماڵی کورد زەوت بکرێت، تەنانەت بەوەش نەوەستاون دوای دەوامی دادگا ڕۆژانە 3 ھەتا 4 ھاووڵاتی عەرەب بە عەگال و دشداشەوە دەکەونە نێو بازاڕی خانەقین وەک خۆێیشاندان خۆیان پێشانی خەڵکی دەدەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، عەرەبی شۆڤێنی بە داگیرکردنی موڵک و ماڵی ھاووڵاتیانی کورد ڕازینابن، داوای قەرەبووی کرێی12 ساڵی رابردووش لە ھاووڵاتیانی کورد دەکەن بە تۆمەتی ئەوەی دوای 203 کورد گەڕاوەتەوە بۆسەر شوێنەکانیان.