هەرێم نیوز
هەردوو شاندی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی ئەمڕۆ لە سلێمانی کۆبونەوە و قوباد تاڵەبانی سەرۆكی شاندنی دانوستاندنكاری یەكێتیش ڕایگەیاند، كۆبونەوەكە لەکەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچوو.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گردی دەباشان، لە شاری سلێمانی کۆ بوونەوە.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، کۆبوونەوەکە لە "کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوە چوو" و پێکەوە باسیان لە بابەتی قۆناغی پاش هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کورستان و ئەگەر و ئامادەکارییەکانی چۆنییەتی کارکردن بەشێوازێک کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بێت؛ کردووە.
هاوکات، هەردوو شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی ئامادەییان دەربڕی بۆ درێژەدان بە کۆبوونەوەکانی نێوانیان و هەموو حیزب و لایەنە کوردستانییەکانی دیکەش.
سەبارەت بە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستانیش کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە 2ی12ی2024 بەڕێوەبچێت، پارتی و یەكێتی هاوڕابوون لەبارەی گرنگیبوونی لێکتێگەیشتنی باش بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە.