یاداشتێک دەربارەی فیلمی ئەزموون
ئیدریس عەبدی
شەوکەت ئەمین دەرهێنەری فیلمی ئەزموون وەکوو فیلمسازێکی موەلیف بە دوای گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسییە.ئەزموون، وەکوو فیلمسازانی شەپۆلی نوێی فەرەنسی بوێرانە ڕەخنە دەگرێت، کۆمەڵناسانە شیکاری دەکات وەکوو شەپۆلی نوێی سینەمای ژاپۆن (نوبرو باگو)پرسیار هەڵگرە.شەوکەت ئەمین وەکوو ترۆفۆ چیرۆکێک تێکەڵ بە کۆمیدی، گۆمان، خۆشەویستی و خەم دەگێڕێتەوە.ئەزموون بەگژداچوونەوەی سیستەمی بەرهەمهێنانی فیلمە لە کوردستانی باشوور.سیستەمێک چ لە ڕوانگەی بەرهەمهێنان و چ لە ڕوانگەی ناوەڕۆک و فۆرمەوە کاریکاتێری سینەمای بێ بایەخ و تیجاری هۆڵیوودە.ئەو بەشە لە سینەمای هۆڵیوود کە تەنیا ئامانجی گەوجاندنی بەردەنگە لە نەتەوە بن دەستەکان.
ئەزموون پێمان دەڵێت کە تەنانەت لە کردەی گەندەڵی لە کوردستاندا ناعەدالەتی هەیە و هەموو کەس مافی ئەوەی نییە کە گەندەڵی بکات.ئەزموون پێمان دەڵێت کە مۆدێرنیتەیش ناتوانێت ئێمە لە داب و نەریتە کۆنەپەرەستانەکانی کۆمەڵگا ڕزگار بکات.ئەزموون ڕەخنە لە دیاردە گەلێک دەگرێت کە لە لایەکەوە دەرئەنجامی زاڵ بوونی نیو لیبراڵیزمە بە سەر هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا و لە لایەکی دیکەوە دەرئەنجامی داب و نەریتی دواکەوتووانەی کۆمەڵگایە.
لێرەدا بە پشت بەستن بە هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی سینەمای شەپۆلی نوێی فەرەنسی و ژاپۆن ئاماژەیەک بە چەند خاڵێک دەدەم:
1-تایبەتمەندی بەرهەمهێنان:
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شەپۆلی نوێی فەرەنسی لە بەرهەمهێنانە.بە ستافێکی کەم خەریکی بەرهەمهێنانی فیلم بوون و تەنانەت ستافی پشت کامێرا وەکوو ئەکتەر لە فیلمەکانیان ڕۆڵ دەگێڕن.هەندێک خزم و هاوڕێکانی خۆیان وەکوو ئەکتەر لە فیلمەکانیان بە کار هێناوە.بۆ نموونە لە فیلمی پاریس بۆ ئێمەیە "Paris nous appartient" ژاک ڕیوت کلۆد شابرۆڵ و ژان لۆک گۆدار وەکوو ئەکتەر بەشدار دەبن.یان دەتوانین ئاماژە بە ئانا کارینا بدەین کە لە دوای ئەوەی لەگەڵ ژان لۆک گۆدار ژیانی هاوبەشی پێک دەهێنێت لە فیلم گەلێک وەکوو "بژێوی ژیان" Vivre sa vie: Film en douze tableaux وەکوو ئەکتەر بەشداری دەکات.
لە فیلمی ئەزموون محەممەد ئاکتاش وەکوو یەکێک لە بەرهەمهێنەران، جەلال ساعێدپەنا وەکوو بەرنامەرێژ، ئێبراهیم سەعیدی ئیدیتۆر و شەوکەت ئەمین وەکوو دەرهێنەر و حەمە تارێق و وارمان سەعید (کەسانێک لەپشتی کامێرا کاریان کردووە)و... وەکوو ئەکتەریش لە فیلمەکەدا بەشداری دەکەن.
بەگشتی سادەیی لە قۆناخەکانی بەرهەمهێنان لە فیلمی ئەزموون بەرچاو دەکەوێت کە بە پێچەوانەی سیستەمی بەرهەمهێنانێکە کە بەداخەوە ماوەیەکە لە لایەن هەندێک لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان خەریکە بایەخ و گرنگی پێ دەدڕێت.
2. تایبەتمەندی ناوەڕۆکی:
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شەپۆلی نوێی سینەمای فەرەنسی گرنگیدان بە پەیوەندی سێکسییە.لەم فیلمانەدا ژنان بە ئازادی و بە بوێری باسی حەزە سێکسییەکانی خۆیان دەکەن و بە ئاشکرا دەری دەبڕن. لە فیلمی "جولز و جیم" ی ترۆفۆ کارەکتەری سەرەکی کە ژنێکە لە ڕوانگەی سێکسییەوە خۆی ئازاد دەبینێت و خۆی بە هیچ پیاوێکەوە نابەستێتەوە.
فیلمی ئەزموون فیلمێکی ژنانەیە، شەوکەت ئەمین لە بیرەوەرییەکانی سەر بەردیش لە گۆشە نیگایەکی دیکەوە و جیاوازتر لە فیلمسازی دیکەی کورد ژنی وێنا کردووە.فیلمی ئەزموون وەکوو فیلمەکانی شەپۆلی نوێ، گرنگی بە ژن داوە و چیرۆکی دوو کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە ڕۆژین و شیلان دەگێڕێتەوە، بەڵام بەو جیاوازیە کە لە ئەزمووندا، ژن بە دوای ئازادی سێکسییەوە نییە، ژن بە دوای بەدەستهێنانی مافی خۆیەتی و بەردەوام لەگەڵ کۆمەڵگای پیاو سالار دەکەوێتە کێشمەکێشەوە.ژن لە ئەزمووندا کارەکتەرێک ئۆبژە نییە و کارەکتەرێکی عەقڵیەت گەرای هەیە و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی چالاکانە هەوڵ ئەدات.
کارەکتەری ڕۆژین لە فیلمی ئەزمووندا، بە ئاشکرا باسی سووڕی مانگانە ئەکات کە ئەمە لە کۆمەڵگای کوردی بە جۆرێک بۆ ژنان تابۆیە و باسکردنی بێ حەیایی ژن دەگەیەنێت.ژنەکە بەڕێوەبەری قوتابخانەیە و هەندێک جار لە بەرامبەر سەرەڕۆیەکانی مامۆستا جەمال دەوەستێتەوە.شەوکەت ئەمین هەوڵ ئەدات کێشەی ژن بە خودی ژن چارەسەر بکات نەک وەکوو فیلمە پێشووەکان ئەوە پیاوە کە دەبێت بە ڕزگارکەری ژن لە کێشە و گرفتەکان.
ئەزموون دیدێکی ڕەخنەگرانەی هەیە بە سیستەمی پەروەردە و کۆمەڵگا و دەسەڵات.سیستەمێکی پەروەردە لە جیاتی ئەوەی کاری بارهێنان بێت، خوێندکاران دەڕووخێنێت و...سیستەمێک کە دەتوانێت چارەنووسی مامۆستا و خوێندکارێک بە لاڕێدا ببات.
سیستەمێکی پەروەردە کە بە گرنگی نەدانی بە مامۆستا و نەبوونی مووچەی شیاو و خزمەتگوزاری بە مامۆستا ناچار دەبێت کاری دیکە بکات و پارە وای کردووە کە مامۆستایەک لە بەردەستی خوێندکارێکی خۆی (موهەندیس) ناچار بێت کاری نایاسایی بکات و لە کۆتاییدا دەربکرێت.
ڕەخنە لە سیستەمی سەرمایەداری دەگرێت کە بە پارە هەموو کارێک لەم کۆمەڵگا ئەنجام دەدەن.منداڵی سەرمایەدار و بەرپرس بەربەستی نییە بۆ قۆپی کردن و منداڵی هەژار یان بێ دەسەڵات لە قۆپی کردنیشدا زوڵمی لێ دەچێت.وەکوو بڵێیت لەم کۆمەڵگا، گەندەڵی مافی هەر کەسێک نییە.ڕەخنە لە میکانیزمێک دەگرێت لە جیاتی ئەوەی گرنگی بە سیستەمی پەروەردە بدات، لە بیری کردنەوەی ڕێستۆرانتی تورکیدایە.
ڕەخنەگرتن لە سیستەمی کۆمەڵایەتی و دەسەڵات تایبەتمەندی فیلمەکانی شەپۆلی نوێیە.شەوکەت ئەمین ئەم کارەی لە ئەزمووندا کردووە.هاوکات کە ڕەخنە دەگڕێت پرسیار گەلێک دەهورۆژێنێت کە هەموومان وەڵامەکەی دەزانین.مێشکی بەردەنگ ئاوس دەکات بە پرسیار گەلێک کە بیر بکاتەوە.لەم ڕوانگەوە ئەزموون لێکچوویەکی هەیە لەگەڵ شەپۆلی نوێی سینەمای ژاپۆن، فیلمسازانێک وەکوو ناگیسا ئۆشیما، سوسومۆ هایی، هرۆشی تیشیگاها و... شەپۆلی نوێ سینەمای ژاپۆن هاوکات کە شیکاری دەکات و ڕەخنە دەگرێت،پرسیار هەڵگرە.
شەوکەت ئەمین بە خولقاندنی کێشمەکێش گەلێکی وێنەی و دەنگی، بەردەنگ هان ئەدات بۆ شۆڕشێک بە دژی کۆمەڵگای سەردەم و داب و نەریتە دواکەوتووانەی کۆمەڵگا.
3.تایبەتمەندی فۆرمی:
کامێرا لە فیلمەکانی شەپۆلی نوێی لەسەر دەست بە دوای کارەکتەرەکانەوەیە.لە واقیعدا بەردەنگ بە ئاشکرا هەست بە بوونی کامێرا دەکات.کامێرای شەپۆلی نوێی بێ جووڵە و پاسیڤ نییە.ئەم تایبەتمەندییە وا دەکات بەردەنگ زۆرتر و باشتر بڕواتە ناو چەقی ڕووداوەکان.کامێرا لێرەدا ڕۆڵی ئەکتیڤی لە گێرانەوە چیرۆک هەیە.لە فیلمی ئەزموون ئەم تایبەتمەندییە بە ئاشکرا دەبینین.هەندێک جار کامێرا لە پشتی کارەکتەرەکانە و دەڕوات.لە چەند دیمەنێکدا دەبینین کە کارەکتەرەکان لە قووڵایی خەریکی ئەکتینگ و دیالۆگ گوتنن بەڵام لە پێشی شۆتەکەدا ئەکتەرێک دەبینین کە بە بێدەنگی دانیشتووە.کامێرا لە فیلمی ئەزموون بەردەوام خاڵی سەرنجی بینەر بۆ لایەنە دراماتیکەکانی چیرۆک دەگۆڕێت.ئاندێرە بازن لە کتێبی سینەما چییە؟ ئاماژە بەوە ئەدات کە ئێمە لە دونیای واقیعیدا ڕووداوەکان یەکپارچە دەبینین.
چاوی خۆمان بەم لا و لادا دەگێرین و ئەمە یەکپارچەیی وێنە دەپارێزێت_ سینەماش دەبێت ئەمە بکات بە بنەمایەک و بۆ بە سادەیی گەیاندنی ماناکان پشت بە کەت و بە گشتی توخمەکانی ئیدیتنگ نەبەستێت.ئەم ڕوانگەی بازن لەگەڵ ڕوانگەکانی ئایزنشتاین دژایەتی هەیە.ئیدیتینگ لە فیلمی ئەزمووندا جێگای خۆی بە میزانسن و جووڵەی بەردەوامی کامێرا داوە.هەر بۆیە بەردەنگ لە ئەزمووندا لەگەڵ ڕووداوەکانی ناو فیلمەکە هەست بە واقیعیی بوون دەکات.ئاندێرە بازن پێی وایە ئیدیتنگ بەردەوامی کەشی و زەمانی واقیعییەتەکان چەواشە دەکات.هەر بۆیە شەوکەت ئەمین ئەگەر بیەوێت کارەکتەرێک لە گرتەیەکی کڵۆزئاپ ببینین کامێرا نابات پێشەوە بەڵکوو کارەکتەر لە کامێرا نزیک دەکاتەوە و هاوکات لە قووڵایی وێنە کارەکتەرێک دەبینین و بەم جۆرە کەت کردنی کەم کردووەتەوە.
لایتینگ لە فیلمەکانی شەپۆلی نوێی لە بەر نەبوونی بودجەی زۆر بە شێوەیەکی سرووشتییە.بە جۆرێک زۆر جار هەست ناکرێت کە لایتی تایبەت بۆ ئەم فیلمانە بەکار هاتووە.لە هەندێک لە دیمەنەکاندا لایتی سیلوئیت دەبینین بە شێوەیەک کە ڕوخساری کارەکتەرەکان نابینین.ئەزموون لەم دیمەنانە و لە ڕوانگەی جوانیناسییەوە پێمان دەڵێت کە لێرەدا ڕوخساری کارەکتەر گرنگ نییە و ئەوە دیالۆگ و دەنگە کە گرنگی هەیە.
تایبەتمەندییەکی دیکەی شەپۆلی نوێ بە کار هێنانی جەمپ کەتە.جەمپ کەت لە ڕوانگەی جوانیناسییەوە کێشمەکێشی زەینی یان عەینی کارەکتەر بە باشی دەردەخات. لە فیلمی ئەزموون هەر لە سەرەتای دەستپێکی فیلم چەند جەمپ کەتێک دەبینین کە باری دەروونی کارەکتەری شیلان بە یارمەتی ئەکتینگی باشی ئاڤان جەمال مان بۆ دەردەخات.لە لایەکی دیکەوە جەمپ کەتەکان لە فیلمی ئەزموون هۆکارێکە بۆ ئەوەی دیمەن یان ڕووداوی زیادە نەبینین و بەردەنگ ئەوەی بە سوودە و باری دراماتیکی زۆرترە ببینێت.
لە فیلمە کلاسیکەکاندا میوزیک بۆ جەخت کردنەوە و پڕ ڕەنگ کردنی هەست بەکار دەهات. بەڵام لە شەپۆلی نوێی سینەمای فەرەنسی میوزیک لە گێڕانەوەی چیرۆک ڕۆڵی هەیە.لە فیلمی "پاریس بۆ ئێمەیە"ژاک ڕیوت یەکێک لە کارەکتەرەکانی فیلمەکە کە ڕۆڵی دەرهێنەری شانۆیەک دەگێڕێت پێی وایە ئەرکی گێڕانەوەی بەشێک لە چیرۆکەکە کە ناتوانن جێبەجێی بکەین، بە میوزیک بسپێرێت.
لە فیلمی "بژێوی ژیانی" ژان لۆک گۆدار بە ئاشکرا کاریگەری میوزیک لە سەر چیرۆک دەبینین.لەم فیلمەدا بە لاسایی کردنەوەی فیلمە سەرەتاکانی مێژووی سینەما، لە دەستپێکی هەر ئیپیزۆدێک کورتەیەک لە ئیپیزۆدەکە بە نووسراوە دەبینین و لە سەر نووسراوەکە میوزیکێکی نایاب لە "میشیل لۆگران" دەبیستین بەڵام میوزیک لە هەندێک شوێندا لە پڕ دەبرێت. سۆزان سانتاگ پێی وایە ڕیتم ژیانی ئاسایی مرۆڤەکان وەستێنەر و دیسان دەست پێ دەکاتەوە و ئەم هۆکارێکە بۆ ئەوەی لەم فیلمەدا میوزیک لە پڕ دەبیستین و لە پڕ دەبڕێت. (بێ ئەوەی فەید ئین و فەید ئاوتی ببێت) بەڵام ڕاجێر ئەبڕیت پێی وایە میوزیک دەیەوێت ڕووداوەکە بگێڕێتەوە بەڵام توانایی نییە.
لە فیلمی ئەزمووندا بەردەنگ هیچ میوزیکێکی نادایجتیک نابیسیت.شەوکەت ئەمین یەکەم نایەوێت لە ڕێگای میوزیکەوە لە سەر هەستی بەردەنگ جەخت بکاتەوە و پڕ ڕەنگی بکات. لە لایەکی دیکەوە ئەزموون پێمان دەڵێت تەنانەت میوزیکیش ناتوانێت ئەم چیرۆکە بگێڕێتەوە هەر بۆیە دەنگ گەلێک لە دەرەوەی شۆتەکان و بە لە یەک دیمەندا بە میوزیکێکی دایجتیک (کاتێک کلیپێک لە تەلەڤزیۆنی ماڵی شیلان بڵاو دەبێتەوە) ئەم کارە دەکات.
یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی هەر بەرهەمێکی چیرۆکی و بەتایبەت سینەما، چۆنیەتی بە دەرئەنجام گەیاندنی چیرۆکی فیلمە.کۆتایی فیلم لە سینەمای مۆدێرن لەگەڵ سینەمای کلاسیک ئاڵوگۆڕی زۆری بەسەردا هاتووە. یەکێک لەو ڕێگانەیە کە فیلمساز بۆ ئەوەی بەردەنگ بیری زۆرتر بکاتەوە و بابەت یان بابەتەکانی ناو فیلمەکە زۆرتر شی بکاتەوە و زۆرتر سەرنجیان بداتێ، کەڵک وەرگرتنە لە کۆتایی کراوە.
بەشێکی زۆر لە فیلمەکانی شەپۆلی نوێی کۆتایەکی کراوەیان هەیە.وەکوو فیلمی چوارسەد زەربەی ترۆفۆ.
لە فیلمی ئەزموونیشدا ئێمە لەگەڵ کۆتایی کراوە و ناڕوون ڕووبەڕووین.کۆتاییەک کە وا دەکات بەردەنگ زۆرتر و قووڵتر بڕوانێتە ڕووداوەکانی چیرۆکی فیلمەکە.
ئەم کاتێک سەرنج ڕاکێش دەبێت کە پێکهاتەی گێڕانەوەی چیرۆکی فیلمی ئەزموون بازنەییە.ئەم بازنەیە بوونە هەم لە دێکۆپاژ دەبینرێت هەم لە گێڕانەوەی چیرۆک بەڵام بەو جیاوازییە لە دەستپێکی فیلم ڕۆژین لەلای ئاوەکە دەبینین و لە کۆتاییدا شیلانی خوشکی دەبینین.بە واتەیایەکی دیکە شێوازێکی تماتیک لە گێرانەوە و لە فۆرمدا دەبینین.
هەر چەندە خاڵی زۆرتر ماوە کە لەسەر فیلمی ئەزموون بیڵێین بەڵام لە کۆتاییدا پێویستە ئەوە بڵێم بە پێی هەموو ئەو خاڵانە بینینی فیلمی ئەزموون بۆ بەردەنگی کورد گرنگە و پێویستییە.