هەرێم نیوز
پرسی پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، لەنێو ماڵی شیعە لە
ئاڵۆزی سیاسییەوە بەرەو چەقبەستوویی و داخرانی دەرگا بەڕووی یەکتر دەڕوات. کوتلەی
سەدری و چوارچێوەی هەماهەنگی بە پێشنیاز وەڵامی یەکتری دەدەنەوە، ماوەی دەستووریش
بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆتایی دێت.
دوای
چەندین کۆبوونەوە و دانوستان، لایەنە عێراقییەکان بەتایبەتی شیعەکان نەیانتوانی
بگەنە هیچ ئەنجامێکی. بەگوێرەی دەستوور ئەمڕۆ 6-4-2022ئەو وادەیە کۆتایی دێت کە
بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیارکراوە، دوای ئەوە بۆشایی دەستووری دروست دەبێت.
بەپێی ماددەی 64 دەبێت
پەرلەمان بە دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
رۆژی 30-3-2022 بۆ
دووەمجار هەوڵی هاوپەیمانی نیشتیمان بۆ تەواوکردنی ڕێژەیی یاسایی پەرلەمان
شکستیهێنا، بەهۆی ئەوەی
153 پەرلەمانتار بایكۆتی دانیشتنەكەیانكرد زیاتر لە 200 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەکەبوون کەدەبوو
ڕێژەیی دوو لەسەر سێ
واتە 220 ئەندام بەشداری بکردایە ئەوکات دەتوانرا کۆبونەوە گرێبدرێت.
لەدوای ئەوەی نەتوانرا ڕێژەیی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار
دیاری بکرێت، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە
تویتێكدا رایگەیاند، نزیكەی 40 رۆژ دەرفەت بە لایەنەكانی "سێیەكی
پەكخەر" دەدات، كە چوارچێوەی هەهامەنگی زۆرینەی ئەو لایەنانە پێكدێنێت،
دانوستان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی بە
بێ كوتلەی سەدر.
دواتریش پارتى دیموکراتى کوردستان
و هاوپەیمانى سیادەى سوننەکان، هەڵوێستى خۆیان لەبارەى دەستپێشخەرییەکەى
موقتەدا سەدر، ڕاگەیاند و جەخت دەکەنەوە لە پاڵپشتى هاوپەیمانێتییە سێ قۆڵییەکەیان
لە گەڵ سەدر.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەبێ هاوپەیمانى سێ قۆڵى
حکومەتى نوێ لەدایک نابێت و ئەوان لەگەڵ رێککەوتنى ناو ماڵى شیعەدان بەجۆرێک کە
کاندیدى رەوتى سەدر بۆ پێکهێنانى حکومەت رابسپێردرێت.
هەرچی چوارچێوەی هەماهەنگییە کەوتونەتە خۆو
دەشزانن بەبێ هاوپەیمانی نیشتیما (سەدر و پارتی و سیادە) ناتوانن حکومەت پێکبهێنن
و دەیانەوێت فشاری زیاتر بخەنەسەر سەدر هەتا قبوڵی بکات چوارچێوەی هەماهەنگی
بەشداری حکومەت بێت، بەڵام موقتەدا سەدر بەئاشکرا وتویەتی ئەوکارە بەمانای کۆتایی هاتنی
عێراق دێت.
لەهەمانکاتدا چوارچیوەکە دەستپێشخەری نوێیان هەیە
بۆ پێکهێنانی حکومەتی سازان، لەوبارەیەوە عارف حەمامی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا دەڵێت:
شاندەکەی چوارچێوە بەم زووانە سەردانی هەولێر و سلێمانی دەکات، بەڵام هێشتا دیار
نییە کەی سەردانی رەوتی سەدر دەکات.
پێشتریش فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای
دادوەری عێراق راگەیەنراوێکی لەبارەی دۆخی عێراقەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە دۆخی ئێستادا عێراق سەرپێچی دەستوری دەکرێت و سەرۆک کۆماریش بەردەوامە لە
کارەکانیدا کە پێویست بوو دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ و یەکەم کۆبونەوەی
لەماوەی (30) رۆژدا سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێردێت.
سەرەڕای کۆتایهاتنی وادەی دەستوری بۆ هەڵبژاردنی
سەرۆککۆمار، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن پەرلەمان نایەوێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و جارێکی
تر هەڵبژاردن بکرێتەوە، چونکە دۆخەکە لەوە سەختترە هەروا بەسانایی هەڵبژاردنی تێدا
ئەنجام بدرێتەوە، بەڵام رەوتی سەدر پلانیان هەیە دوای ئەو 40 رۆژەی کەدراوەتە لایەنە سیاسیەکان
بۆ پێکهێنانی حکومەت بەبێ سەدر، بکەونە خۆیان و یەک یەک متمانە لەوەزیرە کار
بەڕێککەرەکانی ئەم کابینەیە بسێننەوە بەزۆرینەی دەنگ و خەڵکانی خۆیان بەوەکالەت
بخەنە وەزارەتەکانەوە بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی دەوڵەت.
هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کلیکی کردنەوەی دەرگاکەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لەدوای شەش مانگ لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق، هەرچەندە چاودێرانی سیاسی بەزەحمەتی دەبینن پێشبینی بۆ دۆخی عێراق بکرێت، تەنها ئەوەندە نەبێت، هەموو ئەگەرەکان بەکراوەیی دەبینن، بەشەڕی ناوخۆشەوە.