هەرێم نیوز
کوردێک نییە لەم سەرزەوییەدا بیر لەوە نەکاتەوە رۆژێک لە رۆژان نەتەوەکەى وەک باقى نەتەوەکانى تر ببێتە خاوەنى دەوڵەتێکی سەربەخۆ، بەڵام رێگر و لەمپەرەکانى هێندە زۆرن خەباتێکى زۆری دەوێت و بیری ورد و کارى بەردەوام و لێزانین و قوربانى گەلێکى دەوێت کە رەنگە هەروا ئاسان نەبێت، مێژوو نووسان لەو باوەڕەدان بە درێژایی مێژوو کورد خاوەنى چەندین حکومەت، میرنشین، دەسەڵاتى سەربەخۆی خۆی بووە، بەڵام بە هۆکاری جیاواز هەریەکەیان کۆتایی پێهاتووە، کە ئێمە لەم بۆنەیەدا ئاماژە تەنها بە سێ خاڵ دەکەین:
هۆکارە خودییەکان:
یەکێک لەو کێشانەى کە کورد هەمیشە پێوەى گرفتار بووە بوونى ناکۆکییە ناوخۆییەکان و خۆخۆریی بووە، ئەگەر یەکێک دیاریکرابێت بۆ براگەورەیی، یان سەرۆکایەتى، یان هەر بابەتێکى لەو شێوەیە لەولاوە چەندینى تر قوت بوونەتەوە، لەبری ئەوەى پشتیوانى بکەن، دژى وەستاونەتەوە، ئەوە جگە لەوەى بەشێک لەوانەى کە ویستوویانە ئەم کارە بکەن لە ماهیەتى خۆیاندا ئەو شانازییەیان پێنەبڕاوە و خاوەنى سیفەتەکانى سەرکردایەتی کردنى تێدا نەبووە.
هۆکارە هەرێمییەکان:
کوردستان یەک پارچە، یەک نەتەوە، یەک وەچەیە، بەڵام بە ئایین و شێوەزار و کلتووری جیاواز، لە داوى دروستبوونى دەوڵەتان و ئیمبراتۆریەتەکانى ناوچەکە کە کورد نەبوون، تورک، فارس و عەرەب و هەندێکجاریش نەتەوەکانى تریش بوون وەک مەغۆلەکان، هەریەکەیان کوردیان چەوساندووەتەوەو لە دژى دروستبوونى دەوڵەت و کیانێک بوون بۆ کورد، لەپاش جیابوونەوەى سنوورەکانیش لەپاش جەنگە جیهانییەکان هێندەى دیکە کورد پارچە پارچە کراو لەیەک دابڕێنرا، هەرچۆنێک بێت دەبێت بگوترێت یەکێک لە هۆکارەکان ئەو دەسەڵاتە هەرێمییانەن کە کوردیان بەسەردا دابەشکراوە رێگرن لە بونیاد نانى دەسەڵاتێکی کوردیی، تەنانەت ئەگەر لەسەر هیچ شتێک یەکگرتوو نەبن لەشانسی کورد لە بەرامبەر کورددا دەبنە براى یەکتریی.
هۆکارە نێودەوڵەتییەکان:
کورد بە درێژایی مێژوو کوشتەى دەستى زلهێزەکان بووە، لەو بارەیەوە چەندین رێککەوتتنامەى نێودەوڵەتى هەیە کە تا ئێستاش کاریان پێدەکرێت،جگە لەوەش هێزە نێودەوڵەتییەکان مامەڵە لەگەڵ واقیع و هێز دەکەن، کاتێک کێشەى گەلێکی بێ دەوڵەت دەچێتە بەرامبەر دەسەڵاتى دەوڵەتێکى زلهێزى داگیرکەرى کوردستان ئەوان دەوڵەتەکە هەڵدەبژیرن چوون ئەوان هێز و بەرژەوەندییان دەوێت نەک مافی نەتەوەیەکى وەکو کورد، هەر بۆیە ئەم هۆیەش هەرچەندە گۆڕانکارییەکى کەمی بەسەردا هاتووە، بەڵام هێشتا کاریگەرییەکانى هەر ماون.
کۆمارێک لە مەهاباد:
دواى ئەوەى لە 10ی كانوونی یەكەمى ساڵی 1945 کۆماری ئازەربایجان لە تەورێزلە لایەن ئازەرییەکانەوە بە پشتیوانى رووسەکان دامەزرا، قازی محەمەد و بەشێک لە هاوڕێکانى سەردانى ئەو ناوچەیەى کردووە و لەوێوە براونەتە روسیا و پشتیوانى روسەکانى وەرگرتووە لە رۆژی22ـى کانونى دووەمى ساڵی 1946 لەسەر بنەمای بیروباوەڕەکانى كۆمەڵەی ژێكاف و لەلایەن حیزبی دیموكراتی كوردستان و بە ڕێبەریی پێشەوا قازی محەمەد لە شاری مەهاباد کۆمارى کوردستان دامەزراو لە ماوەى کەمتر لە ساڵێکدا بەهۆی پیلانى ناوخۆیی و دەرەکی کۆتایی پێهاتوە .
سوێندخواردنى سەرۆک و بەرپرسەکان:
لە رۆژى 22 کانووونی دووەمى ساڵی 1946 پێشەوا قازی محەمەد وەك سەرۆك كۆمارى کوردستان سوێندی یاسایی خوارد، شارى مەهاباد بووە بەپایتەختى ئەو کۆمارە، هەرچەندە سنورى ئەم کۆمارە تەنها 30% ى روبەرى ناوچە کوردییەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستانى گرتبوویەوە و نەتوانرابوو تەواوى رۆژهەڵاتى کوردستان کۆنترۆڵ بکات ئەویش لەبەر هەندێک هۆکارى ناوخۆیی و دەرەکی و بەتایبەتى رۆڵی سەرۆک خێڵەکانی کوردستان و سیاسەتى ڕژێمى شاهەنشاهی لە ئێران.، بەڵام کۆمەڵە کارێکى تێدا ئەنجامدرا کەپێشتر بوونى نەبووە.
بەشدارییکردنى کوردانى پارچەکانى دیکە:
لە بونیادى کۆمارەکەدا گەلێک لە کوردانى پارچەکانى دیکە بەشدارییان تێدا کردووە لەوانەش مستەفا بارزانى، کە لەکاتى سوێندخواردنى قازیدا لەوێنەکاندا بەئاشکرا دیارە، کاتێکیش دادگایی کراوە یەکێک لەو تاوانانەى خراوەتە پاڵی بوونى کوردانى دەرەوە دەسەڵاتى ئێران بووە، ئەوەش دەرخەری ئەو راستییە بووە کە لە بنەڕەتدا کۆمارەکە خوازیاری ئەوەبووە کە دەنگ و رەنگی سەرجەم کوردەکان بێت لە هەرکوێیەک هەن.
کشانەوە سۆڤیەت و لەدەستدانى پشتیوانى نێودەوڵەتى:
دواى کشانەوەى یەکێتیی سۆڤییەت لە باکوری ئێران، ئێران بوو بە ناوچەیەک کەهەژمونى بەریتانیا وئەمریکا تیایدا بەهێزتر بوو، هەروەها پاکتاوکردنى هەرەیەک لە کۆمارەکانى ئازەربایجان و مەهاباد یەکێک بوو لە ئەنجامەکانى ئەو گۆڕانکارییانە، پاش ئەوەى کە قەوامولسەڵتەنەى ئێران دڵنیابوو لە هەڵوێستى هەریەک لە بەریتانیا وئەمەریکا کە پشتگیرى ئێران دەکەن و یەکێتیی سۆڤییەت هێزەکانى دەکشێنیتەوە، لەسەرەتاکانى کانونى یەکەمى ساڵى 1946 هێرشی کردە سەر ئازەربایجان وبەچەند ڕۆژێک دواتر هێرشی کردە سەر کۆمارى مەهاباد وبەوەش ئەو کۆمارە ساوایە هەرەسی هێنا .
بونیادى حکومەتەکەى مەهاباد:
کۆمارى مەهاباد لە 13 وەزارەت و سەرۆکوەزیرانێک و سەرۆک کۆمار و بەرپرسی پەوەندییەکان پێکهاتبوو، لەوێ هەموو شت لە سەر بنەماى راوێژو دەستەجەمعى بەڕێوەچووە، حاجی بابەشێخ کە یەکێک بووە لە زانا ئاینى و کەسایەتییە کۆمەڵایەتیەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان کراوەتە سەرۆکوەزیران و وەزارەتەکانى دیکەش بەگوێرەى شارەزایی و توانایان دابەشکراون. هەرچەندە ماوەی دەسەڵاتى کۆمارەکە زۆر کوت بوو بەڵام توانرا چەندین کارى گرنگ ئەنجام بدرێت بەتایبەتى لەبوارى فەرهەنگ و رۆشنبیریی و بنەماکانى دەوڵەت و لە هەمان کاتیشدا ڕووی ڕاستەقینەى دۆست و دوژمنەکانى کوردی دەرخست
کۆتایی کۆمار:
پاش ئەوەى لە مانگی 12ـى ساڵی 1946 هێرشکرایە سەر تەورێز و مەهاباد و گەمارۆی ناوچەکە درا، ژمارەیەکى زۆر لە بەرپرسان لە شارەکە هەڵاتن و دوور کەوتنەوە و ئاوارەیی وڵاتان بوون، بەڵام بنەماڵەى قازییەکان رازیی نەبوون خەڵک و ناوچەکەیان جێبهێڵن، کاتێکیش بە قازییان گوت بڕوات بەرەو لایەک گوتى گۆڕی حەوت پشتم لەو گۆڕستانى مەهابادەدایە، من چۆن جێیان دەهێڵم، ئەوە لەکاتێکدا سوور دەیزانى لەسێدارەى دەدەن، کاتێکیش ئەوەیان پێگوت: ئەو گوتى ئەگەر من بکوژرێم واز لە خەڵکى مەهاباد دێنن، بەڵام ئەگەر من رابکەم داخی دڵی خۆیان بە خەڵک دەڕژن، منیش ئامادە نیم باجی من خەڵک بیدات.
لە سێدارەدانى قازییەکان:
دواى ئەوەى سوپاى بێشومارى ئێران قازی و چەند کەسێکى دیکەیان دەستگیر کرد و لە دادگاییەکى سەربازییەدا چەندین تاوانیان روبەڕوو کردنەوە و ئەوانیش بەرگرییان لە خۆیان کرد، بەڵام نەک هەر گوێیان لێ نەگیرا، بەڵکو تا دەهات لەبەرامبەر نەترسی و جەربەزەیی ئەواندا رق ئەستوور تر دەبوون ، هەر بۆیە لە ڕۆژى 30ى ئازارى1947 پێشەوا قازى محەمەد سهرۆک کۆمارى کوردستان لهگهڵ له حهمهحسێن خانى سهیف قازی ئامۆزای و ئهبولقاسم سهدرى قازى براى له مەیدانى چوارچراى شارى مههاباد له سێداره دران، لەو کاتەوە تا ئێستا و هەمیشە یادی ئەو کۆمارە بە شانازییەوە دەکرێتەوە و لە مەیدانەکەشدا وێنەى سێ شێر کە هەر یەکەیان رووى لە لایەکە دانراوە.