دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

چۆن بەغداد خۆی لە ئاگری شەڕ پاراست

هەرێم نیوز

هەڵدانەوەى چەند کۆلکە پرسیارێک

دواى تێپەڕبوونى چەند کاتژمێرێک بەسەر ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و حەماس دا تا رادەیەکی زۆر ئاگری جەنگەکە لە عێراق دوور کەوتووەتەوە، بەڵام هێشتا ترس لە پریشکەکەى بەردەوامە و نەگەشتووەتە کەنارەکانى ئارامی.

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەى عێراق لە چاوپێکەوتنێکى رۆژنامەوانییدا لەگەڵ رژنامەى شەرقلئەوسەت راگەیاند: جیهان بە شێوەی جۆراوجۆر چاوى لەسەر عێراقە، بەڵام کێشەى راستەقینەى عێراق لەم قۆناغەدا گروپە چەکدارەکانە و ئەو کێشەیەش بەکەس چارەسەر ناکرێت بە عێراق خۆی نەبێت، خۆ ئەگەر عێراق بگەڕێتەوە سەریان ئەوا نە عێراق و نەئێرانیش ناتوانن بەرگرییان لێبکەن، لەبارەى ئاگربەستەکەى غەزەشەوە فوئاد حسێن رایگەیاند هەرچەندە خوێنى زۆرى تێدا رژارو ئاگربەستەکەش دواکەوت، بەڵام هێشتا بێئومێد نین لە چارەسەرى ئاشتییانە، راشیگەیاند هەر لەسەرەتاى جەنگەکەوە ئێمە پێشبینیمان کرد کە جەنگ جەنگى تری لێبەرهەم دێت و هەرواش دەرچوو.

سەبارەت بە کارەکانى بەریتانیا لە عێراق و وەبەرهێنانیان بە بری زیاتر لە 12 ملیار پاوەن، کە پێشینەى نەبووە لە پەیوەندییەکانى نێوان ئەو دووڵاتەدا ، وەزیری دەرەوە بە رۆژنامەکەى گوتووە بۆ ئەو مێژووە دوور و درێژە دەگەڕێتەوە کە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەیە.

باسى لەوەشکردووە لە گەڵ ئەڵمانیا و بەریتانیاش دا لە بوارى ئەمنیدا هەنگاوى زۆریان بریوە.

ئاماژەى بەوەشکردووە لە عێراق دا بەریتانیا بە دوو جۆر بوونیان هەیە، یەکێکیان لە نێو هاوپەیمانى نێودەوڵەتیدا لە دژى داعش و بەشێکیى تریشیان وەک ئەندامى ناتۆ لە عێراقدا هەن.

فوئاد حسێن رایگەیاندووە ئامانجی ئەوان بەهێزکردنى عێراقە لە نێو کایەى سیاسی و دبلۆماسی وڵاتاندا، بەتایبەتى لەگەڵ ئەمریکا.

سەبارەت بە هاتنەوە سەرکاری دۆناڵد ترەمپیش فوئاد حسێن رایگەیاند، من پێشنیازى ئەوە دەکەم بۆ دۆناڵد ترەمپ کە دۆخی جوگرافی و مێژوویی نێوان عێراق و ئێران تێبگات، سیاسەتى ئەمریکا بە هەردوو دیوەکەدا بەرامبەر ئێران کاریگەریی لەسەر ناوچەکە دەبێت بەتایبەتى کاریگەرییەکان لەسەر عێراق زۆر دەبێت، لەبەر ئەوەى عێراق سنوورێکى بەرفراونى بە ئێرانەوە هەیە ، پەیوەندییەکى بەهێزی جوگرافى و مێژوویی و کلتوری و ئاینى و ئابورى و رۆشنبیریی لەنێونیاندا هەیە، جگە لەوەش ئێران یەکێک بووە لەو وڵاتانەى لە جەنگی دژ بە تیرۆری داعش دا خزمەتى ستراتیژیەتى ئەمریکاى کردووە.

فوئاد حسێن رونیشی کردەوە لە ئێستادا لایەنە عێراقییەکان گەشتوونەتە ئەو ئاستەى دەڵێن با  لەسەر کشانەوەى ئەمریکا گفتوگۆ بکەین کە پێشتر ئەمە لە ئارادا نەبووە کە ئەوەش هەنگاوێکى ئەرێنی زۆرباشە.

سەبارەت بە دۆخى عێراق لە ئەگەرى تێوەگلانى لە جەنگی ئیسرائیل رایگەیاند هەڵمەتێکى زۆر باشی میدیایی کرا بۆ ئەوەى بزانرێت دۆخەکە چەندە لە مەترسیدایە، لایەنەکانیش چوونە ژێر باری کاریگەریی و تارادەیەکى زۆر پابەند بوون قوناعەتیان بەوە کرد لەم قۆناغەدا نابێت هەنگاوی هەڵە بنرێت، لەسەرەتاوە هەندێک جموجوڵ هەبوون بەڵام دواتر ئەوانیش لە هەستیاری دۆخەکە گەیشتن.

سەبارەت بە کێشەى حەشدى شەعبی و داخوازییەکانى ئەمریکا و لایەنەکانى تر کە خوازیاری هەڵوەشانەوەین، وەزیری دەرەوە رایگەیاندووە چەند سیناریۆیەک هەیە ، یەکێک لەوانە ئەوەیە حەشد بە تەواوەتى لەنێو سوپادا بتوێنرێتەوەو بە گوێرەى یاسا ببێتە بەشێک لە سوپاى فەرمی، لایەنە شیعیەکانى تر چەکەکانیان رادەستى حەشد بکەن و تەنها کارى سیاسی بکەن، هەرچۆنێک بێت ئەوەش کاروبارى ناوخۆییەو نابێت ببێتە هۆکارێک بۆ هەلگیرسانى جەنگێکى تری ناوخۆیی.

سەبارەت بە روخانی بەشار ئەسەدیش کۆمەڵە هۆکارێکى باسکردوەلەوانەش داتەپینى رژێم و هێزی بەرگریی و سەربازیی، سەرەڕۆیی و چەوساندنەوەى زیاد لە سنووری گەلى سوریا، ئەو ستەمانەى دەیکرد لەگەڵ دابڕانی لە جیهان.
لەبارەى دۆخی کوردەکانەوە لە رۆژاواى کوردستان وەزیری دەرەوەى عێراق رایگەیاندووە دەبێت گفتوگۆی کورد کورد لەنێوخۆی سوریادا هەبێت تا بزانن چ بریارێکى دەستەجەمعی دەدەن و لەگەڵ هەرێمى کوردستانیش راوێژبکەن،بۆ ئەوە داهاتووى کوردانى ئەو پارچەیە روون بێت..



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP